زۆر کتێبی فەلسەفیم خیندەوە. دوای چەندان ساڵ تێ گەیشتم، خیندنەوەی کتێبەیلی فەلسەفی هیچ سوودێکیان نییە بۆ گەنجان و هێزی کار. مخابن درەنگ تێ گەیشتم، لۆیە بە گەنجان دەڵێم: تکایە تخونی کتێبی فەلسەفی مەکەون و پارە و کات و وزەت بەفیڕۆ مەدە. بریا کاتی خۆی یەکێک ئەوهای گۆتبامێ.
لەباتیی فەلسەفە، ئەی گەنجی ڕوو ئاڵ و پڕ لە وزە، بڕۆ خۆت فێری زمانێکی بیانی بکە، فێری کارامەیییەک بە (سکیڵ skill).
زۆر گەنج دەبینم لە کوردستان، خۆیان خەریک کردووە بە فەلسەفە. کتێبەیلی فەلسەفی دەخیننەوە و هەر دەوی بکاتەوە دەڵێ فڵان فەیلەسووف ئاوا دەڵێ و فیسار وای گوت. خەمەکە ئەوەیە هیچیش لە فەلسەفە حاڵی نەبوونە و ناشبن. چما مامۆستاکانیان هیچ حاڵی بووینە لێی؟
لە ماوەی پێنج دەیەی بووریدا، ڕۆشنبیرانی مە وایان لە گەنجان گەیاندووە، کە ئیللا دەبێ فەلسەفە بخیننەوە، ئەوجە دەبنە بەشەر، دەبنە شت، موسەقەف دەبن. وا نییە، نەک سەرچیغ ڕۆیشتوون، تا سەر ئێسک هەڵەن. دڵنیاتان دەکەمەوە گەنجان: ئەگەر فەلسەفە نەخیننەوە و زمانێکی بیانی فێر بی، زۆر قازانج دەکەی. بڕۆ خۆت فێری پیشەیەک بکە، سەت قات باشترە. پێویست ناکات هیچ فەیلەسوفێک بناسی، ناوی هیچیان مەزانە، چونکە بزانی و نەزانی، هیچ لە وەزعەکە ناگۆڕێت. هەر گەنجێک بە دوو فەلسەفە بکەوێت، ئیفلاس دەبێت. بڕۆ ببە بە وەستای سپلیت، ببە بە بۆڕیچی. بریا وام کردبا.
داوا لەو چاپخانە ناپڕۆفێشناڵانە دەکەم، چیی تر کتێبی فەلسەفی چاپ نەکەن. کتێبی زۆر باش و نوێ هەن لەسەر بزنس و کارامەیی و پیشەکان، ئەوان وەرگێڕن و چاپ بکەن. چیی تر بەقسەی ڕۆشنبیرەیلی بێ ئیش، گەنجان مەگەوجێنن و دەسخەرۆ مەدەن.
فەلسەفە بۆ نوخبەیەکە کە تێوەی گلاون، دەستوپێ سپینە و هیچ شتێکی دی نازانن و خۆیان پێیدا شۆڕ کردیتەوە. لە قسەی گەورە بترازێ، هیچی دییان پێ نییە. خەمەکە ئەوەیە، ئەوانەی خۆیان بە پسپۆڕ دادەنێن لە فەلسەفە بەسەقەتی تێی گەییون و بەسەقەتیش نەقلی دەکەن، تومەز بە عارەبییەکی شڕوپڕ دەخیننەوە، ناتوانن لە زمانی یەکەم فەلسەفە بخیننەوە، بشخیننەوە هەر تێی ناگەن.
دەوڵەت بە هێزی کار دروست دەبێت و بەڕێوە دەچێت نەک بەفەلسەفە. پیشە، کارامەیی و زمان دەتگەیەننە ئامانج، نەک فەلسەفە.