سەربازەکان بۆ سینەما پشوویان وەردەگرت
دوای ئەوەی خەڵکی هەولێر بۆ ساڵانێکی زۆر بە خێزانەوە دەچوونە سینەما، هێدی هێدی بەهۆی ناوزڕانی سینەماكانەوە، خێزان لە هۆڵی سینەماكان دوور کەوتنەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی بەشێک لە سینەماکان بۆ داهات و قازانج، لە نێوان ساڵانی ١٩٨٤ و ١٩٨٩دا، پەنایان بردە بەر پیشاندانی فیلمی ڕووت، کە لە هەولێر بەفیلمی خیلاعی ناو دەبران.
ئەگەرچی لە ڕاستیدا فیلمەکان ڕووت نەبوون، بەڵكو فیلمی ئاسایی و کۆمەڵایەتی پەخش دەكران، چونکە ئەوسا چاودێری ڕێگای نەدەدا فیلمی ڕووت پێشان بدرێت، تەنانەت هەر فیلمێکیش دیمەنی ڕووتی تێدابا، لە چاودێری دەیانقرتاند.
بەڵام خاوەنی سینەماکانی هەولێر بەشێوەیەک لە شێوەکان بە بەرتیل و پارە، کۆمەڵێک دیمەنی ڕووتی هەندێک فیلمیان دەست کەوتبوو، تێکەڵی فیلمە کۆمەڵایەتییە ئاسایییەكانیان دەکردن و بەناوی فیلمی ڕووت پێشانی بینەرانیان دەدا، ئەگینا دیمەنە ڕووتەکان پێوەندییان بەفیلمەکانەوە نەبوو، هەر دیمەنێک هی فیلمێکی جیاواز بوو دەهێندرانە سەر شاشە و لەناكاو ڕووداوەكانی ناو ئەو فیلمەیان دەپچڕاند كە بینەر خەریكی سەیركردنیان بوو، بەڵام لەبەرئەوەی بینەرەكان لە بنەمادا بۆ مەبەستی دیتنی گرتەی ڕووت دەچوونە هۆڵەكانی سینەما، كێشەیان نەبوو لەگەڵ پچڕانی زنجیرەی ڕووداوەكانی ناو فیلمەكان و تێكەڵكردنی بە گرتەی ڕووت كە لە فیلمی جیاوازەوە وەرگیرابوون.
ئەوکاتە زۆرتر دیمەنی ڕووتی فیلمی ئەسپەکە و شوانە شێتەکە بەناوبانگ بوون، كە لە میانی زۆربەی فیلمەکاندا، دووبارە پیشان دەدرانەوە.
بەدەر لەمە، سینەماکان کاتێکی تایبەت و سەیریان بۆ پێشاندانی فیلمەکان تەرخان کردبوو، کە ئەویش ڕۆژانی هەینی بوو، بەتایبەتییش نیوەڕۆیان پێش نوێژی هەینی، لە كاتژمێر ١١:٣٠ تا كاتژمێر سێی ئێوارە دوو جار فیلم پیشان دەدران، جاری واش هەبوو سێ جار فیلمەکان پیشان دەدرانەوە.
ماوەی فیلمەکان زۆر کورت دەکرانەوە، گرینگ پیشاندنی دیمەنە ڕووتەکان بوون، بەگشتی ماوەی فیلمەكانی نیوەڕۆیانی هەینی لە ٤٥ خولەک تێپەڕی نەدەکرد، بەڵام سینەما جمەی دەهات. بلێتی چوونە ژوورەوە بەر نەدەکەوت، سەدان كەس دەچوونە ژوورەوە و خەڵکی وا هەبوو لەسەر زەوی دادەنیشتن.
خاوەن سینەماکان بۆیە ئەو کاتەیان هەڵبژاردبوو، چونکە ڕۆژانی هەینی و بەر لە نیوەڕۆ تا عەسر، سەربازەكانی ناو سەربازگەی هەولێر دەڕژانە ناو شار و بە كۆمەڵ دەچوونە سینەماكان بۆ سەیركردنی فیلمە ڕووتەكان.