بازاڕی قەیسەری مێژووی نوێی لە نهۆمی دووەمەوە دەست پێ دەکات
بازاڕی قەیسەری مێژووی نوێی لە نهۆمی دووەمەوە دەست پێ دەکات
February 05, 2025

نۆژەنکردنەوەی بەشی ڕۆژهەڵاتی بازاڕی كۆنی قەیسەریی هەولێر کە لە دوو نهۆم پێک هاتووە، بە تێچووی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار بەردەوامە، تا ئێستا ٨٠٪ی کارەکان تەواو بووە و پێشبینی دەکرێ بەم زووانە دوکانەکان ڕادەستی کاسبکاران بکرێنەوە. قەیسەری كە یەكێ لە کۆنترین بازاڕەکانی هەولێر و ناوچەكەیە، دەکەوێتە جەرگەی شار و بەردەم قەڵات، مێژووی دروستکردنی بۆ نزیکەی ٢٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. بە شێوازێک دروست کراوە کە لە چەندین دوکان و حوجرە پێك هاتووە و بەشێوەیەکی ڕێکوپێک ڕیز کراون. سەری بازاڕەکە بەشێوەی تاق داپۆشراوە، ئەمەش یارمەتیی پاراستنی دوکانەكان و کڕیارەکانی داوە لە گەرمای هاوین و سەرمای زستان.

شەوی ٥/٥/٢٠٢٤ ئاگر لە بەشێكی ئەو قەیسەرییە کەوتەوە و بووە هۆی سووتانی ٢٢٨ دوکان و حەفت کۆگا. دوابەدوای ڕووداوەكە مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری خەرجکردنی بڕی پێنج ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دیناری بۆ نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە دا، لەم بڕە دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی بەشی ڕۆژهەڵاتی قەیسەریی کۆنی هەولێر بوو، کە لە دوو نهۆم پێک هاتووە.
قەیسەریی کۆنی هەولێر لە بەشی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا پێک هاتووە، نۆژەنکردنەوەکە بەشی ڕۆژهەڵاتی گرتەوە کە نهۆمی یەکەم لە ١٣٣ دوکان و نهۆمی دووەمیش لە ٥٥ ژوور و تاق پێک هاتووە، کۆڵانی بەرگدرووەکانی بازاڕی قەیسەریی هەولێری پێ دەڵێن.
پێش پەنجاکانی سەدەی رابردوو، نهۆمی دووەمی قەیسەریی کۆنی هەولێر وەک هۆتێل، میوانخانە و نووسینگە بەکار هاتووە، بەڵام لە شەستەکان تا هەشتاکان بەچەند قۆناغێکی جیا سەقفی ئەم بازاڕە ڕووخا، ئیتر نهۆمی دووەمی قەیسەرییەکە نەما، بەڵام لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی قەیسەریی کۆنی هەولێر، دووبارە نهۆمی دووەمی نۆژەن کراوەتەوە، ئەویش بەو شێوازەی کە لە کۆندا هەبووە.
نهۆمی دووەمی قەیسەری لە حەفت شوێنی جیاواز ڕێڕەوی سەرکەوتنی هەیە، واتە نهۆمی دووەم بە دوکانەکانی خوارەوە نەبەستراوەتەوە و بە تەواوی جیا کراوەتەوە، هیچ کەس خاوەنی نییە.
سەبارەت بە دووبارە بەکارهێنانەوەی نهۆمی دووەمی قەیسەری، تا ئێستا هیچ بڕیارێک نەدراوە، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (گڵکەند) کەوتووە، دوای تەواوبوونی نۆژەنکردنەوەکە، وۆرکشۆپێک ئەنجام دەدرێت بۆ بڕیاردان لەسەر ئەم بابەتە.
پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی قەیسەریی کۆنی هەولێر، کە لەلایەن یونسکۆ و شوێنەواری هەولێر چاودێری دەکرێ، تەنیا پرۆسەیەکی ئاوەدانکردنەوە نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ پاراستنی بەشێک لە ناسنامەی شارەکە.
