حەیران
حەیران
February 02, 2025

حەیران جۆرەكە لە مەقامی ڕەسەنی كوردی و لەسەر پەیژەی مەقامی بەیات دەگوترێ، مارف خەزنەدار لە پێناسەی حەیراندا نووسیتی: «ناوی ئەو جۆرە شیعرە میللییەیە كە بە دیالێكتی كرمانجیی خواروو، بە تایبەتی بەشی سۆرانی دەهۆنرێتەوە و لە ناوچەكانی دەشتی هەولێر و ڕۆژئاوای كۆیە و خۆشناوەتی و تا ڕواندز دەكشێ تا دەگاتە مەهاباد، بە زۆری لەناو خێڵەكی و دەشتەكییەكاندا باوە»، غەفوور مەخمووریش لەبارەی حەیران نووسیتی: «حەیران ئەو ئاوازە بەسۆزەیە كەوا لە گەرووی شمشاڵی شوانەكانی كوردستان دێتە دەرەوە و بە ڕۆژگارێكی تر ئاشنامان دەكات كە ڕابردووە»، دیارە ئەو پێناسەی غەفوور مەخمووری كەموكورتیی تێدایە، چونكە مەرج نییە، بەس شوان حەیرانی برێ، بەركوو هەركەسەك دەنگی خۆش بی و شارەزای حەیرانی بی، دەتانی بیرێ. ئەسعەد عەدۆ پێی وایە حەیران جۆرە مەقام و ئاوازەكی تایبەتە، دەنگی زوڵاڵی ڕەسەنی كوردە، پەخشانەكی ڕازاوەی سەروبن گرێدرایە، مرۆڤی كورد دەگەڕێنیتەوە جیهانی ڕەسەنی كورد و بە ئاسمانی كوردستانێ بارەفڕكێ دەكا.
حەیران لە ڕووی مەبەستەوە بە ئامانج دەگوترێ و لە ڕووی ڕیتم و مۆسیقاش ئیقاعی تایبەت بەخۆی هەیە، چەند جۆرەكیشی هەیە، زۆربەی لێكۆڵەرانی بواری حەیران دەرێن: حەیران دوو جۆرە؛ مەجریسی و سەرچیایی، سەرچیایی ئەو جۆرەیە كەوا حەیرانبێژ بە دەنگەكی بەرز دەیرێ و هەتا كۆتایییەكەشی نایپسێنتەوە، واتە ڕاناوەستی، مەجریسیش ئەوەیە لە دیوەخان و دانیشتنی ماران دەگۆترێ و بە دەنگەكی نزم و لەسەرەخۆ دەردەبڕدرێ، عومەر شێخەڵڵاش پێی وایە حەیران دوو جۆری دییە، ئەویش نەونەمامان، كە ئی گەنج و لاوانە و بە دەنگی بەرز و چڕ دەیرێن و هەندەك جار بەستەشی لەگەر دەرێن، دووەمیشیان: حەیرانەی لەخۆگەڕاوان، ئەوەیان ئی جوامێر و پیاوماقووڵانە و بە هێمنی و لەسەرخۆیی دەگۆترێ، لە هەمان كاتدا حەیران لەسەر بنەمای جوگرافیاش دابەش دەكرێ، ڕزگار خۆشناو پێی وایە حەیرانی سەرچیایی ناوچەی خۆشناوەتی دەگریتەوە، واتە مەسیف سەڵاحەدین و شەقراوە و هیران و هەریر، جۆرەكی دی ناوچەی كۆیە و ڕانیە و قەرادزێ دەگریتەوە، جۆری سێیەمیشیان حەیرانی دەشتی هەولێرێیە كە خۆی لە هەردوو هۆزی دزەیی و گەردی دەبینیتەوە.
ڕەسور گەردی یەكەم كەس بووە لە شاری هەولێرێ مۆسیقای تێكەری حەیرانی كردییە و لە ئێسگەی بەغدایێ تۆماری كردییە، ساری 1945 چووبووە ئێسگەی بەغدایێ و كۆمەرەك حەیرانی تۆمار كردییە، ئەو لە ماوەی تەمەنی خۆی (250) حەیرانی تۆمار كردییە، كە باسی حەیرانی بكرێ دەبێ باسی ئەو بكرێ، بەو كارەی تانیتی ژمارەكی زۆر لە حەیرانی لە فەوتانێ بپارێزی، جگە لەوەش خۆی دەستەكی بارای لە دانانی حەیرانی هەبووە، پاشی ویش حوسێن كێشكەیی چوویتە ئێسگەی بەغدایێ و كۆمەرە لاوك و حەیرانەكی تۆمار كردییە.
ژمارەكی زۆر لە حەیرانبێژی بەتوانا لە دەشتی قەراج و كەندێناوەی سەریان هەردایە ئاغەكانی دزەیی گرنگییەكی زۆریان بە حەیرانی دایە و بە هۆكاری سەرەكیی گواستنەوەی حەیرانی لە نەوەكی لۆ نەوەكی دی لە هەولێرێ دادەندرێن، ئێسگەی كوردی بەغدایێ و ئامێری قەوانی ڕۆڵی سەرەكییان بینییە لە پاراستنی حەیرانی، مشكۆ و جەمیلە لە شاری هەولێرێ لە بۆنەكان حەیرانییان گۆتیە، عوسمان حەیران و حەسەن حەیران دوو ناوی دیارن لە بواری حەیرانێدا، لە دەشتی قەراج و كەندێناوەش حەمەد بەگی یێكەكی دییە و سەتان حەیرانی گۆتییە، بەگشتی تا كۆتاییی حەفتایەكان ئەوەی حەیرانی لە ئێسگە و تەلەڤزیۆن تۆمار كرد بەس ڕەسور گەردی بووە، نەچوونی ئەوانی دی لۆ ئێسگەی ڕەنگە پەیوەندیی بەباری كۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمی هەبووبی، بێجگە لە پیاوان، ئافرەتانیش لە گۆتنی حەیرانیدا ڕۆڵیان هەبووە، لەوانە: مەنیج حەیرانی موكریانی، خەزالی حەیرانبێژ، خەجێ عەبدوڵڵا، ئامینەی حەیرانبێژ، حەیشێ عەبدوڵڵا سنجاوی، حەلیم بادینی، فاتە سۆری حەمەد عەلی، بەگمە سۆر و چەندانی دیكە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved