ڕێگا و قاڵدرمەکانی قەڵاتێ بە 90 دینار دروست کراون
ڕێگا و قاڵدرمەکانی قەڵاتێ بە 90 دینار دروست کراون
January 26, 2025

دیارە چیڕۆکنووس مامۆستا محەمەد مەولوود مەم، چەند پەرۆشی مێژووی ئەدەبی خۆی بووە، ئەوەندەش پەرۆشی هەڵگرتنی نووسراو و دۆكیومێنتەكان بووە لە کات و سەردەمی فەرمانبەریەتیی خۆیدا لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، بە تایبەت ئەوانەی بڕیاری دروست بوون بۆ جوانیی شارەکە و پاراستنی سیمای هەولێر.
ئەمەش بەشێکە لە کوردستانیبوونی ئەم کەڵەپیاوە، چونکە ئەودەم هەستی بەوە کردووە ڕۆژێ دادێت ئەم نووسراو و دۆكیومێنتانە دەبنە سەرچاوەیەکی مێژووی هەولێرێ.
بە دیتنی باولە پڕ دۆکیومێنتەکانی شاگەشکە دەبی، کە چۆن مامۆستا محەمەد مەولوود مەم پێش دەیان ساڵ بیری بۆ ئەوە چووە ئەو سەروەتە زیندووەی شار هەڵبگرێ، کە سەرباری ئەو هەموو هەڵکشان و داکشانە سیاسییانەی بەسەر کوردستاندا هاتووە، بەڵام ئەو توانیویەتی زۆر بە تەقەتی هەڵیان بگرێت.
لەو دۆكیومێنتەی ئەمجارە بڵاوی دەكەینەوە، دەردەكەوێت كە بەر لە دەیان ساڵ ڕێگا و قاڵدرمەکانی قەڵاتی هەولێرێ بە (٩٠) دینار دروست كراون، ئەمەش بەپێی نووسراوی ژمارە (١٢٨١) لە (١٩٣٨/٧/٣١)، تیایدا دەردەكەوێ لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ڕەزامەندیی وەرگیراوە.


فەرمانەكە دەڵێ پڕۆژەكە بەو بڕە پارەیە بدرێتە بەڵێندەر حەسەن سورکان، بەپشت بەستن بە بڕیاری ئەنجوومەنی شارەوانی ژمارە (٤٩٩) لە (١٩٣٨/٧/٢٥)، داواش لە بەڵێندەرەکە کراوە ئەوراقەکانی خۆی پێشکێش بکات و دەست بە کارەکانی ئەم پڕۆژەیە بکات.
ئەو ڕێگا و قاڵدرمانەی دەبیندرێن کە بۆ قەڵاتێ دەچێ بەر لە (٨٧) ساڵ بۆ پیادە و سەرکەوتنی ئۆتۆمۆبێل دروست کراون و تا ئێستاش وەک خۆیەتی.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved