سەرۆک شارەوانی
سەرۆک شارەوانی
February 23, 2025

لە شارەوانیی هەولێر مەساح بووم، بەئارەزووی خۆم کاری ڕاگەیاندنیشم دەکرد، لەبەرئەوەی خەڵکم زۆر دەناسی، پەیوەندییەکانیشم بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیش دەکرد، شوێنەکان شارەزا بووم، دەمویست لە جووڵە و گۆڕانکارییەکانیش ئاگادار بم.
لە ڕۆژی٢٠\٧\١٩٩٤ گوتیان وەرە خوارەوە بەڕێوەبەر تۆی دەوێت! ‹›پۆستەکە بووبوو بە سەرۆک، بەڵام هەر پێیان دەگوت بەڕێوەبەر››، کە چووم، گوتی؛ ئۆتۆمۆبێلەکەت بەنزینی تێدایە، گوتم بەڵێ!
گوتی؛ بۆ یارمەتیی کرێکارەکانمان، پەرەپێدانی هەڵمەتی پاککردنەوەی ناوشار با بچینە عەنکاوە!
منیش گوتم؛ بەچاوان ئامادەم!
پێکەوە بە کرۆنا سپییەکەی من، تەق تەق چووینە عەنکاوە، ”لەو ساڵانە هەموو ماڵ، سەنتەر، مەڵبەند، بنکە دەستڕۆیشتووەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە خێرخوازییەکان بارەگەکانیان لەوێ بوون، هیچیان لەناو شاری هەولێر نەبوون، هەمووشیان کرێچیی ئەوان بوون“، سەردانی دوکتۆر (سەعید)مان کرد، ئەو بەرپرسی (WFP)ی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو. سەرۆک شارەوانیی هەولێر خۆی پێ ناساند، بە زمانی عەرەبی پێی گوت؛
هاتووم بە زەخیرە، ئارد، ڕون، شەکر، ئاوی تەماتە یارمەتیی پاککەرەکانی شارەوانییەکەمان بدەن! بارودۆخیان خراپە، دیارە ئەگەر برسی بن، ناتوانن شارەکە پاک بکەنەوە، هەندێکیان مۆڵەت وەردەگرن دەچن دەرۆزە دەکەن، لە دەوڵەمەندەکان زەکات کۆدەکەنەوە، ئەدی ئێوە ناڵێن؛ خواردن بۆ ئەو کەسەیە، کار بکات!
دوکتۆرەکە گوتی؛ دەزانم، بڕوا دەکەم، بەڵام جارێ هەندێ ئاڵۆزیی بار و گەیاندنمان هەیە، زەخیرەکانمان نەگەیشتوون، کاریش بۆ ئەوە دەکەین، کێشەکان چارەسەر بکەین، بەرنامەکانمان دەکەونە سەرکار، دوای ئەوە، دەتوانین یارمەتیتان بدەین! نائومێدتان ناکەین!
هەر لە درێژاییی قسەکانیدا، بەمتمانەوە گوتی؛ چ بکەین ئەوە عێراقە، حکوومەتەکەی کەلەڕەقە، پەنجە لە چاوەکانی خۆی ڕادەکات، ماوەیەک لەوەپێش لە باشوور بووم، دروست لە شاری ناسرییە. لەوێ ژیانی هاووڵاتییان سەختە، گرانی و ئابڵووقانەکان کاری لەسەر گوزەرانیی خەڵکەکە کردووە، ئینجا بەو گەرمایە، لەوێ چوار کەسیان لەسەر قسەکردن لەسێدارە دابوو، تەرمەکانیان بەهەڵواسراوەیی لەسەر شەقامەکاندا مابوونەوە، خۆم ئەو دیمەنەم بینی، ناتوانم لە بیری بکەم! هەموو باسی ئەوەیان دەکرد، وڵاتەکە خێراتی زۆرە، بەڵام شەڕ و تاکڕەوییەکانی سەرکردەکەی، ئەو نەهامەتییانەی بەسەر ئەو وڵاتەدا هێناوە! دووریش نییە، ئەگەر بەند و داواکانی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێ بکەن، لەو دوو سێ مانگە گەمارۆکان لەسەر وڵات هەڵدەگیرێت، بارودۆخەکە بەرەو باشتر دەڕوات.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved