دەوروبەری دوازدەی شەوە، لە ئەپڵیكەیشنی دیلیڤەرییەكە داوای گواستنەوەی ژەمە خواردنێك لە چێشتخانەیەكی فاست فوودەوە دێت تا بیگوازمەوە ماڵی كڕیارێكی ئەوسەری گەڕەكی ٣٢ی پاڕك، كە دەبینم خواردنەكە بریتیە لە پاكەتێكی بچوكی پەتاتەی فینگەر. سیامەند ڕەشید ئەوها باسی یەكێك لەو بەسەرهاتە سەرنجڕاكێشانە دەكات كە ڕۆژانە لە كاتی دیلیڤەریی خواردندا لە هەولێر ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
سیامەند تازە لە گەیاندنی خواردن بۆ ماڵێكی دەوروبەری چێشتخانەیەكی هەولێر گەڕاوەتەوە و بەدەم دانانی كڵاوە نارنجییەكەی دەست بەقسەكردن دەكات بۆ (گڵكەند) و دەڵێ (لەوانەیە وەبزانی كابرا فەقیرە لۆیێ بەس فینگەرەكی داوا كردیە، بەرام مەسەلە فەقیری نییە، عالەم مەغرور بووینە، حەزیان بچتە چ، یەكسەر لە مۆبایلی تەڵەب دەكەن). ئاماژە بەوەش دەكات كە دیلیڤەری لە سەرێكەوە بووەتە مایەی خێروبێر بۆ گەنجی وەكو ئەو و خواردنگەكانی شار، بەتایبەتی خواردنگە خێراكان، لە هەمان كاتیشدا سەری لەوە سڕ ماوە كە خەڵك درەنگانی شەو داوای خواردنی جۆراوجۆر دەكەن، هەروەها پێی وایە زۆربەی داواكارییەكانی خواردن بۆ خۆشیە و بەهۆی نەوسنیە زیاتر لەوەی برسیەتی بێت.
پەرەسەندنی دیاردەی گەیاندنی خۆراک بۆ ماڵان لە هەولێر و شارەكانی تری كوردستان وەك زۆربەی وڵاتانی جیهان دوابەدوای بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو، كە بووە دەرفەتێكی نوێ بۆ هەزاران كەس، لە هەمان كاتیشدا بووە جۆرێك لە ئاسانکاریی ژیان بۆ هاووڵاتییان، بەتایبەتی بۆ دانیشتوانی شارێكی قەرەباڵغی وەكو هەولێر، كە ڕەنگە زۆر كەس لەو سەردەمە نوێیەدا حەز بكەن خواردنی دڵخوازی خۆیان بگەیەندرێتە سەر سفرەی ماڵەكانیان.
گەیاندنی خۆراك یان دیلیڤەری، ژیانی ڕۆژانەی بەشێكی بەرچاوی خەڵكی لە قاڵب داوەتەوە، ئەم پیشەسازییە نوێیەی گەیاندنی خۆراک کە سەردەمانێک خزمەتگوزارییەکی سنووردار و تایبەت بوو، ئێستا گەشەی كردووە و لە هەموو شوێنێکدا هەیە. هەندێك كەس بۆ ژەمی گەورەی خێزانی داوای دەكەن و هەندێك كەسیش بۆ حەزی تاكە كەسی تا لە ماڵەوە بەدەم سەیركردنی فیلمێكەوە لەفە و بەرگرەكەیان بەتەنها و دوورە لە خەڵك بخۆن.
سیامەند بەدەم چاولێكردنی لە مۆبایلەكەی داخوا داوای گواستنەوەی خواردنی پێگەیشتووە یان نا، درێژە بە قسەكانی دەدات "زۆر جار ئەو خواردنەی دەیگوازینەوە، هەند كەمە، كرێی مە لە پارەی خواردنەكە زیاترە"، نمونە بەوە دێنێتەوە كە كڕیار هەیە كەمێك سیزەر سەڵات) تەماتە و خاس و پارچە گۆشتی سینگی مریشك) و هەیە سێ چوار پارچە كینتاكی یان پاكەتێك پەتاتە داوا دەكات، لەوسەریشەوە دەبێ ئەو پیچە خواردنە بە ماتۆڕسیكل بەناو ئەو هەموو جەنجاڵییەی شاردا بگەیەندرێت.
بە تەنزیشەوە دەڵێ سەری سڕ ماوە لەوەی خەڵكی شار هێندە بێتاقەت بوون كە ناتوانن پارووە نانێك بۆ خۆیان ئامادە بكەن و منەت و خەرجیی خواردنی چێشتخانە هەڵدەگرن.
