لەم ساڵانەی دواییدا هەولێر لە هەموو بوارەکاندا گەشەی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی، جۆر و ژمارەی خواردنگەكان لەم گەشەکردنە بەدەر نەبوون، بەڵكو پشكی گەورەیان بەركەوت و ئێستا نزیکەی یەك هەزار خواردنگە لە پایەتەختدا هەن. بۆ وردبوونەوە لێیان، لە ناوچە جیاوازەکانی شار سەردانی زیاتر لە ١٥ خواردنگەمان کرد، لە چەقی شارەوە تا شەقامی ١٠٠ مەتری، لە عەنکاوەوە تا شەقامی گوڵان، ئەنجامەکان جیاوازییەکی بەرچاویان پێشان دا لە نێوان خزمەتگوزاری و نرخ و جۆرایەتیدا.
لە خواردنگە خێراکاندا) فاست فوود)، نرخی ساندویچێکی بەرگەر لە نێوان ٤،٠٠٠ بۆ ١٢،٠٠٠ دینار دەگۆڕێت. هەروەها نرخی پیتزایەک لە نێوان ٥،٠٠٠ بۆ ٢٥،٠٠٠ دینارە، ئەم جیاوازییە گەورەیە تەنیا پێوەندیی بە جۆری گۆشت و کەرەستەکانەوە نییە، بەڵکو زیاتر پێوەندیی بە شوێن و ناوبانگی خواردنگەكانەوە هەیە. بۆ نموونە، نرخی ساندویچێك لە خواردنگەیەكی شەقامی گوڵان دوو هێندەی نرخی هەمان ساندویچە لە شەقامی ١٠٠ مەتری.
لەناو شاری هەولێر ٣٠٧ خواردنگەی گەشتیاری هەن، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەولێر مۆڵەتی کارکردنیان پێ دراوە. نەریمان فازڵ، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی گەشتوگوزاری هەولێر بە (گڵکەند(ی ڕاگەیاند، بەپێی شوێن، ڕووبەر و خزمەتگوزاری، لەگەڵ کۆمەڵێک لە مەرج و ڕێنماییی تر، لە پلەی یەک بۆ پلەی نایاب، پلە و ئەستێرە بۆ خواردنگە گەشتیارییەکان دیاری دەکرێت.
خواردنگەی کوردی، عێراقی، ئێرانی، سووری و تورکی لە دیارترین خواردنگەكانن لە هەولێر، لەم ساڵانەی دواییدا، خواردنگەی ئەوروپی و ئاسیایییش بوونەتە بەشێک لە کولتووری خواردن، ئەمەش بەهۆی فرە نەتەوەییی دانیشتوانی شارەکەیە.
نەریمان فازڵ، لەبارەی ئەمەوە گوتی "ئێمە هەوڵمان داوە، هەمووان بتوانن لە هەولێر تام و چێژی خواردنەکانیان پێشکێش بە کڕیارانیان بکەن". لەبارەی نرخەکانیشەوە گوتی "خەڵک ئازادە دەچێتە کام خواردنگە بۆ نان خواردن"، ئاماژەی بەوەش دا کاریان کردووە بۆ ئەوەی هەموو کەس بتوانێت ئەو خواردنە بخوات کە حەزی لێیەتی، ئەمەش بەپێی داهاتی کەسەکە خۆی.
خواردنگە میللییەکان، کە پشکی شێری بازاڕیان هەیە، نرخی برژاوەکانیان، کەباب، تکەی گۆشت و مریشک بۆ هەر نەفەرێک لە نێوان 3،٠٠٠ بۆ ١٢،٠٠٠ دینارە. لە کاتێکدا لە خواردنگەێکی گەورە و گرانبەهاتر لە شوێنێکی تری شار نرخەکەی دەگاتە ٢٢،٠٠٠ دینار. جیاوازیی نرخەکان لێرەدا زیاتر پەیوەستە بەشوێن و کێشی گۆشت و کوالێتی خزمەتگوزارییەوە.
قایمقامییەتی قەزای ناوەندی هەولێر ٦٤١ مۆڵەتی بە خواردنگەکان داوە. نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر دەڵێ زلیژنەیەکمان پێک هێناوە و بەردەوام چاودێریی بازاڕ دەکەین، هەر سکاڵایەک هەبێت بەدواداچوونی بۆ دەکەین و لێپێچینەوە لەگەڵ شوێنەکە دەکەینس. ئاماژەی بەوە دا بەهۆی سکاڵای هاووڵاتییان، لە ڕێی ئەو لیژنەیە چەندین خواردنگەیان سزا داوە.
لیژنەکە لە قایمقامیەت، تەندروستی، پۆلیس، بەرگریی شارستانی و شارەوانی پێک هاتووە. لە ساڵی ڕابردوودا بەگشتی لەلایەن لیژنەکانی قایمقامیەت لێپێچینەوە بەرانبەر ١٠٩٣ شوێن کراوە.
هەر لە ساڵی ٢٠٢٤، لیژنەکە سەردانی ٨٥٩ خواردنگەیان کردووە، لەو ژمارەیە بە بڕی نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن دینار پێبژاردنیان بۆ کراوە، هەروەها ١٥٩ تۆن کەلوپەلی خۆراکی لەنێو براون.
خزمەتگوزاری و مامەڵەی ستافی ڕێستۆرانتەکان لەگەڵ ئەو کەسانەی سەردانیان دەکەن، جیاوازیی زۆری هەیە. ڕێستۆرانتە نوێیەکان گرینگییەکی زیاتر بەم لایەنە دەدەن و ستافەکەیان لە ڕووی مامەڵە و جلوبەرگ گرینگیی زۆریان پێ دراوە، بەڵام ڕێستۆرانتە کۆنەکان کەمتر گرینگی بەم لایەنە دەدەن.
هۆزان عومەر، تەمەن ٣١ ساڵ، گەنجێکی شاری هەولێرە، بەردەوام لە خواردنگەكان نان دەخوا و ئەندامی گرووپێکی فەیسبووکە بە ناوی (Restauranting in Erbil)، كە زیاتر لە ٥٦ هەزار ئەندامی هەیە و بەزۆری ئەو کەسانەن کە حەز و خولیای زۆریان بۆ خواردن هەیە.
لەبارەی نرخ و خزمەتگوزاریی خواردنگەكانی شاری هەولێر ئەو گەنجە ئاماژەی بەوە دا، بەپێی جیاوازیی نێوبانگ و شوێن، نرخی خواردنەکان دەگۆڕێن، بە ڕاشکاوانە گوتی "تۆ پارەی شوێنەکە دەدەیت نەوەک خواردنەکە".
ڕووی قسەکانی لە خەڵک دەکات و ڕای وایە، خەڵک ناتوانێت بەردەوام بچێتە ئەو خواردنگانەی گرانبەهان و نرخی خواردنەکانیان بەرزە. دەشڵێ "هەر کەسە و دەبێت سەیری گیرفانی خۆی بکات".
لە ژمارەیەک خواردنگە گرانبەهاکانی هەولێر نرخی پارچەیەک گۆشت) ستیک) بەپێی ئەو بڕی گرامەی داوای دەکەیت لە نێوان ٣٥ بۆ ١١٠ دۆلاری ئەمریکییە.
هۆزان، سەردانی زۆرینەی ئەو خواردنگانە دەکات کە لە هەولێر هەن و گلەییی لە بەشێک لە خواردنگە گرانبەهاکان هەیە، دەڵێ زهەندێک جار ڕووی داوە لە خواردنگە گرانبەهاکان خواردنی ساردیان بۆ هێناومس.
ئەو زیاتر قسەی بۆ (گڵکەند) کرد و باسی لەوە کرد، ڕێکلامی خواردنگەكان لە سۆشیال میدیا کاریگەری زۆری هەبووە لەسەر زیاتربوونی حەزی خواردن لە لای خەڵک، ئەو نەیشاردەوە ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان بڕیار بدات خواردنگەیەك بکاتەوە، یەکەم شت بیکات گرینگیدان دەبێت بە زمان و کارمەندی کورد، دواتر ڕێکخستنەوەی شێوازی پێشوازیکردن لە کڕیاران، هەروەها نرخی خواردنەکانیش لە ئاست کوالێتی و خزمەتگوزارییەکان بێت.