ماڵباركردنی ئەو كیژە قژ زەردەی لە كەلێنی دیوار تەماشام دەكرد
ماڵباركردنی ئەو كیژە قژ زەردەی لە كەلێنی دیوار تەماشام دەكرد

من لەناو خێزانێکی خوێندەوار پەروەردە بووم.. لۆ خۆشم منداڵێکی چاوکراوە و زیرەک بووم.. لە کۆڵانەکەی خۆمان کە لە پێنج ماڵ پێک هاتبوو تەنها ئێمە کارەبامان هەبوو.. کارەباکەی ئێمەش لە سێ گڵۆپ پێک هاتبوو. یەکیان گەش و ڕووناک بوو لە ژوورە گەورەکە دووانەکەی تریان یەکێکیان لە حەوشە و هەیوانەکەی ئەوی تریشیان لەسەر دەرگای دەرەوە کە نێو کۆڵانەکەی ڕووناک دەکرد. ئێمە کۆتا ماڵ بووین لەو کۆڵانەی کە دەرچووی نەبوو. لە تێکڕای ئەو دە ماڵەی کەوتبوونە پشت بەندینخانە تەنها سێ ماڵی دەوڵەمەند و خواپێداو هەبوون ماڵی شەریف جامباز کە کەوتبووە بەرامبەر سینەمای سەڵاحەدین، ماڵی حاجی قەرەنی و ماڵی حاجی نورەدینی کوتاڵفرۆش، ئەوانەی تر کاسبکار و سەنعاتکار بوون.
بەهۆی تەسکی و تەنگەبەریی کۆڵانەکان منداڵانی گەڕەک ناچار دەبووین بچینە باخچە بچووکەکەی تەنیشت قەزای ئێستا کە ئەو کاتە (موتەسەڕفیە) بوو، هەموو گەمە و تۆپ تۆپێن و کەلایانێمان لەو شوێنە بوو هەندێ جاریش من کورتە چیڕۆکی چاپکراوم بۆ برادەران دەخوێندەوە، بەتایبەتیش چەندانێکمان ئارەزوومەندی خوێندنەوەی شیعر و چیڕۆک بووین. زۆرجار پارەی ڕۆژانەمان گل دەداوە بۆ ئەوەی ئەو نامیلکانە بکڕین کە لە پەڕتووکخانەی (سەربەستی) دەستدەکەوتن، هەر لەو تەمەنەم نیشانەکانی بەهرەی هونەریم لە هەڵسوکەوتم دەردەکەوتن. هەستی سۆزداریم وەک هەرزەکارێک کەوتبووە گەشە. دید و بیرکردنەوەم گەنجانە و بەسەر تەمەنمەوە بوو. ئەو سەردەمە من لە پۆلی پێنج پەڕیبوومەوە بۆ شەش، سەربانی ماڵەکان لە گەڕەکە هەژارەکان هەموو لە پاڵ یەک و بەناوبڕی کەرپووچ و خشتی گلین لەیەک جیا کرابوونەوە، هەندێ جار ئەو ناوبڕە نزمانەش نەبوون یا بە کۆنە چیغێکی قەمیش و شەفڵەدار جیا دەکرانەوە.
خەڵکی بەمتمانەیێکی زۆر دراوسێیەتیان دەکرد. چونکە دزی و خراپەکاری بە دەگمەن ڕووی دەدا. ئەگەر کەسانێکی خراپی لەو جۆرە لە گەڕەکێک هەبوایە زۆر بەئاسانی ئاشکرا دەبوون، بۆیە ئەوانیش لە گەڕەکی خۆیان ئەو کارانەیان ئەنجام نەدەدا.