ئەو خواردنگەیەنەرە باس لەوەش دەكات كە هەندێك جار كاتژمێژ دووی شەو خواردنی بۆ ماڵان بردووە، تەنانەت بۆ گەڕەكە نیمچە میللییەكانیش.
لە هەمان كاتیشدا دەڵێ لەوە تێدەگات کە خەڵک چێژ لەو ئاسانکارییە وەردەگرن. بەڵام پێی ناخۆش دەبێ كاتێك كڕیار گلەیی لێ دەكەن لەوەی خواردنەكەی كەمێك درەنگ گەیشتووە، ڕەچاوی قەرەباڵغی ڕێگەوبانەكان و دووری و جەنجاڵی چێشتخانەكانیش ناكەن. ئەمەش سەرەڕای سەرمای شەوانی زستانی هەولێر كە ناچاری دەكات جلوبەرگێكی زۆر و تایبەت بپۆشێت، ئەمەش ماندووتری دەكات لە كارەكەیدا. بەڵام ئەوەش ناشارێتەوە كە زۆر كڕیاری بەخشندە هەن كە ڕەزیلی ناكەن لە پێدانی بەخشیش دوای ئەوەی خواردنەكانیان بەڕێكوپێكی پێدەگەیەنێت.
بەزمێكی تری خواردن گەیاندن، نزیكی ماڵەكانە لەو چێشتخانانەی خواردنیان لێ داوا دەكەن، جاری وا هەیە كڕیار شوقەكەی لەناو هەمان تاوەرە كە چێشتخانەكەی لەژێرەوەیە، سیامەند دەڵێ كابرا تاقەتی نییە بێتە خوارەوە خواردنەكانی ببات، بە دیلیڤەری بۆی دەچێت. ڕووداوی هاوشێوەی هاوڕێیەكی دەگێڕێتەوە كە لە وڵاتی ئەڵمانیا ئەو كارە دەكات و دەڵێ لەوێندەر بۆ پیر و پەككەوتەكان وا ڕوو دەدات كە خواردن لە شوێنی زۆر نزیكەوە بگەیەندرێت، بەڵام بۆ كەسانی ئاسایی نا.
مام سەفین هاووڵاتییەكی خانەنشینە لە گەڕەكی باداوەی هەولێر و زانیاریی هەیە كە لە دوای پەیدابوونی كۆڕۆناوە لە هەموو جیهان دیلیڤەریی خواردن پەرەی سەند و دوای نەمانی كۆڕۆناش دیلیڤەریی هەر باوی ما و خەڵك پێی فێر بوون. بەڵام بەلایەوە سەیرە دەبینێت لە هەندێك ماڵدا بۆ نانی نیوەڕۆی ڕۆژانی هەینییش داوای خواردنی دیلیڤەری دەكرێت، لەمبارەیەوە بۆ (گڵكەند) دەڵێ (كوو دەبی عائیلەكی گەورە و گران نەتانن نیڕوانی جومعەی پراو و گۆشتەكی لە مارێ حازركەن؟ ئاخر هەموو شتەك بە خێ و خێش بە مەعنا!).
بەم شێوەیە شەقامەکانی هەولێر تا دێت پڕ دەبن لە شۆفێرەكانی گەیاندن بە ماتۆڕسیکل، چەندین كۆمپانیای جیاواز پێشبڕكێ دەكەن لەم بوارەدا بۆ ڕاكێشانی زۆرترین كڕیار، بەشێك لە خواردنگەیەنەرەكان كوردن و بەشێكیشیان پەنابەری سووریان، زۆربەی شوفێرەكان بە تیژڕەوی دەناسرێنەوە كە بەناو ئۆتۆمبێلەكاندا بەشێوەی زاكزیك تێدەپەڕن تا هەرچی زووە خواردن بۆ زۆرترین ژمارەی كڕیار بگەیەنن و بەمەش لە كۆتایی ڕۆژەكەدا داهاتێكی زۆرتریان دەست دەكەوێت، سیامەند لە كۆتاییدا دەڵێ لە دوای پەیدابوونی كۆڕۆناوە دەستی بەو كارە كردووە و الە خوای بەزیاد بی، هیچ عەیبی نییە، مەعیشەتەكەمان پێ دەسووڕێ، یەكەم جار بە موەقەت دەستم دایێ، بەس جارێ بەتەما نیمە وازی لێ بینمب.