له‌شجوانی یه‌كێكه له‌و یارییه وه‌رزشییانه‌ى ئافرەتانی هەولێر لە هۆڵە وەرزشییەكاندا بەمەبەستی بەدەستهێنانی لەشولارێكی ڕێك و دابه‌زاندنی كێش ئەنجامی دەدەن، هەروەها به‌شێكیش له ئافره‌تان لەلایه‌ن پزیشكانه‌وه ئاراسته ده‌كرێن بۆ ئه‌وه‌ى ڕوو له هۆڵه وه‌رزشییه‌كان بكه‌ن تا لە ڕێگەی وەرزشەوە گرفته ته‌ندروستییه‌كانیان چاره‌سه‌ر بێت.
وارڤین كۆسره‌ت یه‌كێكە له‌و ڕاهێنه‌رانه‌ی ڕۆژانه ژماره‌یه‌كی زۆر له ئاره‌زوومه‌ندانى ئه‌م وه‌رزشه ڕووى تێ ده‌كه‌ن، ئه‌و بۆ (گڵكه‌ند) گوتى «به‌شێك له‌و ئافره‌تانه‌ى پێشتر ده‌چوونه مه‌لەوانگه و چاره‌سه‌رى سروشتیان وەردەگرت، ئێستا دێنە لای ئێمە بۆ یاری لەشجوانی و بۆ دابه‌زاندنی كێشیان، له هه‌ردوو كاتى به‌یانیان و ئێواران ئافره‌ت سەردانمان دەكەن».
ئاماژە بەوەش دەدات كە بەگشتی ئافرەتان بۆ سێ مەبەست ڕوو لە هۆڵەكەیان دەكەن، به‌شێك له پزیشكان نه‌خۆشه‌كانیان ده‌نێرنه هۆڵه وه‌رزشییه‌كان، ژماره‌یه‌كیش له ئافره‌تان بۆ له‌شجوانى و له‌شڕێكى، به‌شێكی تریش بۆ كێش دابه‌زاندن.
وارڤین باس لە كرانه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه دەكات بەڕووی وەرزشكردنی ئافرەتانەوە، بەتایبەتی كە خۆی ماوه‌ى هه‌شت ساڵه له هۆڵه وه‌رزشییه‌كان ڕاهێنه‌رە، پێی وایە له ماوه‌ى پێنج ساڵى ڕابردوودا له شارى هه‌ولێر ئافرەتان بە ڕێژەیەكی زۆرتر لە جاران ڕوویان لە وەرزش و هۆڵەكانی كردووە.
لای خۆیەوە زینه ئیبراهیم قوتابیی زانكۆیه و سه‌ردانى یەكێ لە هۆڵه وه‌رزشییه‌كانی هەولێر ده‌كات، لەمبارەیەوە دەڵێ «بۆ ئه‌وه دێمه هۆڵه‌كان تا له‌شێكى ته‌ندروست و ڕێكم هه‌بێت، ماوه‌ى چه‌ند مانگێكه سه‌ردانى ئه‌م هۆڵه دەكەم و سوودێكى زۆرم بینیوه، ته‌ندروستییم باشتر بووە و دەروونیشم ئارامترە».
ئه‌فسانه شاكر ڕاهێنه‌رى ئافره‌تانه له هۆڵێكی وه‌رزشی، خۆشحاڵە بەوەی ئافرەتان هۆشیار بوونەتەوە و دەزانن كە وەرزشكردن چارەسەرێكی بەهێزی زۆربەی كێشەكانیانە، ئەو خۆی له ته‌مه‌نی هه‌شت ساڵییه‌وه دەستی بە وه‌رزش كردووه، بەڵام دەشزانێ كە پیاوان زیاتر حه‌زیان له وه‌رزشە، لە هەمان كاتدا ماوەیەكە ژمارەیەكی زۆری ئافره‌تانیش ڕوویان لە وه‌رزش كردووە.
ئامینه حوسێن به‌شداربوویه‌كی هۆڵه وه‌رزشییه‌كانه و به‌هۆى نه‌خۆشییه‌وه پزیشك رایسپاردووە وەرزش بكات، دەڵێ ماوه‌ى سێ مانگه له ڕێگه‌ى ڕێنماییی پزیشكه‌وه سه‌ردانى هۆڵى وه‌رزشی دەكات، له‌م ماوه‌یه‌دا له ڕێگه‌ى ڕاهێنه‌ره‌وه مه‌شقه‌كانی بەشێوەیەكی ڕێك‌وپێك ئه‌نجام داوە، وه‌رزش سوودێكی زۆرى بە جه‌سته‌ی گەیاندووە، دەڵێ پێشتر تەنیا هەوڵی دەدا بەپێ بڕوات، به‌ڵام ئێستا بەشێوەیەكی زانستى وه‌رزش دەكات، هیچ ڕێگرییه‌كیش نابینێ، بەڵكو له‌لایه‌ن خێزانەكەیەوە هاوكاری ده‌كرێ بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە وەرزشكردن.