پڕۆژەکە لە چەند قۆناغێک پێک دێت، کە تێیدا گرینگیی زۆر بە پاراستنی تایبەتمەندییە مێژوویییەکانی بازاڕەکە دراوە و ماوەی تەواوکردنیشی ١٢ مانگە، ڕۆژانە بە بەردەوام چوار تیمی جیاواز کە زیاتر لە ٣٠ کرێکارن، کاری تێدا دەکەن. لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا ٨٠٪ی کارەکانی نۆژەنکردنەوەکە تەواو بووە، ئەندازیار سامان ئەحمەد دەروێش بەڵێندەری پڕۆژەکە دەڵێ “ئێمە هەوڵی تەواومان داوە بۆ پاراستنی شێوەی كۆن و ڕەسەنی قەیسەری”.
ئاماژە بەوەش دەكات كە سەرجەم کەرەستە بەکارهاتووەکانی نۆژەنکردنەوەی قەیسەریی کۆنی هەولێر، کەرەستەی ناوەخۆیی و خۆماڵین، خشت و کاریتەکان هی هەولێرن و بەردەکانیش لە مووسڵەوە هێنراون.
بەپێی ڕێنماییەكانی پرۆژەكە، نۆژەنکردنەوەی قەیسەری، پاراستن و چاککردنەوەی سەربانی قەیسەری دەگرێتەوە، لەگەڵ چاککردنەوەی سیستەمی ئاوەڕۆ و تۆڕی کارەبا، نۆژەنکردنەوەی دیوار و تاقە کۆنەکان بە بەکارهێنانی کەرەستەی ڕەسەن لە دیوی ناوەوە و دەرەوە، هەروەها نۆژەنکردنەوەی ڕێڕەوی کۆڵانەکان بۆ ئاسانکاریی هاتوچۆی خەڵک.
بەپێی گوتەكانی ئەندازیار سامان، پلانی داهاتوو نۆژەنكردنەوەی بەشی ڕۆژئاوای قەیسەریی کۆنی هەولێرە، کە بە کۆڵانی بەتانیفرۆشانی قەیسەری ناسراوە.
ئەمیر یاسین (تەمەن ٤٣ ساڵ)، ٢٥ ساڵە بەرگدرووە لە قەیسەری و لە دیار نۆژەنکردنەوەی دوكانەكان دانیشتووە و دەڵێ «جاران بەشی زۆری دوكانەكان كێشەیان هەبوو، بەتایبەتی لە زستاندا، كە باران دەباری، دەبوو سەری دوکانەکان بە نایلۆن داپۆشن، دەنا ئاو دەهاتە ژۆرێ، بەس ئێستا بێ خەم بووین”.
باسیش لە ڕووکاری کۆڵانەکە دەکا كە لەگەڵ نۆژەنکردنەوەکە، جیا لەوەی شێوازێکی ڕەسەن و سەرنجڕاکێشی هەیە، جوانییەکی زیاتری بەخشیوەتە بازاڕەکە، دەڵێ نرخی دوکانەکانیش زۆر بەرز بووەتەوە.
لە گۆشەیەکی کۆڵانەكە، چایخانەی بەناوبانگی مام خەلیل هەیە، كە بەر لە ٧٢ ساڵ كراوەتەوە و گەشتیاران بەتامەزرۆیییەوە ڕووی تێ دەکەن، دیوار و بنمیچی چایخانەکە بە وێنەی ئەو کەسایەتییانە ناودارانە داپۆشراوە کە سەردانیان کردووە. محەمەد خەلیل (تەمەن ٥٥ ساڵ) خاوەنی ئێستای چایخانەکەیە و كوڕی مام خەلیلی چایچییە، دەڵێ “مێژووی قەیسەری لەو کۆڵانەوە دەستی پێ کردییە”.
لەبارەی تێکچوونی سەقفی قەیسەرییەکەشەوە دەڵێ “بابم لۆی گێڕایمەوە، شەوەكی زستانی شێستەکان، لەگەر بارانێ سەربانی ئەو كۆرانەی ڕووخا”، دواتر بە چەند قۆناغێک بەشەکانی تریش ڕووخان و لە دوای ئەوە بەشی سەرەوەی قەیسەریی کۆن بەتەواوی لەبەرچاوان ون بوو.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved