سەید ئەحمەد یەکەم یاریزانی هەولێر كە لە دەرەوەی عێراق یاریی کردووە
سەید ئەحمەد یەکەم یاریزانی هەولێر كە لە دەرەوەی عێراق یاریی کردووە

هەولێر لە ڕابردوودا بەردەوام ئەستێرەی درەوشاوەی تۆپی پێی تێدا هەڵكەوتووە، ئەحمەد عومەر ناسراو بە سەید ئەحمەد ناوێکی دیاری مێژووی ئەو وەرزشەیە لە هەولێر، ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵ یاریزان و ناوبژیوان بووە، یەکەم یاریزانی کورد بووە لە دەرەوەی عێراق یاری بکات.
سەید ئەحمەد لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو، یەکێک بوو لەو وەرزشکارانەی جگە لە یاریی تۆپی پێ، گۆڕەپان و مەیدان و یاریی تۆپی دەست و مەلەوانی و پایسکیلسواری و تۆپی باسکەی ئەنجام داوە، جگە لەوەی ئەستێرەیەکی درەوشاوە بووە، لە هەموو یارییەک کە بەشدار بووە ئەنجام و دەسکەوتی باشی بەدەست هێناوە.
لە دیدارێكی (گڵكەند) باس لەوە دەكات كە لە تۆپی پێدا، یاریی بۆ یانەی کرێکاران و یانەی هەولێر و هەڵبژاردەی هەولێر کردووە، بەهۆی ئاست بەرزییەوە لە یەک کاتدا لە تیپی لاوان و پێشکەوتووانی هەولێر یاریی دەکرد، بەهۆی بەهرەکەیەوە لە زۆر یاری بانگهێشتیان دەکرد، لەیاریی تۆپی دەستیش یاریزانێکی بەتوانا بووە، لە هەموو پاڵەوانیەتیی هەڵبژاردە و یانەکانیش بانگیان دەکرد، گۆڵپارێزێکی زۆر باشی یاریی تۆپی دەست بووە، ڕاهێنەر لە هەر شوێنێک ئیشی بەو بووایە لەو شوێنە یاریی پێ دەکرد، لە یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدان لە چەند یارییەک بەشداریی پاڵەوانیەتییەکان کردووە، وەکو هەڵدانی ڕمح و ڕاکردنی ٤٠٠م بەربەست.
چیڕۆکی یاریکردنیشی لە دەرەوەی وڵات بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە «دوای ساڵی ١٩٧٩ گەڕامەوە هەڵبژاردەی هەولێر، دواتر دەبوو ناوم بگەڕێتەوە بۆ عەسکەری، بڕیارم دا بۆ خوێندن بچم بۆ ئوردن لەوێ قبووڵی زانکۆم وەرگرت، ڕۆژێک لە گۆڕەپانی زانکۆکە یاریمان دەکرد، مامۆستای زانکۆکە هاتە لام و پرسی تۆ یاریزانی؟ گوتم بەڵێ لە هەولێر هاتووم و یاریم لە یانە و هەڵبژاردە کردووە، گوتی: بۆ نایەی لە یانەکەی ئێمە یاری بکەی؟ ئیدی پەیوەندیم کرد بە یانەی سەحابی ئوردنی کە لە ڕیزی یانە پلە دووەکان یاریی دەکرد، مووچەیان پێ دەدام و شوقە و سەیارەشیان بۆ کڕیم، گرێبەستم بە ٢٨٠ دیناری ئوردنی بۆ مانگێک لەگەڵ سەحابی ئوردنی ئیمزا کرد، سەیارەیەکی بیجۆی مۆدێلی ١٩٧٧یان بۆ کڕیم و هەر بەو سەیارەیە هاتمەوە هەولێر، ماوەی سێ ساڵ لەو یانەیە یاریم کرد، گۆڵکاری خولەکە بووم بە ١٨ گۆڵ و ناوم لە ڕۆژنامەکانی ئوردن بڵاو کرابووەوە و یانەکەمان سەرخست بۆ خولی پلەیەکی ئوردنی، ئەگەرچی من لە هەڵبژاردەی پەروەردە و هەولێر لە هێڵی بەرگری یاریم دەکرد، بەڵام ڕاهێنەری یانەی سەحاب منی لە هێڵی هێرشبەر یاری پێ دەکرد”.


دوای ئەو ساڵە سەید ئەحمەد بووەوە بە یاریزانی یانەی هەولێر و بەردەوام بوو لە یاریکردن لەو یانەیە، پێشتریش لە ساڵی ١٩٧٨ یاری بۆ یانەی هەولێر کردبوو، جگە لەوەی لە ماوەی کاروانی وەرزشی تیپی میللیی ڕۆژگاریشی هەبووە وەک ڕاهێنەری ئەو تیپەش بەردەوام بووە.
سەید ئەحمەد لە بیرەوەرییەکانی بەردەوام دەبێت و دەڵێ دوای ساڵی ١٩٨٦ تووشی پێکان بوو، بۆ ماوەی شەش مانگ لە یاریکردن دوورکەوتەوە، وازی لە یاریکردن هێنا و دەستی کرد بە کاری ناوبژیوانی تا ساڵی ١٩٩٤ گەیشتە ئاستی ناوبژیوانی پلە دووی عێراق، دوای تاقیکردنەوەی ناوبژیوانی پلەیەکی عێراق ئەنجامی تاقیکردنەوەکەی وەرنەگرتەوە و وازی لە کاری ناوبژیوانی هێنا و ڕووی کردە هاندەران، لە شاری بەرلینی ئەڵمانیا گیرسایەوە و لەوێش تیپی کوردانی دامەزراند و لە خولەکانی ئەو شارە بەشداری پێ دەکردن.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved