دایکم بە کۆچی دواییی براکەم چاوەکانی لەدەست دا
من سەباح عەبدوڕەحمان عەبدوڵڵا خۆشناو، بەپێی تۆماری باری کەسی و زۆربەی کەسانی تری ئەو سەردەمە، لە یەكی تەمووزی ١٩٤٥ لە گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر لە خێزانێکی کاسبکار هاتوومەتە سەر دنیا.
باوکم بە ڕەچەڵەک خۆشناو بووە و دایکیشم ئافرەتێکی موهاجری سەفەر بەلک لە کۆڕەوەکە لە دوو برای دابڕایە و چارەنووسی سەرەتا کەوتووەتە ناو گەردییان، دواتر لە ماڵی شێخ مستەفا نەقشبەندی جێنشین بووە، دیارە ئەوسا خەڵکی بێ کەس و لێقەوماو پەنایان دەبردە بەر خێروبێری ماڵە شێخ و مزگەوت و حوجرەکان بەمەبەستی حەوانەوە و ئۆقرەگرتن.
باوکیشم ئەوکاتە لەگەڵ خوشکێکی نابینا لەو شوێنە لە خزمەتی سرووتی خواپەرستی و موریدایەتی بووە، هەر لە حوجرەی ئەو مزگەوتە قورئانی پیرۆزی خەتم کردووە و فێری خوێندەواری بووە.
قسمەتی هاوسەرگیریشی لەگەڵ عەیشێی دایکم هەر لەسەر دەستی ماڵە شێخی بۆ ڕەخساوە، بەڵام دواتر فێری سەرتاشین بووە و کردوویەتی بە پیشە، دوکانێکی لە بناری قەڵاتی هەولێر کردووەتەوە بەمەش توانیویەتی بژێویی خێزانێکی هەشت نەفەری دابین بکات کە لە چوار کچ و دوو کوڕ پێك هاتبووین: ستی، حەمدیە، سەعدیە، سامیە، سەڵاح و سەباح، من پاشەبەرەی ئەو خێزانە بووم.
ئەوەی من بینیومە دوکانەکەی باوکم سەرباری پیشەی سەرتاشی وەک نۆرینگەیەکی پزیشکیش بوو، بەردەوام شرینقە و دەرزیی لەناو تاسەیێک لەسەر ئاگرێک بوو بە سووتانی ئیسپرتۆ گەرماییی دەدا. جانتایێکی پێستی قاوەیی هەبوو، دەرمان و کەرەستەی سونەتی منداڵانی تیێدا بوو. زۆرجار لە تەمەنی حەفت هەشت ساڵی لەگەڵ خۆی دەبردم بۆ لادێکانی دەوروبەری هەولێر بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە، لەو تەمەنە بووم هێشتا سونەت نەکرابووم، ئەوەندە لە بەرچاوم ئەو کارە ئەنجام درابوو، زراو ڕژابووم لە ترسی دیمەنی مووسەکە و ئەو هەڵایەی کە دەکرا. زیڕە و هاواری منداڵەکە تێکەڵ بە سەڵەوات و هەلهەلەی ژنان تۆقاندبوومی و فۆبیایێکی لا دروست کردبووم. لە ماڵەوە هەرکە ناوی ئەو شتەیان دەهێنا، دەکەوتمە گریان و خۆ بە عەرزکوتینێک ئەوسەری دیار نەبوو.
من لەو تەمەنە کە لە پۆلی یەکی سەرەتایی بووم لە قوتابخانەی) مستەوفی) لە تەیراوە، بەداخەوە سەڵاحی برام بە ڕووداوێکی کتوپڕی دڵتەزێن لە گۆڕەپانی غارغارێنی نمایشی ساڵانی قوتابخانەکان کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەست دا. ئەو ڕووداوە بۆ هەولێرێکی بچووکی چوار گەڕەک زۆر گەورە بوو، بۆ قوتابخانەش کارەساتێکی خەفەتئامێز بوو. لە بیرمە ئەو رۆژەی هەموو قوتابیان لە گۆڕەپانی قوتابخانە ریز کران، پەڕاوەکانی سەڵاحی برامیان سووتاند بەدەم سروود و وتاری مامۆستا جەمال جەمیل بەڕێوەبەر و مامۆستا محەمەد عەبدولسەمەد مامۆستای وەرزش.
تا پۆلی چوار لەو قوتابخانەیە بووم، دوایێ لەبەر زۆریی ژمارەی قوتابیان، ئێمە ژمارەیێک گوازراینەوە قوتابخانەی نەهزە کە دەکەوتە پشت بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێری ئێستا و بەڕێوەبەرەکەی ناوی مامۆستا عەلی حەمادی بوو، هەر لەو قوتابخانەیە بەهرەی هونەریم بەتایبەتی هونەری نواندنم لەسەر دەستی مامۆستای وانەی ئایین دەركەوت.
ئەو مامۆستایە جاروبار ژمارەیەک قوتابیی هەڵدەبژارد بۆ نواندنی کورتە چیڕۆکی ئایینی وەک ئامرازێک بۆ ڕوونکردنەوەی وانەکان. من سەردەستەی ئەو گرووپە بووم و بەردەوام رۆڵی سەرەکیم دەبینی، ئەو چاڵاکییانە لە پۆل پێشکەش دەکران، هەندێ جاریش بە جلوبەرگ و ئێکسسوارات کە مامۆستا بۆی دابین دەکردین لە رۆژانی پێنجشەممە کە )تەحیەتولعەلەم ( بەڕێوە دەچوو، نمایشمان بۆ قوتابیان دەکرد. بۆ خوێندنەوەی سەرچاوەی ئەو چیڕۆکانەش، مامۆستای ئایین دەیناردینە پەڕتووکخانەی ئیسلامی کە خاوەنەکەی ناوی (مامۆستا موحسین) بوو، بە خۆڕایی ئەو پەرتووک و نامیلکانەی دابەش دەکرد.
كتێبخانەی نزیک دوکانەکەی فاروق شەشاوی بوو بەرامبەر کۆڵانی شەشاوی کە ئێستا ژمارەیێک دوکانی جلوبەرگ و کۆگای گرتووەتە خۆی. لە دەستپێکی پۆلی پێنج کۆمەڵە قوتابیێک هەر بە هاندانی ئەو مامۆستایە رۆژانی هەینی رێک دەکەوتن و دەچوونە مزگەوتی شێخی چۆلی بۆ نوێژ و گوێگرتن لە گوتاری هەینی.
من دوو جار بەشداریم کرد، بەڵام دواتر باوکم زانی و زۆر بە توندی چاوی لێ سوور کردمەوە و رێگری لێ کردم. خۆ باوکم پیاوێکی ئیماندار بوو، سەری چووبا نوێژ و تاعەتی نەدەچوو، بەڵام دوایی بۆم دەرکەوت کە باوکم لە ڕێگای پارێزەر) محەمەد سادق) کە هاتوچۆی دەکرد، زانیاریی دەستکەتبوو کە ئەو مامۆستایە و موحسینی خاوەن كتێبخانەی ئیسلامی هەردووکیان سەر بە (ئیخوان موسلیمین(ن وەک خۆی لە ماڵەوە باسی کردبوو (محەمەد سادق) هەر خۆی بەرپرسی رێکخستنی ئەو بزووتنەوەیە بووە. باوکم زۆر مرۆڤدۆست و بە بەزەیی بوو لەگەڵ خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت، بەردەوام ئامۆژگاریی ئێمەی دەکرد کە هاوکاریی خەڵکی هەژار بکەین.
ئەحمەد بێکەسی خوارزای) باوکی دوکتۆر دلێر) و کۆسرەت خانی خێزانی هەر لە ماڵی ئێمە گەورە بوو، کەوتە نێو بزاوتی سیاسەت و کوردایەتی. لای باوکم فێرە سەرتاشیی بوو، دواتر باوکم هاوکاریی کرد و دوکانێکی سەرتاشی لە ڕیز ستۆدیۆی دوكتۆر جەمشید حەیدەری دامەزراند تا ئەو کاتەی هاوسەرگیریی کرد.
