ئاشی مام خدر سەدەیەكە باراش لێ دەکات
ئاشی مام خدر سەدەیەكە باراش لێ دەکات
February 19, 2025

كۆمپانیا ئینگلیزییەكە دەیەوێ بیباتە مۆزەخانە

شوێنەوارە دێرینەكانی كۆیە زۆرن، ئاشی مام خدر یەكێكیانە، بەڵام جیاوازییەكەی ئەوەیە كە هێشتا كار دەكا و پیشاندەری ڕووەكی جوانی ژیانی جارانی شارەكەشە كە نزیكەی 100 ساڵ بەسەر دامەزراندنیدا تێپەڕیوە و تا ئەمڕۆش باراش دەهاڕێ.
ئەم ئاشە كۆنەی كۆیە لە 13ی شوباتی 1928 لەلایەن ئەمین ساڵحەوە دامەزراوە، مام خدر ئەمین ساڵحیش كە بە مام خدری ئاشەوان ناسراوە و لە ساڵی 1931 لەدایک بووە، ئاشەكەی لە باوكییەوە بۆ ماوەتەوە و هەر بەناوی ئەویشەوە ناوبانگی دەركردووە، چونكە ماوەی 76 ساڵە سەرپەرشتیی ئاشەكە دەكات.
دەگوترێت ئاشی مام خدر، یەکەمین ئاشی ئاگری بووە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق، كە تاوەکو ئەمڕۆش لەکار نەکەوتووە و هاووڵاتییانی سنووری قەزای كۆیە تا ئێستا بۆ لێکردنی باراش ڕووی تێ دەكەن.
ئه‌م ئاشه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناو سەنتەری شاری كۆیه،‌ به‌رانبه‌ر قشڵه‌،‌ له‌سه‌ر ڕووبه‌ری 801 مه‌تر دووجا دروست كراوه‌، ئامێر و كه‌لوپه‌له‌كانی ئه‌م ئاشه‌ له‌ به‌ریتانیاوە هاوردە كراون.
زانا خدر کوڕی مام خدرە، دەڵێ “حاجی ئەمینی باپیرم لەگەڵ کۆمپانیایەك بەناوی (ڕیستۆن لین کۆڵن ئینگڵاند) بەماوەی 10 ڕۆژ ئەم ئاشەیان دامەزراندووە”.
دەشڵێ ئەوان تا ئێستا لەو ئاشە كار دەکەن، خەڵک باراش دەهێنن و بۆیان دەهاڕن. مەکینەی ئاشەكەیان بە نەوتی دیزل کاری دەکرد، بەڵام ئێستا نییە و بە گازی شل کاری پێ دەکەن.
زانا خدر گوتیشی لە ساڵی 2017، لە ساڵی 2018 و ساڵی 2021یش کۆمپانیای دامەزرێنەری ئاشەكە نوێنەریان ناردووە بۆ كۆیە، یەكەم جار كە دیتیان ئەو ئاشە بەو شێوەیە ماوە، دەستیان کرد بەگریان، هەرسێ جار ویستوویانە ئاشەكە ببەنەوە، بەڵام ئەوان ڕازی نەبوون بیاندەنەوە، لەبەرئەوەی ئاشەکە بووەتە ناسنامە و شوێنەوار بۆ کۆیە و بۆ خانەوادەی مام خدر.
دەشڵێ هەرچەندە قازانج و داهاتی ئەو ئاشە زۆر نییە، بەڵام لە پێناو مانەوەی تا مردن کاری پێ دەکەن و دای ناخەن.
زانا خدر گوتیشی: ئاشەکە بە پێنج قایش ئیش دەکات و نزیکەی سەدەیەکە لەکار نەکەوتووە، جاران باراش زۆر بووە، خەڵک بە 10 ڕۆژ ماوەتەوە تا نۆرەی هاتووە و باراشەکەی لێ بکات.

 

 

 

 


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved