لاوك جۆرەكە لە هونەری گۆرانی گۆتن كە پێناسەی جیا جیای لۆ كرایە، ئەسعەد عەدۆی فۆلكلۆرناس دەربارەی لاوك، نووسیتی: «ئەو سەربردە قارەمانیەتییەیە یان ئەڤینیەیە كە سەروبنی گرێ دراوە و مرۆڤی كورد دەگەڕێنیتەوە ڕۆژانی ڕابردوو، لە دۆڵ و چیاوە تا مەیدانی جەنگ و مان و نەمان و بەرهەڵستكاری دوژمنكاران و داگیركەران و جێژوانی ڕۆڵە داوێنپاكەكانمان، لەناو دیوەخانی براگەوران و پیاوماقووڵان، لاوك زامی كۆن دەكولێنێتەوە و دەشمانباتە ڕۆژانی ڕابردوو»، مێژووی لاوك زۆر كەونە و ناتانین بە سانایی دیاری بكەین، لۆیێ توێژەرانی ئەو بوارەی پێیان وایە لەوەتی كورد هەیە لاوكیش هەیە، لاوك زۆر جار وەسفی كیژەكی دەكا و بە بەژن و بارا و وەفای هەردەدا بەرامبەر بەكەسەك یان خۆشەویستەكەی، زۆر جاریش وەسفی گەنجەكی یان پیاوەكی ئازا دەكا كە بەرامبەر دوژمن دەوەستێتەوە، هەندەك جاریش وەسفی سەركردەكی كورد دەكا و بە ئازا و قارەمان وەسفی دەكا لە بەرامبەر دوژمن، وەكی لاوكی شێخ مەحموودی كاوێس ئاغا (1889-1936) لە سییەكانی سەدەی ڕابردی گۆتیتی و تۆماری كردییە.
كانگای لاوك دەڤەری بادینانە، بەران هەندە جار پەلی هاویشتووە و گەیشتیتە هەولێرێش، ئەوەی لە بادینان لاوكی دەرێ پێی دەرێن: دەنگبێژ، بەران لە هەولێرێ پێی دەرێن لاوكبێژ، لاوك تانیتی ژمارەكی زۆر لە چیڕۆكەكانی كوردیی كەون و تازە بپارێزی، چونكە زۆربەی زۆری لاوكەكان چیڕۆك و بەسەرهات لەخۆ دەگرن، لاوك چەندین جۆری هەیە، وەكی مێژوویی و قارەمانی و ئەڤینی و سوارچاكی و شەڕوشۆڕ و تارانكردن و پەیمان و وەفاداری و غەریبی و پێهەردان و هاندان و دەخالەت (عەدۆ، 2015، 514)، لە هەولێرێ كۆمەرەك لاوكبێژ هەبوون، كە بە بادینی و سۆرانی لاوكیان گۆتییە، لەوانە: كاوێس ئاغا، كە خاوەن دەنگەكی خۆش و لاوكزانەكی بەتوانا بووە، خۆی لاوكی دانایە و گۆتیتی، لاوكی شێخ مەحموود، یێكەكە لە لاوكە دیارەكانی كوردستان، كاوێس ئاغا داستانی قارەمانیەتیی شێخ مەحموودی بەرامبەر بە ئینگلیزی تۆمار كردییە، حوسێن كێشكەیی یێكەكی دییە لە لاوكبێژەكانی شاری هەولێرێ، زۆر جار لاوكی كاوێس ئاغای دەگۆتەوە، حوسێن كێشكەیی پێی وابوو ئەو دەنگی لە كاوێس ئاغای خۆشتر و تیژتر بوو، بەران كاوێس ئاغا بەخۆی لاوكی دادەنا و زۆر جار لە چایخانەی مەچكۆی یان عەلی فلەیحی دادەنیشت و لاوكی دەگۆ، حەسەن لاوكیش (بابی هونەرمەند چەتۆ حەسەن) كە دانیشتووی گوندی عەوێنەی بوو، لاوكزان و لاوكبێژێكی بەتوانا بوو، بە لاوكی چەتۆی ناوی دەركردبوو، لە زۆربەی بۆنە و ئاهەنگەكان دەیگۆتەوە، ئەو لاوكە لە سەرەتای حەفتاكان دەنگۆیەكی زۆری پەیدا كردبوو، تەنانەت بە كاسێت لە زۆربەی ئەو مارانەی كە گێگری لاوكی بوون هەبوو، هەروەها زێڕین خانی داكی چەتۆی، یێكەك بووە لە لاوكبێژە دەنگخۆشەكانی ئەو سەردەمەی و تەنانەت زۆر جار لاوكی لۆ حەسەن لاوكی مێردی ڕاست كردیتەوە، هەندەك جار مشكۆ هەولێریش لە بۆنەكان لاوكی گۆتییە.