قەت نەمزانیوە باوکم سەر بە حزب و لایەنێک بووبێ، بەڵام ڕۆژێکیان لەناو چەکمەجەکەی مێزتوالێتی دوکان لەژێر کەلوپەلی سەرتاشی چاوم بە دەبانچەیێکی بچووک کەوت.
ڕۆژێکیان زۆر بە پەشۆکاوی دەبانچەکەی لە خاولیێک لوول دا و لەگەڵ چەند خاولیێک خستییە نێو توورەگەیێک و پێی گوتم بەغار ئەوە بگەیێنە ماڵەوە و پێیان بڵێ باش تەقەتی کەن. منیش هەر بە غار بۆی دەرچووم تورەگەکەم دا خوشکەکانم و بە پەلە گەڕامەوە. بەڵام بینیم دوکان دەرگای داخراوە. حاجی سلێمان باوکی حاجی ئەکرەم بەزازی لە پاڵ دوکانی باوکم بوو. جگەرە و تووتن و پاکەتی دەفرۆشت. بانگی کردم گوتی پۆلیس هات و دوکانی باوکتیان پشکنی و لەگەڵ خۆیان بردیان. بڕۆ بەپەلە ئاگاداری ماڵەوە بکە. هەر زوو گەڕامەوە ماڵێ و باسەکەم پێ ڕاگەیاندن. ئەوانیش بەپەلە چوون ئاگاداری شێمحەمەدی زاوامانیان کرد و کەوتنە سۆراغی باوکم. دواتر کە ئێوارە گەڕایەوە ماڵێ، زانیمان بەهۆی دەستگیرکردنی ئەحمەد بێکەسی خوارزایەوە، ئەویان بانگ کردووە.
ئێمە وەک خێزان تێکەڵاویێکی زۆرمان لەگەڵ ماڵی حەمید عوسمان هەبوو کە لەو سەردەمە سیاسەتمەدارێکی دیار بوو. باوکیشم لە گفتوگۆ و هەڵسوکەوتەکانی لەوە دەچوو هەواداری حزبی شیوعی بووبێت. کۆڵانەکەی ئێمە رێک دەیڕوانییە پەنجەرەکانی بەندینخانەی هەولێر کە کەوتبووە پشتەوەی موتەسەرفیە. بەردەوام ئێمەی منداڵانی گەڕەک لە بەردەم ئەو پەنجەرانە گوێبیستی دەنگەدەنگ و هەرای ناو بەندینخانە دەبووین. تۆپ تۆپێن و گەمەمان بە زۆر لەو شوێنە بوو. فەرهادی کوڕەکەی مام شەریفی ئاشچی بەندینخانە هاوڕێمان بوو. بەندکراوە سیاسییەکان زۆرجار لە کولانکەی ئەو پەنجەرانە دەیاندواندین و قسەیان بۆ دەکردین. هەندێ جار داوای یارمەتییان لێ دەکردین بۆ گەیاندنی هەواڵی گرتنیان بۆ لای کەسوکاریان کە ناونیشانی ماڵەکانیان لەسەر پارچە کاغەزێکی بچووک بۆیان هەڵدەداین. شەریفی ئاشچی برادەری باوکم بوو، تا بڵێی مرۆڤێکی چاک بوو، زۆرجار هاوکاریی دەگەیاندە بەندکراوەکان لە کاتی دابەشکردنی بەشە خۆراک.
مردنی سەڵاحی برا گەورەم مەرگەساتێکی گەورە بوو، بە تایبەتیش بۆ دایکم کە دوای چەند مانگێک لە ئەنجامی خەم و گریانی بەردەوام، هەردوو چاوی لەدەست دا، دوای ساڵێک نابینایی، پێیەکانیشی لە کار کەوتن و کەوتە ناو بارگەی نەخۆشیێکی قورس، بەمەش بووە جەستەیەکی پڕ خەمی هەمیشەیی نێو خێزان و زۆری نەبرد كاتێ من تەمەنم دە ساڵ بوو، دایکم ئەمری خوای بەجێ گەیاند.