لۆ سەلامەتیتان دەیڕووخێنین
هەر کە بۆ دیکۆمێنتێکی تر دەچمە ناو ئەو هەمووانەی ناو باوڵەکەی مامۆستا (محەمەد مەولوود مەم)، بەمن بێت هەمووی بە یەکجار بهێنمە سەر لاپەڕەکانی (گڵکەند)، چونکە هەموویان گەورەییی مێژووی ئەم شارە و کەسە ماندوونەناسەکانی دەنەخشێنێ، دەردەکەوێ فەرمانبەر و کاسبکاری بازاڕ و خاوەن موڵکەکان، چەند ئەم خەڵکەیان خۆشویستووە، چەند لەگەڵ خەم و ئازار و خۆشییەکانیان ژیاون. لەو دیکۆمێنتەی لە بەرچاوتانە، کە بە ژمارە (١٣٨) لە (١٩٣٩/١/٢٦) لە سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر بۆ بەشی (ملاحظ فني) نێردراوە، تیایدا ڕەزامەند بووینە لەسەر ڕووخاندنی ئەو خانووانەی خەڵکی تێدا دەژی و مەترسیی ڕووخانیان هەیە، پێ دەچێت ئەم خانووانە لە گەڕەکی (خانەقا) بووبن، ئەمەشیان بۆ پاراستنی سەلامەتیی سەروماڵی ئەو هاووڵاتییانە بووە، کە لەناو ئەم خانووانە ژیاون، هەر لەم دیکۆمێنتەدا ناوی خاوەن موڵکەکان هاتووە کە ئەمانەن:
١. شائول موسا بەزاز، جوولەکە بووە.
٢. شتای ڕەحیم.
٣. موختار شەریف و حاجی ساڵح.
٤. دانیال ساسۆن دلال، جوولەکە بووە.
٥. مردخای ئیسحاق، جوولەکە بووە.
٦. سلێمان حاجی علان.
٧. حەسەن حەماو ئاونجی.
٨. ئیبراهیم سەعید و سەریکانی.
٩. ئەحمەد حەوێز.
١٠. کەریم خەیلانی.
١١. ئەحمەد مەروان
١٢. شورتی ساڵح.
١٣. حاجی قادر شنۆیی.
هەموویان دڵخۆش بووینە بەم بڕیارەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، بۆ ئەم هەنگاوە مرۆڤایەتییەیان، ڕەزامەندیش بووینە لەسەر ڕووخانی موڵکەکانیان لەم گەڕەکە، دیارە ئەمەش بەشێکی ترە لە دڵسۆزیی دەوڵەمەندانی شار بەرامبەر پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و دوورخستنەوەیان لە هەر چ کارەساتێک، خوانەخواستە بێتە ئاراوە، بۆیە شارەوانیی هەولێر لۆ سەلامەتیی ئەوان ئەم کارەی کردووە.