لەمێژە دروستكردنی لانك سەرچاوەیەكی سەرەكیی بژێویی وەستایەكانی كۆڵانی نەجاڕانی قەیسەریی هەولێرێیە. سەدان ساڵە ئەو پیشەیە جوانی و ڕه‌سه‌نایه‌تیی له‌ده‌ست نه‌داوه، تا ئەمڕۆش به‌شێك له دوكانه‌كانی قه‌یسه‌ری تایبه‌تن به دروستكردنی لانك، كە دارەكانی به‌رهه‌می ناوچه شاخاوییه‌كانی كوردستانن و پێشكه‌وتنی تەكنەلۆژیا نەبووەتە ڕێگر لەبەردەم ئەو پیشەیە و هێشتا بازاڕی لانكی خۆماڵی ماوە.
وەستا جونه‌ید ته‌ڵعه‌ت كە به‌حاجی جونه‌ید نه‌جاڕ ناسراوە، ته‌مه‌ن 67 ساڵە و له دوكانێكی ناو بازاڕی قەیسه‌ری خەریكی دروستكردنی لانكە، ئه‌و پیشه‌كه‌ی له باوكییه‌وه بۆ ماوه‌ته‌وه، وه‌ك خۆی ده‌ڵێ له‌وەتەی ساڵی 1968ە‌وه له شوێنی ئێستایدا له دوكانی باوكیەوە دەستی به‌و كاره‌ی كردووه و تا ئێستا به‌رده‌وامه.
حاجی جونه‌ید، بۆ (گڵكه‌ند) باس له چۆنیه‌تیی دروستكردنی لانك ده‌كات و ده‌ڵێت، «وه‌ختی خۆی جیهازی داربڕینێ نه‌بوو، لۆیه هه‌ر به ده‌ستی لانكمان دروست ده‌كرد، دۆخریت پێ بڵێم، ئیشه‌كه‌مان زۆر زه‌حمه‌ت و ناخۆش بوو، پاشان له ئاخیری و ئۆخری ساری حه‌فتایه‌كان جیهازی داربڕینی هاته هه‌ولێرێ، له‌و وه‌ختییه‌وه ئیشه‌كه‌مان هه‌نده‌ك سه‌هلتر بووه.»
له‌باره‌ی باشترین جۆری داریش كه له دروستكردنی لانك به‌كار دێت، ده‌ڵێ لانكه سپییه‌كه كه بێ نه‌خشه و مێژوویه‌كی دێرینی هه‌یه، له داری بی و ئه‌سپیندار دروست ده‌كرێت، ئه‌و دارانه زیاتر لە ده‌ڤه‌ری چۆمان و حاجی ئۆمه‌ران ده‌ڕوێندرێن، ئه‌و جۆرەیان ته‌مه‌نی درێژه و به‌باشترین جۆری لانك داده‌نرێت، چونكه داره‌كه‌یان پته‌و و خۆڕاگرە، بۆیه خواستێكی زۆری له‌سه‌ره، هه‌روه‌ها چه‌ند ساڵێكه جۆری داری «ئێم دی ئێف» كه دروستكراوی توركیایه، به ته‌به‌قه هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت و له دروستكردنی لانك سوودی لێ وه‌رده‌گیرێت و نه‌خشی جۆراوجۆری له‌سه‌ره، به‌ڵام ئه‌وه كوالێتییه‌كه‌ی زۆر باش نییه.
حاجی جونه‌ید، ئاماژه به زۆریی خواست له‌سه‌ر لانك ده‌كات و ده‌ڵێت، ئه‌گه‌رچی لانك له‌لایه‌ن پزیشكانه‌وه ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه و له ڕووه ته‌ندروستییه‌كه‌یه‌وه بۆ منداڵی تازه له‌دایكبوو به‌باش نازانرێت و ده‌ڵێن قاچی منداڵ خوار ده‌كات، به‌ڵام له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه خواستێكی زۆری له‌سه‌ره، جگه له خواستی ناوەخۆیی، ئێستا لانكی هه‌ولێر بۆ پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراقیش هه‌نارده ده‌كرێت، وه‌كو به‌غدا، سه‌ڵاحه‌دین و به‌سڕه.
وه‌ك وەستا جونەید ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، دروستكردنی لانك هونه‌ره، هه‌موو دارتاشێك له توانایدا نییه لانك دروست بكات، به‌ڵكو وه‌ستای تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه، ده‌شڵێ ئه‌گه‌ر دوو وه‌ستا به‌باشی كار بكه‌ن له هه‌فته‌یه‌كدا ده‌توانن 50 لانك دروست بكه‌ن، كە نرخیان له نێوان 20 بۆ 50 هه‌زار دیناره.