منداڵ بەردیان تێ دەگرتم
ئەو ژنەی بۆ یەکەم جار لە هەولێر، مۆڵەتی شوفێریی وەرگرت، باس لەوە دەکات کە منداڵان بەردیان لە ئۆتۆمۆبێلەکەی دەگرت، ئەویش چوکلێت و شیرینیی دەدانێ.
سامیە شاکر ناسراو بە سامیە مەشخەڵ، ژنە مامۆستایەکی خەڵکی هەولێرە، ئەو لە ساڵی ١٩٦١ لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا، مۆڵەتی شوفێریی وەرگرتووە. لە لێدوانێکیدا بۆ (گڵکەند)، ئاماژەی بەوە کرد، پێش ئەویش چەند کچ و ژنێک هەبوون فێرە شۆفێری بووبوون، بەڵام ئەو یەکەم ژن بووە مۆڵەتی شۆفێریی دەرهێناوە، ”یەکەم ئۆتۆمۆبێلیشم ڤۆڵگای ڕووسی بوو“.
سامیە مەشخەڵ ڕۆڵی باوکی لە پەروەردەکردنی بە گرینگ زانی ڕای گەیاند، کە لە منداڵییەوە باوکی لەگەڵ خۆی بردوویەتییە ناو کۆڕ و دانیشتنەکانی و لە گەشتەکانیشیدا بۆ دەرەوەی کوردستان و عێراق، یاوەری بووە، بۆیە لە کچانی هاوتەمەنی خۆی جەربەزەتر بووە و زوو فێرە شۆفێریکردن بووە.
ئەو کاتەی ئەو ژنە هەولێرییە شۆفێریی کردووە، کەمتر لە ٤٠ ئۆتۆمۆبێل لە هەولێر هەبوون، مۆڵەتی شۆفێریکردنی ئەو، ژمارە ٣٥ بووە. ئەو باسی سەرەتای شۆفێرییەکەی کرد و گوتی: کە شۆفێریم دەکرد منداڵان بەردیان لە ئۆتۆمۆبێلەکەم دەگرت، منیش دەهاتمە خوارەوە و نوقڵ و شیرینیم دەدانێ.