من بیرەوەریم لەگەڵ سەربانەکەی خۆمان هەیە کە جاروبارێک بەمەبەستی خوێندن، بەتایبەتیش لە وەرزی بەهار لە سێبەر دیوارەکان پاڵ دەکەوتم، دەنگی ئەو منداڵانە سەرنجی ڕادەکێشام، بەتایبەت کیژۆڵە عازەبەکان کە دەیاندا حریتەی پێکەنین و ئاڵوگۆڕی قسە و باسی خۆیان دەکرد. لە کەلێنی دیوارەکە چاودێریم دەکردن وەک ئەوەی فیلمێکی ورووژێنەر ببینم. زۆر سەودای یەکێکیان بووبووم. قژێکی زەرد و چاوێکی سەوز و ڕووخسارێکی یەکجار شیرین. هەوەس و تەماحی چاوم ئەویانی جیا کردبووە لە کچانی تر. جاروبار ئەو بەدڵداچوونە پاڵی دەنام کە بچمە بەر دەرگایان کە کەوتبووە کۆڵانی پشتەوە لە چاوەڕوانی ئەوەی لەبەر دەرگا بیبینم، بەڵام زۆری نەخایاند و ماڵەکەیان گواستەوە، نەشمزانی بۆ چ گەڕەکێک، ئەو تەمەنەی هەرزەکاریم واتاکانی دڵداری و خۆشەویستی نەبوو، دیاردەیێکی سروشتیی گواستنەوە بوو لە قۆناغی منداڵییەوە بۆ هەرزەکاری.
منداڵێکی زۆرزان بووم، هەر باس و خواسێک لە دانیشتنێکدا بکرایە زۆر بەدیقەت گوێم لێ ڕادەگرت و لە مێشکمدا لێکدانەوەم بۆ دەکرد، وێنەی کەسەکانم دەگواستەوە گەنجینەی مێشکم و لە کاتی پێویست وێناییم دەکرد. پڕ توانا بووم لە گێڕانەوەی سەربووردە و ڕووداوەکان بە لاساییکردنەوەیێکی پوخت و بەرجەستەکردنێکی دروست. بۆیە لە ئەڵقەی دانیشتنەکانی برادەران هەر خۆم پێشەنگ و ڕابەر بووم، ئەگەرچی زۆر جار تووشی بەسەرهات و تەنگژەی ئازاربەخش دەبووم. لە نێوان خۆمان نازناومان بۆ یەک دانابوو. بە منیان دەگوت (چەگەنە) بە ئەحمەد جامبازمان دەگوت (چەلۆ) بە عوسمانی برایمان دەگوت (عارەب) بە جەمال سەرتاشمان دەگوت (دەوڵەت)، ژیانی منداڵیم ڕەگوڕیشەی دروستبوونمە. سەربووردەی هەر وێستگەیێک ئاماژەیە بۆ بەشێک لە بنیاتی ڕامان و بیرکردنەوە و هەنگاونانم ڕووەو ئەمڕۆی هەبوونم وەک هونەرمەندێکی بواری نواندن، بەمەعریفەتی ئێستام ئەوەم بۆ ڕوون بووەوە کە ئەکتەر بەهرەکەی بنەمای سەرکەوتن و پێشکەوتن و داهێنانێتی، دواتر زانیاری و ڕاهێنان و شارەزایی و ئەزموونی کار و لێهاتووی جەستە و دەنگ و جووڵە.
لەو ڕۆژگارەی کە دوای پیکەبی شووتی دەکەوتم و لە خۆفڕێدانێ دەست و پێیەکانم لە عەرز دەخشان و دادەماڵان. ئەوە فێر بووم کە بۆ ئەنجامدانی کارەکانم لە ئازار و ئەشکەنجە و ماندووبوونم نەترسم.
باخچەیێکی خنجیلانە لە تەنیشت قەزای ئێستای هەولێر نزیکی کۆڵانمان بووبووە بارەگای کۆبوونەوە و گەمە و زۆرانبازی. هەندێ جاریش دەورمان لەیەک دەدا و چیڕۆک و حیکایەتمان دەگێڕایەوە. خۆم تاقانە بینیبوو قبوڵم نەبوو هیچ کەسێک ڕێگری و ڕکابەریم بکات. شەڕانگێز نەبووم بەڵام ناحەقی و غەدرم لە کەس قبوڵ نەبوو. ڕۆژێکیان دوکتۆر جەعفەر حەمەد قادری پسپۆڕی کەپوو و قوڕگ کە ئاوەزی خۆم بوو بەڵام لە من بە لاشە گەورەتر بوو. لەسەر کەلایانێ دەمەقاڵیمان بوو. ئەو هەموو کەلاکانی لە عەرزەکە کۆ کردەوە و ڕای کرد. منیش دەستم دایە بەردێک و ڕام وەشاندێ. بەرد بە لاسەری کەوت و هاواری لێ هەڵسا و خوێن بە بناگوێیدا هاتە خوار. منیش بە غار خۆم گەیاندە ماڵێ. زۆری پێ نەچوو جەعفەری برادەرمیان هێنا بە گریان بۆ گلەیی و ئاگادارکردنەوەی ماڵی ئێمە.
خوشکەکانم باوەشیان تێ گرت و خوێنی چڕوچاویان سڕییەوە و سەد جار منیان بە قوربانی کرد و بە داکیان دەگوت با باوکی بێتەوە بزانە کو دارکاریی دەکا و تەمبێی دەکات. من لە ترسان چووبوومە سەربان. بەڵام هەستم ڕاگرتبوو دایکی جەعفەری دەیگوت نا خوشکم نا بە وەستا ڕەحمانی مەڵێن هەر ئەو کوڕەی هەیە. با ئەزیەتی نەدا. هەتا لە پشت دەرگای حەوشە بزر بوو هەر دەیگوت ئەمە جیرانین کەسی یەکترین چ نەبوو، ئەوانە منداڵن، ئەوڕۆ بەشەڕ دێن سبەی پێک دێنەوە.
ئەو کەتنەیان بۆ تەپس کردم و هەواڵەکە نەگەیشتە وەستا ڕەحمانی باوکم، بەڵام دوای بەسەرچوونی ساڵانێکی دوورودرێژ کەوتمە بەردەمی سزای ئەو تاوانەم، لە هەشتاکان من لە ڕێگای هونەرەکەم وەک دەرهێنەر و ئەکتەر و نووسەر ناوبانگم دەرکردبوو، جەعفەری برادەریشم بووبووە دوکتۆرێکی پسپۆڕی کەپوو و گوێچکە و قوڕگ، منیش هەر لە منداڵییەوە ناوە ناوە تووشی قوڕگ هاوسان دەبووم و ئازارێکی زۆری دەدام، ڕۆژێکیان لە شەقامی پزیشکان چاوم دەگێڕا بۆ تابلۆی نۆرینگە پزیشکەکان ناوی دوکتۆر جەعفەر حەمەد قادرم کەوتە بەرچاو، یەکسەر رەفاقەتی کۆنی منداڵیم هاتەوە یاد، چوومە عیادەکەی و سڕەم تۆمار کرد، کە نۆرەم هات و چوومە ژوورەوە بێ یەک و دوو باوەشی تێ کردم و چاک و چۆنیێکی گەرمی لێ کردم، هەر بەدەم وەبیرهاتنەوەی یادگارییەکانی مناڵیمان وتی چ خێرتە؟ خۆ نەساغ نی؟ گوتم دوکتۆر تووشی قوڕگ ئێشانێکی خراپ بوویمە و بێزاری کردووم. گوتی سانایە هەر ئێستا پشکنینت بۆ دەکەم و چارەسەرت دەکەم.
دوکتۆر دەستی دا ئامێرێکی لە شێوەی چەقۆ، کە هاتە پێش لایتەکەی ئاراستەی ناوزارم کرد گوتی کاک سەباح ئەوە ڕۆژەکەیە کە حەقی خۆمت لێ بسێنمەوە منیش گوتم وەڵا دوکتۆر هیچ چارەم نییە. ئەوە ملی من و ئەوەش چەقۆی دەستی جەنابت. هەر بەدەم پێکەنینەوە گوتم بەڵام دوکتۆر لە بیرت نەچی دایکی ڕەحمەتیت لە سزا عافی کردم ناکرێ جەنابت ئەمڕۆ پابەند نەبیت بەو لێبووردنە، پاشان درێژەمان بەو سوعبەتانە دا و بەراوردی ڕۆژگاری منداڵیمان كرد، ئەو هەموو خۆشەویستی و ڕاستگۆیی و دابونەریتە جوانەی ئەوکات بەسەردەمی ئەمڕۆی دڵڕەقی و بێ بەزەیی.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved