”کیژێ سەبۆ، ئەمنا لەباتی هەردووکا لە پێش دایە، ئەتوو نەدەی!“ دادە مەبەستی ئەوە بوو کە پارەی خۆی و دەستەخوشکەکەی داوە.
”کوڕم ئەتوو بە خۆ فیراری، لۆ پارێ منت دا؟“ کابرا سەرباری چاکە، لە ترسی ئەوەی نەکا ئینزیبات و فیرارگر لەناو ئامانەکە بن، کونە مشکی لێ بووە قەیسەری و ئێستاش نەیزانی چۆن و بەدەرگا یان لە پەنجەرەکە دابەزی.
ئەمانە نموونەی دوو سەربووردە و نوکتەی خۆشی ناو ئامانە و ڕیمەکان بوون. ئێستاش کابرا لەناو کۆستەر و مینی پاس، مۆبایلی بەبناگوێی خۆی ناوە و گوایە قسە لەگەڵ کەسێک دەکات، وا دەزانێت لەمبەری چیا بۆ ئەو بەر، بانگی برادەرەکەی دەکات، هاوار دەکات و دەنگی ڕۆژەڕێیەک دەڕوات!
ماوەیەکە خوم داوەتە سواربوونی پاس و کۆستەرەکان، هەندێک جار لە ماڵەوە بۆ بازاڕ و بە پێچەوانەوە، هەندێک جاریش وەک کۆنجکۆڵییەکی ڕۆژنامەنووسی و بۆ گوێگرتن لە چیڕۆکەکانی خەڵک، لە گەڕەکێکەوە دەچمە گەڕەکێکی تر و بەشی ڕۆمانێک چیڕۆکم کۆ کردوونەتەوە!.
ڕاستییەکەی، ئێستاش ئەو هۆکارانەی هاتوچۆی گشتی پڕن لە چیڕۆک، چیڕۆکی خەمگین و ناخۆش، هیی خۆش و دڵگیریش، بڕێ جاریش تێکەڵەیەک لە هەردووکیان.
من کوڕی شار نیم، بەڵام بیرمە بەمنداڵی کە لە بێخاڵەوە لەگەڵ دایک و باوکم بۆ سەردانی ماڵە پوور و خاڵەکانم دەهاتینە هەولێر، جار جار ڕێک دەکەوت کە لە گەراج بە سواری (ئامانە) بچینە شوێنی مەبەست.
ئەو کات لەو هەولێرەی کە ئێستا خەریکە دووکەڵی ژەهراویی ئۆتۆمۆبێل دەیخنکێنێت و قەرەباڵغییش شەقامەکانی، کۆمپانیای گشتیی گواستنەوەی (سەفین) هەبوو و سەنتەرەکەی لە جێی ئێستای مێگا مۆڵ بوو. وێستگەی چاوەڕوانیی ئامانەش لە هەموو گەڕەکەکان هەبوو و لە کاتی خۆیدا ئامانەکان دەگەیشتن و دەڕۆیشتن.
ساڵ هاتن و چوون، دوا قۆناغی زانکۆم هەر لەو هەولێرە بەهاتوچۆی ناو ڕیمەکان لە نێوان بەشی ناوەخۆیی و زانکۆ تەواو کرد. ئەو کاتیش سەنتەری ڕیمەکان (پێیان دەگوت ساحەی ڕیمان) بەشێکی لای بازاڕی نیشتمانیی ئێستا و بەشەکەی تری لە کۆتاییی شێخەڵڵا بوو، نزیک شەقامی سی مەتری بەلای پردی سەیداوە. ئەم سەربووردەیەش بەزمێکە بۆ خۆی، ئاخر تا دەگەیشتمە کۆلێژ، دەبوو لە لای بازاڕی سوورچیانی سەر شەست مەتری بەڕیمێک بێمە لای گۆڕەپانەکە و لەوێش بە سواری ڕیمی مەنتکاوە، ڕێی کۆلێژم گرتبایە بەر.
زایەڵەی ناوەکانی ئامانە و نێرینە و مونشەئە و پەست و پاس و کۆستەر، ئێستاش کە مینی پاسی هاتووەتە سەر، لە زەینمدا دەزرنگێنەوە و هەر یەکێکیش لەوانە یادگارییەکیان هەیە.
ناوی پەستم کە وێ دەچێت هەر لە پاسەوە هاتبێت، لە باوکی ڕەوانشادم بیستبوو، نە بینیبووم و نە بینیشم، گوایە نیوەی زیاتری تەختە بوو. لە قۆناغەکانی تری تەمەندا و بەبۆنەی جیاواز، سواری ئەوانی تر بووم.
نێرینە لە خڕوخەپانییەکەوە هەر بەڕاستی لە نێری (تەگە)یەکی خڕوپڕی دەکرد. ناوی ئامانە کە دوور نییە هەر لەناوی (الامانة العامة للنقل والمواصلات) و مونشەئەش کە سەردەمی زانکۆی بەغدا بە ڕاکەڕاکەی دوایان، بۆ ئەوەی لەناو حەشاماتی عەسکەر بتوانین کورسییەک بگرین، ئارەقەی ڕەش و شینمان دەکرد، لەوانەیە لە (منشأة النقل والمواصلات)ەوە هاتبێت، دەنا چەندی هێنام و بردم، واتایەکم لە کوردیدا بۆیان نەدۆزرایەوە و باوەڕ ناکەم لە فەرهەنگانیشدا، ناو و واتاکانیم دەست بکەوێت کە ڕیشەکەیان بچێتەوە سەر زمانی دایک!
بەهەرحاڵ، هەموو ئەو شێر و ڕێوی هێنانەوەم بۆ دوو شتە:
یەکەم: ئەگەر ڕۆژنامەنووسی سەرکێش و کونجکۆڵکار هەبێت، بەشی ساڵێک، بابەتی هەواڵ و ڕاپۆرتی ڕۆژنامەنووسیی کە خەمی خەڵک و خۆزگە و خەونەکانیانە، دەستی دەکەوێت.
دووەم: لایەنی پەیوەنداریش لە حکوومەت ئەگەر بڕیارە پلانێکی تۆکمەی بۆ کاڵکردنەوەی کاریگەرییەکانی پیسبوونی شار، پاراستنی ژینگە، بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی و خنکانی شەقامەکانی هەبێت، کەرتی گواستنەوەی گشتی ڕێک دەخاتەوە. بەمەش بە بەردێک دوو چۆلەکە دەپێکێت. لە لایەک خەڵک لەسەر کولتووری کەم بەکارهێنانی ئۆتۆمۆبێل ڕادەهێنێت و لە لایەکی تریش دەرگایەکی تر بەسەر خەزێنەی داهاتەکەیدا دەکاتەوە.
واز لە میتڕۆ و ترام بێنن، وەکو تر، منی فەرمانبەر ئەگەر لەوە دڵنیا بم کە پاسێک لە شوێنکاتی خۆی دەگات و دەڕوات و بە ئاسانی دەگەمە دەوام، بۆ پێویستی نەبێت، سلف لە ئۆتۆمۆبێلەکەم نادەم و ڕۆژانەش لانی کەم دوو تا سێ هەزار دینار دەخەمە کۆشی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن.