گۆڕستانەكانی ناو شار سەقف بکەن
گۆڕستانەكانی ناو شار سەقف بکەن

تەمەندرێژی و کۆنیی هەولێر وای کردووە چەندین گۆڕستانی گەورەی تێدا كۆبێتەوە، وەك چراغ، ئیمام محەمەد، شێخ محەمەدی خوڕاسان، شێخ مەلا ڕەشید، شێخ ئۆمەر، شێخەڵڵا، شێخی چۆلی، گۆڕستانی سەید مەعروف، شێخ مستەفا و هەردوو گۆڕستانی شێخ ئەحمەد و ڕەنگە هی تریش هەبن، ناوم نەهێنابن.
قسە و مەبەستم لەسەر ئەو گۆڕستانانەی سەنتەری شارەکەن، نەک ئەوانەی دەوروبەر. ئاشکراشە سەنتەری شارەکە وەها پڕ بووەتەوە، ئەگەر پارچە زەوییەک لە شوێنێک مابێتەوە، نرخێکی ئەوتۆ دەکات بە ئەقڵدا ناچێت. ڕەنگە گۆڕستانەکانی سەنتەری شاری هەولێر سەدان دۆنم زەوییان گرتبێت، دەتوانرێ بە کاری بیناسازی، ڕووبەرێکی دەستکرد بەدەست بهێنینەوە کە پیرۆزیی گۆڕەکان و حورمەتیان وەک خۆی بمێنێتەوە و دڵی کەسوکاریشیان نەڕەنجێ، بگرە لە لایێك دەبێتە زێتر گرنگیدان بە گۆڕستانەکان و لەلایەکی تریش جوانکردن و پاکوخاوێنیی نێو گۆڕستانەکان.
دەتوانین بێین لەناو گۆڕستانەکان شوێنی دینگە (پایە) بدۆزینەوە بەبێ ئەوەی دەستکاریی گۆڕەکان بکرێت، مەبەست شوێنی بەتاڵە، چەندین دینگە بە شیش و چیمەنتۆ دروست بكرێن و بەرز بکرێتەوە، پاشان تەختە بەسەر دینگە (پایە)کانەوە دەبەسترێت، لە پاش ئەمە شیشڕێژی شێوە حەسیری بەسەر تەختەکەوە بكرێ، ئەوجا کۆنکریتی تێ بکرێت، بەم شێوەیە دەتوانین رووبەری گۆڕستانەكان بەدەست بهێنینەوە.
ئێستا لە ژێرەوە گۆڕستان وەک خۆی ماوەتەوە، دیوارێکی جوان بە دەوری گۆڕستانەکەدا دەکەین، یەکدوو دەرگەش بۆ هاتوچۆی نێو گۆڕستانەکە دادەندرێ، نێوەڕاستی گۆڕستانەکە گڵۆپڕێژ دەکرێت، تا زیارەتکاران بتوانن شەو و ڕۆژ بچنە نێوی و ئەگەر گۆڕستانەکە شوێنی گۆڕی تێدا مابێتەوە، بتوانن کاری گۆڕلێدانیش ئەنجام بدەن.
بەگوێرەی ئەندازەی شیش و پتەویی دینگەکان دەتوانرێت بەسەر ڕووبەرە دەستکردەکەوە چەند قاتی تر بکرێت، چەند زێتر بێت ئەوەندە ڕووبەری زێترمان دەست کەوتووە، ئەوسا دەکرێت قاتێک یان دووان بۆ وەستاندنی سەیارە بەکاربێت، لێرەوە توانیتمان ڕاگرتنی سەیارەکان لە شەقام و کۆڵانەکان کەمتر بکەینەوە، واریداتێکیشە بۆ ئەو کۆمپانیایەی یان شارەوانی کە کاری بیناسازییەکەی ئەنجام داوە، قاتەکانی تریش بۆ نووسینگە و کۆگا و ئەهلی بازاڕ.
دەکرێت هەر شارەوانییەک لە سنووری خۆی ئەگەر ساڵی یەک گۆڕستان وا لێ بکات ئەوە بە چەند ساڵێک دەتواندرێ چەند دۆنم ڕووبەری دەستکرد بەدەست بهێنێن، یان حکوومەت بە موساتەحە بیدات بە کۆمپانیای بیناسازی بۆ هەمان مەبەست.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved