لەو ساتەی کە بڕیارم دا لەگەڵ دایکم بڕۆم، شریتی یادگارییەکان، وەک کۆمەڵە وێنەیەک هاتنەوە بەر زەینم، کە لە کەلێنە شاراوەکانی یادەوەریمدا هەڵواسراون، بەناونیشانی سووریا، ئەو وڵاتەی کە تێیدا لەدایک بووم و خوێندم و لە ئامێزیدا گەورە بووم. لەو ساتەدا، لە خەمی نیشتمان و نیگەرانییم بۆ ڕۆژانی داهاتوو، هەستەکانم تێکەڵ بوون. یادەوەرییەکانی سووریا کە بەشی هەرە بەرچاوی ناسنامەکەم پێک دێنن، لە هەمان سات وێنەی شارێک لەنێو شەپۆڵی ئەو یادگارییانەم سەری هەڵدا، ئەو شارەی کە لەو جیهانە تێک چڕژاو و گۆڕاوەدا، داڵدە و پەناگەیەکی ئارامە.
بووکی کەنار دەریا
لازقییە، شارێکی سووریایە، دەکەوێتە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، ئەفسوونێکی تایبەت لە نێوان شاخە سەرکەش و شەپۆڵەکانی دەریا ئارامەکەیدا خۆی حەشار داوە، بۆنی کولێرەی برژاو بە ئاگر، بەسروە بای دەریا دەگاتە لووتی ڕێبواران، بۆیە دەبینی لەسەر کۆنە کورسییە دارینەکان دادەنیشن و سەیری ئاگرە هاڵایساوەکە دەکەن و لە دەوری چاپەستێکی کۆنی مسواری کۆ دەبنەوە و چاوەڕێی پشکی خۆیان دەکەن لە بابۆڵەی بیبەر و پیاز و لۆرک و پەنیر و جاترە. تێکەڵانە ئەو هەموو بۆن و بەرامە بە چێژە، بەشێک لە کولتووری ئەو شارە پێک دێنن.
شارەکە لەمێژە لە ململانێیەکی درێژخایەندایە، ململانێی نێوان ناسنامەی کولتووری ڕەسەنی خۆی و هەوڵەکانی ڕژێمی سیاسیی پێشوو بۆ شێواندنی و، سەپاندنی وێنەیەکی جیاواز کە ڕەنگدانەوەی کەتواری مێژووەکەی نییە. وێنای دیرۆکی شاری لازقییە هەڵبەستراوە و ساختەیە، بەڵام هێشتا دەخوازێ دوور لەو پاشەگەردانییە سیاسی و پاوانخوازی بفامرێت و ببیسترێت.
دەیان ساڵە ئەم شارە لە هەوڵی هەناسەدان و ئاخاوتن و تەنانەت گریاندایە، بۆ ئەوەی بە هەموو جیهان بڵێت کە حەزی لە سیاسەت نییە، خۆی بە لانەی شێران نازانێت، هەرگیز گۆرانیی کەمئاستی بەرهەم نەهێناوە و بازاڕی چەوساندنەوە و ستەمکاریی گەرم نەکردووە. بەڵام ڕژێمی سیاسیی پێشووی سووریا، بە بەرنامە کاریان بۆ سڕینەوەی ناسنامەکەی دەکرد، بۆیە کۆمەڵێک گۆرانیبێژی میللی وا لە ڕووکەش دەرکەوتن، کە ناوەکەیان هەڵگرتبوو، بەڵام گوزارشتیان لە ڕۆحی ئەو شارە نەدەکرد. هەروەها زرێپۆش بەشەقامەکانیدا بڵاو بوونەوە کە گەنجانێک لێیان دەخوڕی، تەنانەت یەک زانیاریشیان سەبارەت بە مێژووی ئەو شارە نەدەزانی، بەڵکو تەواوی ئەو مێژووەیان بۆ تەنیا ساتێک کورت کردەوە، کە بە هاتنە سەر حوکمی یەک خێزان دەستی پێ کرد.
بە کوپێک قاوەی شیرین یان بە گۆتەی خەڵکی شارەکە، عوسمانلی، ماڵئاواییم لە دەریا کرد، لەگەڵ دایکمدا ڕێگای نێودەوڵەتیی نێوان لازقییە و دیمەشقمان بڕی، گەڕەک و کوچە و کۆڵانەکانم بەجێ هێشت کە لە تاریکیدا خنکاون، خەڵکێکی سەر لێ شێواو و داماو، کە چەندین پرسیار سەبارەت بەچارەنووسی شارەکە لەدوای هەشتەمی مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ شەوی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، لە مێشکیاندا خولی دەخوارد، ئایا فەرمانڕەوایانی تازە، مافەکانی ئەو شارە دەگێڕنەوە؟ یان دیسان نوقمی دەریاکانی تۆڵەسەندنەوە و شێواندنی سیاسی دەبێتەوە؟
پایەتەختی یاسەمین
لە ٢٦ی کانوونی یەکەم، نزیکەی دوو هەفتە دوای ڕووخانی ڕژێمی سیاسی لە سووریا و تەنیا پێنج ڕۆژ پێش کۆتاییی ساڵی ٢٠٢٤، من و دایکم گەیشتینە شاری دیمەشق. شار دەتگوت تازە لە مۆتەکەیەکی درێژخایەن، بەرەو خەونێکی جوان بەڵام ناتەواو، وەئاگا هاتووە. لە گۆڕەپانی ئومەوی ناوەڕاستی شاری دیمەشقدا، ئەسپەکان بە بەیداخی ئیسلامی و شمشێری دیمەشقی کە ئاڵایەکی تازەی پێوە دەشەکایەوە، دەسوڕانەوە. گۆڕەپانەکان لە هەموو لایەکەوە پڕاوپڕ کەلوپەل بوون و بووبوونە دەڵاڵخانە. سەرەڕای ئەو گۆڕانکارییە، بۆنی یاسەمین ئەو ناوەی پڕ کردبوو، دیسان ڕای دەگەیاند کە دیمەشق هەمیشە هەر پایەتەختی یاسەمینە.
