ڕۆشنبیرانی مە پێناسەیەکی هەڵەیان بۆ ڕۆشنبیر کردووە، پێشتر باسم کرد. دەبێ پێناسەی ڕۆشنبیر سەرلەنوێ بکرێتەوە. ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە کە: گوێ دەگرێت. گوێگرتن گرینگترە لە قسەکردن، قورستریشە. قسەکردن ئاسانە و، زۆرجار هەرزانیشە، بەڵام گوێگرتن مرۆڤی ڕۆشنبیری دەوێت.
هزر و بیرکردنەوەی ئازاد بێت. بیرکۆر دایمە خۆی هەڵدەواسێت بەبیرمەندێکی بیانی، ئازاد نییە لە بیرکردنەوە. هەوڵ دەدات تێ بگات لە خۆی و دەوروبەری: بۆ تێگەیین لە شتەکان، هەتا لە بابەتە ئەبستراکتەکانیش، ورد دەخوێنێتەوە. ڕەخنە قبووڵ دەکات. مۆڕەت لێ ناکات و لێت تووڕە نابێت، بگرە سوپاست دەکات کاتێ ڕەخنەی لێ دەگریت. هیچ ڕەخنەیەک بەشەخسی وەرناگرێت و لە دڵی ناگرێت، دێ لێیانەوە فێر دەبێت.
خۆی دەناسێت، دەزانێت بای چەندییە، ئاستی لە کوێیە، کەموکوڕییەکانی چین. هەر کاتێک بۆی دەردەکەوێت کە هیچ نازانێت، هاوار دەکات و دەڵێت، «من هیچ نازانم».
نموونە بێت بۆ خەڵکی دەوروبەری. پێشەنگ بێت لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە. هەست بە بەرپرسیارێتی بکات. هۆشیار بێت، نەکەوێتە ناو گێژاوی هیچوپووچی و ژێر کاریگەریی نەزانەکان. هۆشیاریی خۆراک و تەندروستی و گەشت و ژینگە و وەرزشی هەیە.
سەلامەتە، لە ڕەفتار و نیاز و کردار و گفتی، لێی دڵنیای، هەست بەسەلامەتی دەکەی. پڕت ناداتێ (ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ). واتە مرۆڤێکی دەستپاک و داوێنپاکە. قسە و کرداری یەکە.
لەو شتانە دوورە کە زیانی بۆ سەر جەستە و دڵ و دەروون و مێشکی هەیە. ئەوەی دەیزانێت، بۆ سوودی خۆی و دەوروبەری بەکاری دەهێنێت، واتە تاکێکی سوودبەخشە، هەم بۆ خۆی، هەم بۆ دەوروبەری.
لووتبەرز نییە، خاکەڕایە و تا پێی بکرێت خۆی بچووک دەکاتەوە. خۆبچووککردنەوە ئەوپەڕی گەورەیییە و خۆگەورەکردنیش ئەوپەڕی بچووکییە.
ڕاستگۆ و دژە گەندەڵییە. هەقبێژ و بوێرە. هەلپەرست نییە. مەرد و چاوتێر و نەبەزە. چاوی هەڵدێ بەکەسانی تر و تا پێی بکرێت ڕێنوێنییان دەکات و دەستیان دەگرێت.
دنیابینییەکی فراوانی هەیە، تێڕوانینی بۆ هەموو شتێک فرە ڕەهەند و جوانە. لامل نییە، هەڵە بێت، دەڵێ هەڵەم. (ئەلەددولخیسام) نییە. فەخر ناکات بە چێژوەرگرتنە تایبەتییەکانی ژیانی، پۆزیان پێ لێ نادات. بە کڕی، خەریکی چێژی ژیانی تایبەتی خۆیەتی و تەداخولی چێژی ژیانی تایبەتی کەسیش ناکات.