پاش ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه به‌سوودوه‌رگرتن له لێبووردنێكی گشتیی ڕژێمی بەعس، بۆ ماوه‌ی مانگێك له 6/9/1988 تاكو 6/10/1988 له ئێرانه‌وه گه‌ڕانه‌وه عێراق، له مانگی یازده‌ی 1988 وه‌ك جۆره نه‌فیكردنێك راگوێزرانه چه‌ند ئۆردوگایه‌كی زۆره‌ملێ له چه‌ند ئۆردوگایه‌كی نیمچه زیندانی ناوچه‌ی زراره‌تیی ده‌شتی هه‌ولێر، كه له ڕاستیدا ئۆردوگایش نه‌بوون وه‌ك ئۆردوگا زۆره‌ملێكانی تر كه لانیكه‌م زه‌وی و كه‌ره‌سته‌ی خانووكردنیان تێدا به خه‌ڵك ده‌درا، به‌ڵكو ده‌شتێكی رووته‌نی كاكی به‌كاكی بوو به‌بێ پێدانی ته‌نانه‌ت چادرێكیش، دیارترینیان ئۆردوگای گرده‌چاڵ و به‌روشتر بوون.
واز لە باسی وردەكاریی نه‌هامه‌تییه‌كان دێنم كە له ماوه‌ی نزیكه‌ی دوو ساڵدا بەسەرماندا هات، لە كاتێكدا چه‌ند مانگێك بوو كیمیاباران كرابووین، ئاواره و بێ ماڵ و بێ كار له ئێران گه‌ڕابووینه‌وه و چاوه‌ڕێی قه‌ره‌بوو بووین، كه‌چی له سه‌ره‌تای وه‌رزی سه‌رما و سۆڵه‌دا له ده‌شتێكی چۆڵی پڕ له دڕكوداڵدا هه‌ڵیان ڕشتین، به‌بێ دابینكردنی هیچ پێداویستییه‌كی ژیان، هیچ نه‌بێ چادرێك یان فه‌رده‌یه‌ك ئازووقه یا دوو دینار، ته‌نانه‌ت له سه‌ره‌تاكاندا چوونه ده‌ره‌وه‌یش به‌بێ مۆڵه‌تنامه‌یه‌كی چه‌ند سه‌عاتی قه‌ده‌غه بوو.
خه‌ڵك بێ ئیش و كار و باخه‌ڵ خاڵی، ئه‌و پیاوانه‌ی تۆزێ ته‌ڕایی ژیانیان تێدا بووایه وه‌ك نه‌ریتی ئه‌و كاته سه‌وق كرابیوون بۆ سه‌ربازی، ئه‌وانه‌ی مووچه‌خۆری حكوومه‌تیش بوون نه‌خرانه‌وه سه‌ر كاره‌كانیان.
له بێبه‌ختیی ئێمه ئه‌و زستانه جیاواز له ساڵانی ئاسایی به‌فرێكی زۆر له هه‌ولێر باری، ئه‌و ده‌شته‌یشی گرته‌وه، خه‌ڵكی هه‌ولێر دەیانگوت بیست ساڵه به‌فری وا له‌م ناوچه‌یه نه‌باریوه!
له‌و دۆخه خراپه‌ی گوزه‌راندا ئافره‌تان ناچار بوون شان بده‌نه ژێر ئه‌ركی دابینكردنی بژێویی خێزانه‌كانیان؛ رۆژانه ده‌یان ئافره‌تی ته‌مه‌ن جیاواز به‌یانیی زوو ڕوویان ده‌كرده كێڵگه كشتوكاڵییه‌كانی گونده‌كانی ئه‌و نزیكانه و وه‌ك كرێكار ڕۆژانه به پێنج شه‌ش دینار كاریان ده‌كرد، له ماڵه‌وه‌یش به‌شی هه‌ره زۆریان خه‌ریكی كڵاشچنین بوون، كه كارێكی ورد و ماندووكه‌ره و به دوو سێ رۆژ جووتێ كڵاشیان ده‌چنی، كڕیار هه‌بوو جووتی به دوو سێ دینار ده‌یانكڕی.
یه‌كێك له‌و كارانه‌ی تر كه به‌شێكی زۆری كابانه‌كان به‌یارمه‌تیی كچه‌كانیان بۆ دابینكردنی بژێوی ده‌یانكرد ئه‌وه بوو نانی هه‌ورامییان ده‌كرد و ده‌یاننارد له هه‌ولێر ده‌یانفرۆشت، دره‌نگی شه‌وان ئه‌گه‌ر به‌كۆڵانه‌كانی نێوان خێوه‌ته‌كاندا گوزه‌رت بكردایه له چه‌ندین ماڵ گوێت له ده‌نگی ته‌په‌ته‌پی نانكردن ده‌بوو، كه تا دره‌نگانێ نانیان ده‌كرد و مووچه مووچه ده‌یانخسته ناو كیسه نایلۆن، جا بیست، سی كیسه زیاتر یان كه‌متریان ده‌خستنه گونیه‌یه‌ك و به‌یانی زوو مێرد، منداڵ، یان خۆیان به‌و ئۆتۆمۆبێله جێبانه‌یی خه‌تی گرده‌چاڵ-هه‌ولێر) به نیو دینار) ده‌یانبرده بازاڕی هه‌ولێر و له‌وێ له به‌رده‌م دوكان و له كوچه و كۆڵانه‌كانی بازاڕدا كارتۆن یان گونیه‌یه‌كیان راده‌خست و نانه‌كانیان له‌سه‌ر داده‌نا بۆ فرۆشتن، كه ده‌چوویته بازاڕ له ده‌یان شوێن ئه‌و نانفرۆشانه‌ت ده‌دی به‌دیار نانه‌كانیانه‌وه دانیشتبوون.
كابانه زه‌حمه‌تكێشه‌كان بۆ یه‌كه‌م جار فرۆشتنی نانی هه‌ورامییان كرده پیشه و سه‌رچاوه‌ی بژێوی، پێشتر نانی هه‌ورامی كه نانی سه‌ره‌كیی ماڵانه له ده‌ڤه‌ری هه‌ڵه‌بجه و شاره‌زوور و به‌شێكی زۆری كوردستانی رۆژهه‌ڵاتیش، نه‌ده‌فرۆشرا، به‌ڵام ئه‌وه بوو به سه‌ره‌تا و ئێستا له هه‌ڵه‌بجه و له كوردستانی ئه‌ودیویش ده‌یان شوێن هه‌ن نانی هه‌ورامی ده‌كه‌ن و بووه به پیشه‌یه‌كی نان په‌یداكردن بۆ خانمان.
ئه‌ڵبه‌ت ئێمه خۆمان ئه‌و كاره‌مان نه‌ده‌كرد، زیاتر به‌داهاتی مانگایه‌كی هۆڵه‌ندی ده‌ژیاین كه رۆژانه به فرۆشتنی به‌رهه‌مه‌كانی 5 -6 دینارمان ده‌ست ده‌كه‌وت، ته‌نها یه‌ك ڕۆژی هاوین چووم بۆ كرێكاری له‌و ده‌شته و ده‌رمانم به‌سه‌ر بێستانێكدا ده‌وه‌شاند، كه هاتمه‌وه له‌به‌ر هه‌تاوه‌كه ڕه‌ش هه‌ڵگه‌ڕابووم؛ دایكم ئیتر نه‌یهێشت جارێكی تر بچمه‌وه.
نه‌مده‌زانی ئه‌و نانفرۆشانه له‌و كاره چه‌ند پاره‌یان ده‌ست ده‌كه‌وت، به‌ڵام سه‌رقاڵبوونی ئه‌و هه‌موو ماڵانه به‌و كاره‌وه به‌ڵگه بوو كه كاره‌كه‌یان یارمه‌تیده‌رێكی باش بووه بۆیان، چونكه جگه له‌وه‌ی نانی هه‌ورامی خۆی نانێكی ناسك و دانسقه‌یه به‌تایبه‌ت بۆ خه‌ڵكی هه‌ولێر كه به‌و نانه ئاشنا نه‌بوون و فرۆشی باش بووه، خه‌ڵكی هه‌ولێریش كه ده‌یانزانی ئه‌و خه‌ڵكه لێقه‌وماون هه‌م نانه‌كه‌یان لێ ده‌كڕین هه‌میش له پاڵ ئه‌وه‌دا خه‌ڵك هه‌بووه كۆمه‌كی كردوون، به‌تایبه‌ت له مانگی ره‌مه‌زاندا، كه زۆر كه‌س له‌و مانگه‌دا زه‌كات ده‌ده‌ن و خێر ده‌كه‌ن.
خه‌ڵك به‌گشتی به سروشتی خه‌ڵكی هه‌ولێر ئاسووده بوون، مه‌رج نییه ئه‌وه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه بووبێ خێرخوازانی ده‌ڤه‌ره‌كه ده‌ستی كۆمه‌كیان بۆ درێژ كردبن، چونكه گوزه‌رانی خه‌ڵك ورده ورده باشتر بوو، مووچه‌خۆران گه‌ڕانه‌وه سه‌ر وه‌زیفه‌كانیان، به‌ڵكو زیاتر له‌به‌ر ساده‌یی و هاوخه‌مییان بوو.