خۆشەویستی، بابەت و چەمكێكی هەستیارە، بارێكی سۆزامێز و ئاڵۆزیشە، پێوەندیی تەواوی بەڕەفتاری مرۆڤەوە هەیە، زیاتر دەچێتە ناو ڕوح و دەروون، ڕامبوون و هۆگری لە مرۆڤ دەچێنێت، بۆ بەردەوامبوون و گەشەسەندنی، پێویستی بە پەروەردەكاری و ڕاستگۆیی و ڕێزی هاوبەشی نێوان تاك لەگەڵ یەكتر و لەگەڵ كۆمەڵ هەیە.
خۆشەویستی، لە ناوەخندا بۆی هەیە شێوازێك لە لەبارچوون ببینێت، وەلێ قەت نامرێت و دوایی نایەت، بەڵكو لەوەیە لەگەڵ كات و سەردەم و بارودۆخ، ئەویش بگۆڕێت، بەڵام خۆشەویستیی قووڵ و ڕاستینە و بێ گەرد، لەوەیە شێوەی بگۆڕێت، بەڵام كاڵ نابێتەوە. خۆشەویستی لای كافكا تەنیا هەستێكی ڕۆمانسیی سادە نییە، بەڵكو دونیایەكە لە ئەزموون و دژەكاری و نیگەرانی و بارێكی دەروونیی تێكەڵ بە ئاسوودەیی و ژانوژوور، مەرجیش نییە هەرجار چاوگەی خۆشی و ئارامی بێت، بەڵكو غەریزە (ماك)ێكە دەرخەری لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی مرۆڤە.
كافكا ماڵوحاڵی نەبوو، تا مرد بە ڕەبەنی ژیا، ئەزموونی وی لەگەڵ خۆشەویستی لەناو كەسێتی و دەروونیدا، فرەلایەن و دەوڵەمەندە. لەمەوە با چیڕۆكەسەرهاتی (ونبوونی لەیستۆك)ی كافكا باس بكەین كە لە كتێبی (پەیامبەری خۆشەویستی)ی دۆرا دیامانت هاتووە.
ڕۆژێكیان كافكا لە پاركێكی بەرلین پیاسە دەكات، دەبینێ كچۆڵەیەك بەكوڵ دەگری! چونكە بووكۆكە لەیستۆكەكەی خۆی بزر كردبوو. كافكا خۆی لەگەڵ كچۆڵەكە دەست دەكەن بەگەڕان بەدوای لەیستۆكەكە، تا درەنگان خەریك دەبن كەچی نایدۆزنەوە، بۆیە ڕوو دەكاتە كچۆڵە و دەڵێ: با سبەی بێینەوە، كێوە دەچێ! هەر دەیدۆزینەوە. ڕۆژی دواتر دیسانەوە بەیەكەوە دەگەڕێن، كەچی بێ ئەنجام دەمێننەوە.
كافكا نامەیەك دەداتە كچۆڵەكە تیایدا لەیستۆكەكە دوابوو و لێی نووسرابوو: توخوا مەگری، من سەرامەدی گەشتێكم بە دونیادا، كە گەڕامەوە سەرەڕۆیییەكانمت بۆ دەگێڕمەوە. دوای سەردەمانێك، كافكا چیڕۆكی سەركێشییەكانی لەیستۆكەكەی نووسییەوە كە بووە بەرزەپەندی خودی كافكا خۆیشی.
لە دیدارەكانی لەگەڵ كچۆڵەكە هەرجار هەندێ لەو سەركێشییانەی ناو نامەی لەیستۆكەكەی بۆ دەخوێندەوە، گێڕانەوەكان بۆ كچۆڵەكە زۆر سەرنجڕاكێش و چێژمەند دەبن. دواجار كافكا لەیستۆكێكی كڕی و هێنای دایە كچۆڵەكە و گوتی: ئەمە لەیستۆكەكەتە لە گەڕوگەشت هاتووەتەوە. كچۆڵەیش بینی و گوتی: ئەمە هەرگیز لە لەیستۆكەكەی خۆم ناچێ و هەو نییە!
دواتر كافكا نامەیەكی تر بەناوی لەیستۆكەكە دەنووسێت و دەیداتە كچۆڵەكە كە تیایدا نووسرابوو: گەشتەكانم منیان گۆڕیوە، وەك جاران نەماوم!. ئەمە وای كرد كچۆڵەكە لەیستۆكەكە بخاتە باوەشیەوە و بەدڵخۆشییەوە بگەڕێتەوە ماڵەوە. دوای ساڵانێكی زۆر، پاش مەرگی كافكا، كچۆڵەكە گەورە بووبوو و لەناو هەناوی لەیستۆكەكە نامەیەكی كافكای دۆزییەوە كە لێی نووسیبوو: لەوانەیە هەر شتێكی خۆشت دەوێ لەدەستی بدەیت، وەلێ خۆشەویستی بە جۆر و ڕەنگێكی تر هەر بۆت دەگەڕێتەوە.