قسە خۆشەکانی وەستا فەیسەڵ
قسە خۆشەکانی وەستا فەیسەڵ
January 30, 2025

لە کامێراوە تا مەکینەی ڕیشتاشین

وەستا فەیسەڵ، وێنەگرێكی كۆن و ناسراوی هەولێرە، ئێستا زیاتر بەقسە خۆشەکانی و وەستایییەکەی لە بواری ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دەناسرێتەوە، بەشێک لە قسەکانیشی لە سۆشیال میدیا بوونەتە ترێند.
ئەو لە پەنجاکانی تەمەنیدایە، جگە لە زمانی کوردی، زمانی عەرەبی بەباشی دەزانێت و دەشڵێ “بە برای خۆم برێم ئینگلیزییەكەشم خراپ نییە”. زیاتر لە ٤٠ ساڵە کامێرا و ئامێری ڕیشتاشین و هەموو ئەو کەلوپەلانە چاک دەکاتەوە، کە بەشێوەی ئەلیکترۆنی دروست کراون و خەڵك بۆی دەبەنە دوكانەكەی.
لە دیدارێکدا لەگەڵ (گڵکەند)، وەستا فەیسەڵ باس لەوە دەكات كە سەرەتا وەستا کەمالە کەڕ و دەریا عەسکەری هەبوون لە هەولێرێ، کە کامێرایان چاک دەکردەوە، دوای ئەوانیش ئەو فێری ئیشەکە بووە و دەستی بەو کارە کردووە.
وەستا فەیسەڵ فێربوونی چاککردنەوەی کامێرا بۆ حەز و خولیای خۆی، بۆ کامێرا و وێنەگرتن گەڕاندەوە و گوتی “ساری هەشتاکان کامیرەم دەکڕی و دەفرۆشتەوە، دوایێ ماوەك دەستم بە ئیشی وێنەگری کرد، ئەگەر کامیرەی خۆم یان ئی برادەران عەیبەكی هەبا، دەمکردەوە و خۆم لەسەر فێر دەكرد، هەتا چام دەکردنەوە”.
هەروەک وەستا فەیسەڵ باسی کرد، ئیشی لە چەندین جۆری کامێرا وەک یاشیکا، كیێڤ، کۆنیکا، سینەت، کانوون و کۆداک کردووە و چاکی کردوونەتەوە، بەڵام بەهۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا و پەیدابوونی مۆبایل، ئیشەکەی کز بوو، بۆیە ئێستا ئامێری ڕیشتاشین و هەموو ئامێرێکی ئەلیکترۆنی چاک دەکاتەوە و زۆرترین مامەڵەی لەگەڵ سەرتاشەکانی هەولێرە، کە بەردەوام ئامێری ڕیشتاشینەکانیان بۆ چاک دەکاتەوە.
لە سۆشیال میدیادا گوتەیەکی وەستا فەیسەڵ بووەتە ترێند و خەڵک بۆ خۆشی دەیگێڕنەوە، کە لە کورتە ڤیدیۆیەکدا دەڵێ بەهۆی پەیدابوونی مۆبایل کە کامێرای چاکیان پێوەیە، ئیشەکەی نەما، بۆ دابینکردنی بژێویی خۆی و خێزانەکەی بڕیاری دا ئامێری ڕیشتاشین چاک بکاتەوە، بەس لە بەختی ڕەشی وی، خەڵک وازی لە ڕیشتاشینیش هێنا و ئێستا گەنج هەموو ڕیشیان دەهێڵنەوە.
وەستا فەیسەڵ باسی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردووی کرد، کە ئەو سەردەمە کامێرای بەکرێ دەدا و گوتی خەڵک نەیاندەتوانی کامێرا بکڕن، بۆیە ئەو کاتانەی پێویستیان بە کامێرا دەبوو، دەهاتن بەکرێیان دەبرد و فیلمەکانیشیان دەبردە تاقیگەکان و لەوێ دەشوورایەوە وێنەکان چاپ دەکران.
ئەو وەستایە جگە لە کارەکەی، بەردەوام کامێرای پێیە و وێنەی دیمەن و شتی جوان دەگرێ، هەروەها چەندین جۆر کامێرا و کەلوپەلی تایبەت بە کامێرای وەک ئەنتیک هەڵگرتووە و پێشانگایەکیشی بۆ کەلوپەل و کامێراکانی کردووەتەوە.
ئەو پێی وایە وێنە گرینگییەکی تایبەتی هەیە و هونەری فۆتۆگرافی بەشێکی گرینگە لە تێگەیشتن لە ڕووداوەکان، نموونەشی بەوە هێنایەوە کە ڕۆژنامە بەبێ بوونی وێنە هیچ تام و چێژێکی نابێ و پەیامەکەی بە ئاسانی و دروستی ناگاتە خوێنەر.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved