چەند گەنجێكی مەخموور خۆبەخشانە دەستیان بەناشتنی سەدان ناوكی میوەی عەناب كردووە لە بناری چیای قەرەچوخ، خاوەنی بیرۆكەكە دەڵێ لە كوردستان میوەكەیان دەست نەكەوت، لە ئێران پەیدایان كرد.
نیاز قارەمان خاوەنی بیرۆكەكەیە و لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی دەستی بەزنجیرەیەك هەڵمەتی ناشتنی ناوكی میوەكە كردووە لە سنوورەكە و دەڵێ ئەو دارە بۆ ماوەی درێژخایەن پێویستی بە سەرپەرشتی نییە، بۆیەش میوەی عەنابیان هەڵبژاردووە، چونكە زۆر بەسوودە.
دەشڵێ دوای چاندنی نەمامی عەناب، بۆ ماوەیەكی كەم تا ڕەگی دادەكوتێ، پێویستە سەرپەرشتی بكرێ و ئاو بدرێت، دواتر كە خۆی گرت، پێویستی بە ئاودان و سەرپەرشتی نامێنێ.
ئەو گرووپە لە گەنجی خۆبەخش پێش ماوەیەك لە یەكەم هەڵمەتدا ٣٠٠ ناوكە عەنابیان چاندبوو، لە هەر چاڵێكدا دوو تا سێ ناوكیان ناشتبوو، لە دووەم هەڵمەتیشدا كە بەر لە چەند هەفتەیەك ئەنجامیان دا، زیاتر لە ٨٠٠ ناوكە عەنابیان ناشتووە. لە هەڵمەتی تریشدا دەیان ناوكی میوەی وەكو قەیسی و توویان چاندووە.
عەناب درەختێکی دڕکاوییە، هێندەی داری زەیتوونە و تا هەشت مەتر بەرز دەبێت، ڕووبەری سەوزاییی بەرفراوان دروست دەكا و هەندێكیان باریک و ڕاست و درێژن، هەندێكیشیان خوار دەبنەوە و لق و پۆپی زۆریان لێ دەبێتەوە، گەڵای وردە و لە گەڵای زەیتوون گەورەترە، لە بێ ئاوی و گەرمای زۆردا خۆڕاگرە، لە چەند شوێنێكی كوردستاندا هەن، بەرەكەی دەیان سوودی هەیە و وەکو دەرمانیش بەکار دێت، لەوانەش یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی شێرپەنجە، بۆ چارەسەری کەمخەوی و نەخۆشیی گەدە و ڕیخۆڵەش بەكار دێت.