بەم زستانە مەلەوانگەكان جمەیان دێت
بەم وه‌رزی زستانه، مەلەوانگە نوێیەكانی هەولێر كە بەزۆری كەوتوونەتە ناو هۆڵەكانی وەرزشكردن و لەشجوانی، جمەیان دێت لە ئافره‌تان.
چەند ساڵێكە ژماره‌یه‌ك مه‌له‌وانگه‌ى ئۆڵۆمپی و مۆدێرن لەناو شاری هەولێر كراونەتەوە، ئافرەتان و پیاوان لە تەواوی وەرزەكانی ساڵدا ڕوویان تێ دەكەن، لە كاتێكدا پێشتر لە كوردستاندا تەنها پیاوان بۆ دەربازبوون لە گەرمای هاوین، بەمەبەستی مەلەكردن ڕوویان لە حەوز و ڕووبارەكان دەكرد.
فلۆر مه‌حموود ڕاهێنه‌رى مه‌له‌وانی تایبه‌ت به ئافره‌تانە لەبارەی پەرەسەندنی مەلەكردن لە مەلەوانگەكاندا لە وەرزی زستان بۆ (گڵكه‌ند) دەڵێ ”مەلەكردن چیی تر تەنها بۆ خۆفێنككردنەوە نییە، بەڵكو وەرزشێكی گرینگە و ئێستا ئافرەتانیش دەیانەوێ بەشێوەی زانستی فێری مەلەكردن ببن، چونكە سوودێكی گەورەی بۆ لەشڕێكی و تەندروستی هەیە“. ئەو ڕاهێنەرە ئافرەتە ئاماژە بەوە دەدات كە ئه‌و كه‌سانه‌ى سه‌ردانیان ده‌كه‌ن له مه‌له‌وانگه‌كان بەزۆری بۆ مەبەستی فێربوونی مه‌له‌وانی و مه‌له‌كردنە، بەڵام به‌شێكیان بۆ چاره‌سه‌رى گرفتەكانى ئێسك و پشت و كێشەكانی تری جەستەیانە، به‌شێكی تریشیان بۆ به‌هێزبوونى ماسولكه‌كان دێن كه خۆیان مه‌له‌زانن.
هەروەها له باره‌ى بەشداریی چاڵاكانەی ئافره‌تانیشەوە، فلۆر پێی وایە كە ئێستا كۆمه‌ڵگە پێشكه‌وتووه و ڕێژه‌ى به‌شداریكردنى ئافره‌تان بەرز بووەتەوە و ئافرەتان له هه‌موو كاته‌كانى ڕۆژدا سه‌ردانى مەلەوانگەكان دەكەن.
لاوین ڕه‌زاق كچێكى ته‌مه‌ن 32 ساڵه، له یەكێك لە مەلەوانگەكانی هەولێر مەلە دەكات و دەڵێ هەموو ڕۆژێ سه‌ردانى مه‌له‌وانگه ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی جه‌سته‌یه‌كی ته‌ندروستی هه‌بێت و دەروونی ئارام بێتەوە، هەروەها بەلایەوە گرینگە له‌شولارێكی ڕێكی هەبێت و لەم بارەیەوە مەلەوانی بەڕێگەیەكی باش دەزانێ.
لاوین لەبارەی گرینگیی مەلەوانییەوە خوێندوویەتییەوە و دەڵێ وه‌رزشكردن له ناو ئاودا سوودی زۆرى بۆ جه‌سته‌ى ئافره‌تان هه‌یه و ماسولكه‌كانی به‌هێز ده‌كات، پێی وایە دەبێ ئافرەتان ئاگاداری ته‌ندروستى و جه‌سته‌ى خۆیان بن، بۆ ئەوەی بتوانن ژیانێكی خۆش بەڕێ بكەن.
لەلایەكی ترەوە مه‌ولوود ئه‌سعه‌د ڕاهێنه‌رى ئاسته جیاوازه‌كانى مەلەوانیی كوڕانە لە مەلەوانگەیەكی هەولێر، باس لەوە دەكات كە ئێستا له هه‌ولێر خه‌ڵك هۆشیارییه‌كی زۆریان هه‌یه لەبارەی جۆرە جیاوازەكانی وەرزشەوە، لەناویشیاندا مەلەوانی كه چیی تر خەڵك تەنها بە هاوین ڕووی تێ ناكەن، بەڵكو ئێستا له‌م وەرزی زستانەشدا مەلەوانگەكانی كوڕان و كچانیش جمەیان دێت.
ئاماژەش بەوە دەكات كە مەلەوانگەكان لە ڕووی جۆرێتییەوە چاودێری دەكرێن و پاكوخاوێنیان پارێزراوە، بۆیە خەڵكیش دڵنیان لە بەكارهێنانیان، هەروەها پشكنینی تەندروستی بۆ تەواوی سەردانیكەرانیان دەكەن. هەروەها ستافی پیشەییش هەن كە سەردانیكەران لە خنكان دەپارێزن و خولی بەردەوامی فێركردنی مەلەوانیشیان هەیە.