هاوردەكراو ناتوانێ ڕكابه‌ریی په‌نیری كوردی بکات
سەرباری هەبوونی چەندین جۆر پەنیری هاوردەكراو لە بازاڕەكاندا، هێشتا پەنیری کوردی بەها و گرینگیی جارانی ماوە و تا ئێستاش بەشێکی سەرەكییە لە سفرە و خوانی بەیانیانی هەولێر، لە كۆنیشەوە به‌شێكی سەرەكیی بازاڕی قه‌یسه‌ری تایبەت بووە بەساغكردنه‌وه‌ی په‌نیری كوردی و تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت ئەو بازاڕە جمەی دێت لە كڕیار.
ناسح محه‌مه‌د به‌قال، ته‌مه‌ن ٩٠ ساڵ، له قه‌ڵاتی هه‌ولێر له‌دایك بووه، زیاتر له حه‌فتا ساڵه له‌و بازاڕە كاری په‌نیرفرۆشی ده‌كات، ئه‌و كه پیشه‌كه‌ی له باوكییه‌وه بۆ ماوه‌ته‌وه، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت، باوكی ساڵی 1922 له گوندی خۆرانی ده‌ڤه‌ری خۆشناوه‌تی هاتووەته هه‌ولێر و له بازاڕی قه‌یسه‌ریی ده‌ستی به په‌نیرفرۆشی كردووه.
ئەو له‌باره‌ی سه‌رچاوه‌ی هاورده‌كردنی په‌نیری كوردی بۆ بازاڕه‌كانی شاری هه‌ولێر ده‌ڵێت، له كۆنه‌وه ساڵانه له وه‌رزی پایزدا به‌مه‌به‌ستی كڕینی په‌نیر، ده‌چن بۆ لای ئه‌و ڕه‌وه‌ندانه‌ی كه له ناوچه كوێستانییه‌كانی وه‌كو سیده‌كان و باڵه‌كایه‌تی سه‌رقاڵی ئاژه‌ڵ به‌خێوكردنن، ده‌شڵێت، ئه‌و كه‌سانه‌ی په‌نیر له ڕه‌وه‌نده‌كان ده‌كڕن پێیان ده‌گوترێت به‌قال.
هەروەها باس له باشترین جۆری هەوێنی شیری په‌نیری كوردی بۆ (گڵكه‌ند) ده‌كات و ده‌ڵێت: «باشترین هەوێن شیلكی مه‌ڕییه كه نه‌رم و چیڕه، له كن قه‌سابه‌كان ده‌ینین و له گوانی حه‌یوانی ده‌رده‌ینین، پاش ئەوەی وشكی ده‌كەینەوە، پارچه‌كی ئه‌و شیلكه‌ی ده‌هاوێینه ناو شیری هەوێنه‌كه‌ی كه په‌نیری لێ دروست ده‌كه‌ین». ئه‌و ئاوه‌ی كه له په‌نیره‌كه‌ش ده‌مینێته‌وه ده‌یكورێنن و هه‌ندێك شیری تێ ده‌كه‌ن ده‌بیته لۆر، ئه‌گه‌ر ئاوه‌كه‌شی وشك كرد ده‌بیته ژاژی.
ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات كه له پێنج كیلۆ شیر كیلۆیه‌ك په‌نیر دروست ده‌بێت، هه‌روه‌ها بۆ پارێزگاری كردن و ڕێگری له ماوه‌به‌سه‌رچوونی، هیچ مادد‌ه‌یه‌كی كیمیاییی له‌گه‌ڵ تێكه‌ڵ ناكرێت، ته‌نها هه‌ندێك خوێی پێدا ده‌كرێت دواتر ده‌خرێته ناو كیسه‌ی گه‌وره و پاشان له ئامێری ساردكه‌ره‌وه هه‌ڵده‌گیرێت، به‌ڵام نابێت بگاته پله‌ی به‌ستن، چونكه په‌نیره‌كه ورد ده‌بێت، ده‌شڵێت، پێشووتر كه ئامێری ساردكه‌ره‌وه نه‌بوو، ده‌خرایه ناو پیستی ئاژه‌ڵ و له ژوورێكی حه‌سار داده‌نرا، له ژێریدا حه‌سیر ڕاده‌خرا.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، شیری مه‌ڕ له باشترین جۆری شیره بۆ دروستكردنی په‌نیر، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر له‌وه‌ڕه‌كه‌ی له ناوچه كوێستانه‌كان بێت تامی شیره‌كه خۆشتر ده‌كات، وه‌ك مام ناسح ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، خواستێكی زۆر له‌سه‌ر په‌نیری كوردی هه‌یه، ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی پارێزگاكانی تریش دێنه لای ئه‌وان به‌مه‌به‌ستی كڕینی په‌نیر، ده‌شڵێت، ئه‌وه‌ی فێری خواردنی په‌نیری كوردی بێت په‌نیری تر ناخوات، چونكه خواردنێكی ته‌ندروسته.
ناسح به‌قال له ته‌مه‌نی لاوی‌دا له‌سه‌ر پشتی وڵاخ ڕێگا سه‌خت و ناوچه شاخاوییه‌كانی بڕیوه بۆ په‌نیر كڕین، باتمانێك كه ده‌كاته (12 كیلۆ) په‌نیر به پێنج دینار مامه‌ڵه‌ی پێوه كراوه، هه‌ر جارێك كه چووه بۆ ئه‌و ناوچانه نزیكەی 15 ڕۆژی ویستووه تا گه‌ڕاوه‌ته‌وه هه‌ولێر، به‌ڵام ئێستا ته‌مه‌ن به جۆرێك زه‌فه‌ری پێ بردووه ته‌نانه‌ت ناتوانێت ڕۆژانه وه‌ك پێویست سه‌ردانی دوكانه‌كه‌شی بكات، له بریی ئه‌و كوڕه‌كانی كاروباره‌كان به‌ڕێوه ده‌به‌ن.