لە گۆڕەپانی ئومەوییەوە بەڕێ کەوتین بەلای هێڵی ئاسنیی حیجاز و گۆڕەپانی یوسف ئەلعەزمە، تا گەیشتینە کۆنە شار، هەستم دەکرد بەناو مۆزەخانەیەکدا تێ دەپەڕم کە نوقمی ڕەسەنایەتی و جوانییە. لەگەڵ دایکم لە کافێی نەوفەرا دانیشتم، حەزم کرد کۆنەشارەکە دوا وێستگەی ماڵئاواییم بێت لە دیمەشق، پێش ئەوەی ئۆتۆمۆبێلەکە بگات و بەرەو سنووری سووریا و لبنان هەڵمان گرێت.
خانمی دنیا
من هەمیشە گوێم لە گۆرانیی ایا بیروت یا ست الدنیا یا بیروت - بەیرووت ئەی خانمی هەموو دنیاب ماجیدە ئەلڕۆمی، خانمە هونەرمەندی لبنانی دەبوو، بەڵام ئەوە یەکەم جارم بوو لەگەڵ دایکم سەردانی ئەو شارە بکەم، بینیم وەکو من کەشەنگ و ماندوو بوو، بە پەشێوییەوە دوای بۆشایییەکی سیاسیی درێژخایەن، خۆی بۆ پێشوازیی سەرۆکێکی تازە ئامادە دەکرد. ڕێگای سەرەکیمان بەرەو فڕۆکەخانە بڕی و بەهەر شارێکدا تێ پەڕین، دایکم فرمێسکی باراند. ئەسرینەکانی دەسڕییەوە و چاکێتەکەی چاکتر لە خۆی لوول دەدا، هەتا خۆی لە سەرما بپارێزێت. لێم پرسی: بۆ دەگری؟ گوتی: من بۆ نیشتمانەکەم دەگریم.
کاتی هەڵفڕینمان بوو، خانمی فڕۆکەکە ڕای گەیاند کەوا گەشتەکەمان بەرەو هەولێری پایەتەختی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات، ئەو شارەی کە دوو ساڵ لەمەوبەر سەردانم کرد و خۆشم ویست، بەڵام هێشتا پێی ئاشنا نەبووبووم. هەرچەندە ئەوجارە هاتنی ئێمە جیاوازە و، ڕەنگە ماوەیەکی درێژتر بخایەنێت و زیاتر بمێنینەوە، بەڵام سەردانەکەی پێشووم ئارخەیانی لە دڵ ڕواندبووم، منەتباری و پێزانینم بۆ برا کوردەکانم، کە بەدرێژاییی ساڵانی شەڕ، زۆریان بە سوورییەکان بەخشی، بەپێشوازیکردنی گەرم چارەسەری دەرد و برینەکانیان دەكردن.
شاری خۆر..
ئێرە هەولێرە، شاری گڕ و ڕووناکی.
گەیشتینە فڕۆکەخانە و خوشکەکەم کە ٤ ساڵە لە هەولێر دەژی و کار دەکات، لە پێشوازیماندا بوو. سەفەرمان دوورودرێژ و پڕ ماندووبوون بوو، یادەوەری و ماڵ و هاوڕێکانمان لە دوای خۆمان بەجێ هێشت، هەرگیز بەتەمای ئەوە نەبووم لە یەکەم ڕۆژەوە لەم شارەدا دڵی گەرم و خوانی ئاوەدان چاوەڕێی ئێمە بن، هەولێر باوەشی بۆ کردینەوە و فرمێسکەکانی ئێمەی سڕییەوە. هەولێریش لە شەڕەکان ڕزگاری نەبووە. زۆر چاک لەوە تێ دەگات کە مرۆڤ ناچار بکرێت ماڵ و خاکەکەی جێ بێڵێت، مانای چییە!
لە قاوەخانە دێرینەکەی مەچکۆوە، چاوم لە قەڵای هەولێر بڕیوە، دەڕوانمە جموجۆڵی ڕێبواران و دەنگی فرۆشیارەکان دەبیستم، خەریکی نووسینەوەی ئەم چیڕۆکەم، لە کاتێکدا هەڵمی چای گەرم قاوەخانەکەی داگرتووە و موزیکی جوانی کوردی نەغمە و ئاوازی دڵم دەژەنێت، وەک ئەوەی بەخێرهاتنم بکات و بڵێ: بەخێر بێیت بۆ وڵاتی دووەمت، هەولێر، ئەو شارەی هەرگیز خۆری لێ ئاوا نابێت.
وەرگێڕانی: ئیسماعیل خالید گەڵاڵی