سینگڵ بۆى نەبوو لەم قاوەخانەیە دابنیشێت
مەرج نییە مێژوو بە نووسین بنووسرێتەوە، بەڵکو دەکرێت بەچەندین شێوازى تر ئاماژە بدرێت بە ژیان و چاڵاکیی ئابوورى و هەڵسوکەوت و کار و پیشە و تێپەڕبوون بەقۆناغەکانى پێشکەوتنى مرۆڤ. لەم گۆشەیەدا هەرجارە و پیشەوەرێکى شارى هەولێر دەخەینە بەرچاوى خوێنەران پاڵپشت بەتابلۆیەک کە لە خەیاڵى هونەریماندا هەڵقووڵاوە و خەیاڵى وێنەکان دەگەڕێنەوە بۆ ساڵى ١٩٦٥ - ١٩٧٠.
ناوى پیشەوەر: حاجى مستەفا محەمەد ناسراو بە حاجى مستیل چایچى
لە ساڵى ١٩١٢ لە گوندى (بیرێژیان)ى سەر بەناحیەى پیرمام – هەولێر لەدایک بووە، لە تەمەنى لاویدا دێنە هەولێر و یەکەم جار پیشەى کاروانچییەتى دەکات و لە گەڕەکى خانەقا نیشتەجێ دەبن و خێزان پێک دەهێنێت، پاشان دەگوازنەوە بۆ خانووە تازەکەیان لە گەڕەکى سێتاقان، پاشان پیشەکەى دەگۆڕێت و چایخانەیەک دادەنێ لە بەرامبەر قەڵاى هەولێر نزیک مزگەوتى خانەقاى کۆن شوێنى چایخانەکەى، بەرامبەر چایخانەى مەچکۆى ئێستا، شوێنى دوکانەکانى وەستا دلێر فۆن.
لە ساڵى ١٩٧٦ کۆچى دوایى دەکات و هەشت منداڵى لە دواى خۆى جێهێشتووە. ناوى کوڕەکانى: محەمەد، ڕەشاد، بایز، زیاد، عیماد، نیهاد.
(ئەم زانیارییانەم لە پەڕتووکى بنەماڵە دێرینەکانى هەولێر - نووسینى عەبدوڵڵا مەلا عەلى بەشى یەکەم وەرگرتووە).
ئەم چایخانەیە یەکێک بووە لە چایخانە بەناوبانگەکانى ئەوکات، بەشى زستانە و هاوینەشى هەبووە و نافوورەیەکى بچووک لە بەشە هاوینییەکەیدا هەبوو، هەروەها وەک چایخانەى عەبۆ قاوەچى و چایخانەى مەچکۆ و چایخانەى سەید سەلیم.
لەم چایخانەیەدا خەڵکانى شارى هەولێر و ئەوانەى لە دەوروبەرى شاردا دەهاتن، چێژى چا خواردنەوەیان بەرکەوتووە و زۆر جاریش پیاوماقووڵانى شار و نووسەر و شاعیران و ڕۆشنبیرانیش سەردانى ئەو شوێنەیان کردووە و کردوویانەتە شوێنى یەکتر بینین و گفتوگۆکردن بەتایبەتى لە ڕۆژانى هەینى و ڕۆژەکانى جەژن و بۆنە ئایینییەکان.
هەروەها ئەم زانیارییانەشم لە لاپەڕەى بەڕێز سەید عیسا وەرگرتووە کە دەڵێ: شوێنى ئەم قاوەخانەیە موڵکى خوالێخۆشبوو عەبدوڵڵا شێخۆ بووە و حاجى جەمیل چەلەبى کردوویەتى بە قاوەخانە، دواى ئەوەى حاجى جەمیل کۆچى دواییی کردووە، حاجى مستیل بەکرێى گرتووە و بەردەوام بووە و یەکێک بووە لە چایچییە ئازا و بەتواناکان لە بەڕێوەبردنى قاوەخانەکە، ئەو کەسانەى سەردانى ئەم قاوەخانەیان کردووە هەموویان پیاوى بە ویقاڕ بوونە و هەر گەنجێک ئەگەر هاوسەرگیریی نەکردبایە بۆى نەبوو لەم قاوەخانەیە دابنیشێت.