لەسەر کەتنەکەی مزگەوتێکی هەولێر لێدانم خوارد
من كە لە پۆلی یەکی سەرەتایی بووم، لە قوتابخانەی (مستەوفی) لە گەڕەکی (تەیراوە)، بە ڕووداوێکی کتوپڕی دڵتەزێن لە گۆڕەپانی غارغارێنی نمایشی ساڵانەی قوتابخانەکان تاقە برایەكەم بەربووەوە و گیانی لەدەست دا، ئەو ڕووداوە بۆ هەولێرێکی بچووکی چوار گەڕەکی زۆر گەورە بوو، بۆ قوتابخانەش کارەساتێکی خەفەتئامێز بوو، لە بیرمە ئەو ڕۆژەی هەموو قوتابیان لە گۆڕەپانی قوتابخانە ڕیز کران، بەدەم سروود و وتاری مامۆستا (جەمال جەمیل)ی بەڕێوەبەر و مامۆستا (محەمەد عەبدولسەمەد) مامۆستای وەرزش پەڕاوەکانی (سەڵاح)ی برامیان سووتاند.
لەنێو ئەو هەموو ڕووداو و گۆڕانکاری و کارەساتانەی من لەناو خێزاندا وەک کوڕێکی تاقانەی چوار خوشک و باوکێکی جگەرسووتاو و دایکێکی پەککەوتە، لەناو فیز و نیعمەتێکی زیاد لە لزووم بەخێو کرام، ئەوەی ویستوومە دڵیان نەشکاندووم بۆم دابین کراوە هەر هەموویان کە خوێندەوار بوونە بایەخیان بەفێرکردنی من داوە، لە قوتابخانە تا پۆلی پێنج و شەش زیرەک بووم بەڵام منداڵێکی پڕ جووڵە و حەروک و لەخۆبایی. حەزم لە گەمەی نێو منداڵانی گەڕەک بووە. لەگەڵ خالید و سابیری مەلا ئەحمەد و باقیە شێتۆکەی نورەدین سەرتاش و کەمال و جەمالی حەمەوەیسی و ئەحمەد جامباز و عوسمانی برای و جەمال حەلاق و فەرهادی مام شەریف و سەیفەدین ئیسماعیل و تەڵعەتی مام عارف و هیی تر. لە نێوانیاندا سەباحێکی وردیلەی لاوازی ڕەقێتە بەڵام زۆرزان و متمانە بەخۆم و لەخۆم ڕازی بەردەوام بە جلوبەرگی پۆشتە و تازە لەنێو منداڵان دەردەکەوتم.
لە ئاڵنگاری و سەرکێشیی گەمەکردن پێشەنگ بوویمە، زۆر کەتنم کردووە. هەرچی ئامێرێکی تازە کەوتبێتە بەردەستم حەزم کردییە شارەزای بم و نهێنییەکانی بزانم چەند کاتژمێر و ڕادیۆ و پایسکلم هەڵوەشاندووەتەوە و سەقەتم کردوون. لە ئەنجامی ئەو بزێوی و سەرکێشییانەمدا تووشی چەندین بەسەرهاتی سەیروسەمەرە بوویم.
ئەوەی کە باس دەکەم لەو قۆناغەیە کە ماڵمان لە تەیراوە گوازرابووەوە گەڕەکی عارەبان. ئەوکات هەولێر جگە لە دانیشتوانی قەڵا. بەچوار گەڕەکی سەرەکی دەورە درابوو تا دوور بەدووری شاریش کۆشکی مەلافەندی لەسەر قەڵا دەبینرا دەکەوتە پشت گەڕەکی سێتاقانی ئێستا. ئۆردوگای سەربازییش دەکەوتە ڕۆژهەڵاتی گەڕەکی تەیراوە (ئۆرزدی) لە پاڵیەوە کورانی عەنکاوە بوو، ئینجا عەنکاوە کە تەنها هاونیشتمانیانی کریستیان تێیدا دەژیان و بە چاندن و کشتوکاڵ خەریک بوون و شەی ((ئاقار)) ئەو شوێنە بوو کە ژمارەیەک لەو کەسانەی بۆ ئارەق خواردنەوە سەردانیان دەکرد لەنێوان هەولێر و عەنکاوە کە دوورەشار بوو.. ئەوانەش بە مەبەستی خواردنەوە دەچوونە ئاقار کەسانێک بوون زەرەر و زیانیان بۆ باری کۆمەڵایەتیی ئەو شارە نەبووە لە ڕووی ڕەفتار و خراپەکانی لە پەیوەندییەکانیان.
لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنم بۆ قۆناغی هەرزەکاری. بژاردەی ئارەزوو و هەڵبژاردنی برادەر و بەسەربردنی کاتم گۆڕانکاریی بەسەردا هات. داواکارییەکانم زیادی کرد. پایسکلم بۆ کڕا. دەرفەتی فراوانکردنی گەڕان و دیتنی شوێنی تازەم لەگەڵ برادەرانی قوتابخانەی (نەهزە) جیاواز بوون لەوانەی پێشترم. تەڵعەت عارف و جەودەت شاکر و ڕەمزی سادق و دارا عوسمان و عەبدولقادر خەلیفە و سەیفەدین ئیسماعیل و حازم فازڵ، هەموو ئاوەزی خۆم بوون. حەز و ویستمان وەک یەک بوو. من بۆ خۆم هەر چاڵاکییەک ڕێک خرابا لە قوتابخانە بەشداریم دەکرد. گرووپی دیدەوانیی قوتابخانە؛ ساڵانە ئۆردوگایان بۆ دەکراوە لە سەرمەیدانی شەقڵاوە من لەگەڵدا بووم. شەوانە لە ئاهەنگەکانی قوتابخانەکانی بەشداربوو لە دیدەوانی من گۆرانیبێژی یەکەم بووم لە دەنگخۆشی. هەموو گۆرانییە گەنجانە و سەردەمیانەکەی ئەوکاتم لەبەر کردبوو بە دەق و ئاوازەکانی. بەردەوام لە ماڵەوە گوێگری گۆرانیبێژەکانی ئەوکات بووم. (فوئاد ئەحمەد، شەماڵ سائیب، عومەر ڕەزا) دەنگێکی باریک و سافم هەبوو. کە گۆرانییە عەرەبییەکانی وەحیدە خەلیل و زهورە حوسێنم دەگوت ئەگەر نەیانبینیبام وایان ئەزانی دەنگی ژنانە. لە نووسین و خوێندنەوە زۆر زیرەک بووم قسەزان و ڕۆح سووک و زۆرزان بووم. مامۆستایان خۆشیان دەویستم هەموو ڕۆژێکی پێنجشەممان لە گۆڕەپانی قوتابخانە لە هەڵکردنی ئاڵا (تحیە العلم) سروودم ئەوت و دواتر بەچەند چاڵاکییەکی هەڵبەست خوێندنەوە یان لاساییکردنەوە و نواندن بەشدار بووم.
مامۆستای وانەی ئاین لە قوتابخانەی (نەهزە) تیپێکی نواندنی دامەزراندبوو.. من پاڵەوانی ئەو تیپە بووم. نامیلکە و پەڕتووکی چیڕۆکی ئاینی دەهێنا و دابەشی دەکردە سەر تیپەکە. ڕۆڵی نواندنی کارەکتەرەکانی دابەش دەکرد و ڕاهێنانی پێ دەکردین هەندێ جار لەناو پۆل و جار جارەش لە گۆڕەپانی قوتابخانە نمایشمان دەکرد. هەموو بابەت و ناوەڕۆکی ئەو نواندنانەش بابەتی ئامۆژگاری و ژیاننامەی ناودارانی ئیسلام بوون. زۆرجار مامۆستای ئاین ڕێنمایی دەکردین کە سەردانی پەڕتووکخانەی ئیسلامی بکەین بۆ بەدەستهێنانی ئەو پەڕتووکانە بەخۆڕایی. هەر هەمان مامۆستا هانی دەداین کە ڕۆژانی هەینی بچینە مزگەوتی (شێخی چۆلی) بۆ نوێژ و گوێگرتن لە وتاری هەینی. هەر لەو ڕۆژگارە کەتنێکی بێ ڕەوشتی لە مزگەوتێک ڕووی دابوو، بووبووە دەنگۆیەکی بەربڵاو، لە هەموو شوێنێک باس باسی ئەو ڕووداوە بوو. ڕۆژێکیان باوکم لە ماڵە و ئێوارە بوو خواردنیان بۆ دانابوو. بەدەم نانخواردن ئەو مەوزووعەی بۆ شێمحەمەدی زاوامان باس دەکرد. کە ناوی مزگەوتی هێنا من وەک خۆهەڵکێشانێک بەکارە باشەکانم گوتم بابە دەنا ئەمەش ڕۆژانی هەینی لەگەڵ فڵانە مامۆستا دەچینە مزگەوت. باوکم هەرکە گوێی لەو قسەیە بوو پارووەکەی دەستی فڕێ دایە ناو سێنی بەردەمی و بەدەستێک لاپیلێکی ڕاکێشام و بە دەستەکەی تری شەقازللەیەکی لە بناگێم قایم کرد.
کەوتمە هاوار هاوار و ئای بابە و ئای دایە. بەڵام باوکم ئەوەندە توند و تووڕە بوو کەس نەوێرا بێتە پێش. وەستا شێمحەمەدی زاواشمان لە باوکم توندتر و بێ جەرگ، دەیگوت لێ گەڕێن با تەمبێ بی جارەکی دی بێ ئاگەداریی باوکی ئیشان نەکا. ئاخر من دەمزانی باوکم پیاوەکی خواپەرست و ئیماندار و خێرەومەند بوو. لە کاتی دەستبەتاڵی لە دوکانەکەی خەریکی قورئان خوێندن بوو. بەڵام نەمزانی ئەو هەڵوێست و تووڕەبوونەی لە چ بوو. جا سزاکەم هەر بەوەندەی تەواو نەبوو. جاران قەرەوێڵەی خەوتن لە چیلکی دارخورمای دروست دەکرا. ئەو بەسەرهاتەم وەک کورتە نواندنێک لە بیرەوەریدایە. چۆن خۆم وێکهێنابووەوە و بە خشکە خشکە خۆم گەیاندە سووچێکی دوور لە باوکم و زاواکەی. بەلاچاوەکی سەیرم دەکردن ناوە ناوەش هەنسکم دەهاتێ. باوکم خۆی شێلو نەدەکرد. مەلای عیشایێ بانگی دا. نوێژەکەی کرد. دەستی دا حەیزەرانەکەی. لە من نزیک بووەوە. پیلی گرتم و گوتی هەڵسە. بردمیە نزیک قەرەوێڵەکە. لایەکی بەرز کردەوە و پێی گوتم. بڕۆ ژێری. بە ترس و لەرزەوە خشیمە ژێر قەرەوێڵەکە داوای کرد نوێنەکە بێنن و لەسەر قەرەوێڵەکە ڕایبخەن. ئیتر تا مەلا بانگدانی ڕۆژی دووەم لەنێو قەفەسەکە لەسەر عەردێکی ڕەقوتەق ڕاکشام. باوکیشم بەکەمالی ئیسراحەت لێی پاڵ داوە. دیار بوو کە باوکم لەسەر بەرماڵی نوێژی بوو. خوشکم هات و بە ئاسپایی لاتەنیشتەکی قەرەوێڵەکەی بەرز کردەوە و پێی گوتم هەڵسە. هەڵسە وەرە دەرێ. ئەوە لۆ وەی تەمبێ بی و جارەکی دی سەربەخۆ ئەو ئیشانە نەکەی. ئەوجارەشیان ئازاد کرام و دەرباز بووم.