غەفوور مەخمووری، لاوێک بوو تازە هەڵدەهات، بەدوای کتێب و ڕۆژنامەدا دەگەڕا، مەحموود زامدار بوو بە بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی لە هەولێر، غەفوور زوو زوو دەهاتە لای و بابەتی فۆلکلۆریی بۆ دەهێنا.
ڕۆژی ١٩٨٨/١٢/٢١، لەگەڵ هەردوو ڕەوانشاد فیکرەتی پارێزەر و بورهانی ئەندازیار، چووینە لای زامدار، لەوێ نەبوو، گوتیان لەگەڵ برادەرێک چوویتە مەسیف، تا ژوورێک بۆ ئاهەنگی شەوی سەری ساڵ ڕێک بخەن، لەپڕ کاک غەفوور پەیدا بوو، پرسیاری زامداری کرد، تا بەرەبەری نیوەڕۆ دانیشت، گوتی:
دەبێت بچمەوە مەخموور، ئەو سێ ماسییەم بۆ زامدار هێناوە.
فیکرەت گوتی: من بۆی دەبەمەوە ماڵ.
هەستاین و چووینە ماڵی فیکرەت، لەوێ تەماشای ماسییەکانی کرد و گوتی:
• کوڕە ئەوە ماسیی ڕووباریە، زۆر نایابە، با بۆ خۆمان بیخۆین.
خوشکە خاتوونەکانی فیکرەت، زۆر بەجوانی ماسییەکانیان چا کرد، تێروپڕمان خوارد، جارێ زامدار ئاگای لە هیچ نییە، ساڵی تازە هات و گەڕاینەوە سەر سکەی خۆمان.
دوای دوو هەفتە، لەگەڵ فیکرەت و بورهان، سەردانی لالشمان کرد، لە ڕێگە دوو کوڕیژگەمان بینی کە سەرو دوو ماسییان بەدەستەوە بوو، فیکرەت هەر چوار ماسییەکەی کڕی و گوتی:
• با ئاه و نزوولەی زامدار نەمانگرێ.
هاتینەوە و ماسییەکان خرانە ناو فرێزەرەوە، دوای ماوەیەک فیکرەت ماسییەکانی دا بەزامدار و گوتی (ئەوە یەک هەفتەیە بۆم هەڵگرتووی، مەخمووری بەدیاری بۆی هێنابووی)، زامدار بە خۆشییەوە دەچێتەوە ماڵ، سەیری ماسییەکان دەکات زۆر لاواز و وشکن، کە دەیخەنە بەردەمی هەموو ئێسک و پێست بوو.
ڕۆژی پاشتر، غەفوور دەچێتە لای زامدار، سەیر دەکات زامدار زۆر ساردوسڕە، چاویلکەکەی لە چاو دەکاتەوە و ڕوو لە غەفوور دەکات:
• ئەو چوار چەرمە چەقاڵتەیە چ بوو ناردبووت، من لەناو ماسیی بەغدا گەورە بووم، ئەوانە ماسی بوون یان هەیکەلی عەزمی؟
غەفوور وەڵام دەداتەوە:
• مامۆستا، سێ ماسی بوون، چوار نەبوون، بەتایبەت لەسەر زێ بۆم ڕاسپاردبووی.
غەفوور دەڵێت سێ و زامداریش دەڵێت کاکە هێشتا نەخڵەفاوم وەڵڵاه چوار بوون.
لەو بەزمەدا، فیکرەت پەیدا دەبێت، ماوەیەک گوێیان لێ دەگرێت و دوایی سەربردەکەیان بۆ دەگێڕێتەوە.
وای لێ هاتبوو، ئەگەر یەکێک بە زامداری گوتبا ئەم شتەت لای کێ بۆ دابنێم؟ دەیگوت بەس مەیدە بە مەحامی فیکرەت.