بەهۆی کوردایەتییەوە حکومەتی عێراق دەست بەسەر ماڵ و موڵکی ئەفسەرێکدا دەگرێت
بەهۆی کوردایەتییەوە حکومەتی عێراق دەست بەسەر ماڵ و موڵکی ئەفسەرێکدا دەگرێت
February 23, 2025

حکومەتی عێراق بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی گوێزراوە و نەگوێزراوەی ئەفسەرێکی کوردی سوپای وڵاتەکەیدا دەگرێت و فەرمانگەکانی موتەسەڕفیەتی هەولێر و تاپۆ و قایمقامیەتی کۆیەش، بە نووسراو یەکتر ئاگادار دەکەنەوە.
بەپێی نووسراوی ژمارە ١٠١٦ لە ڕۆژی ١٩٤٦/١/٢٦، کە لە سەرۆکی ئەنجوومەنی سەربازیی عورفیی هەولێر بۆ موتەسەڕفیەتی لیوای هەولێر نێردراوە، ئەنجوومەنەکە داوای بەدواداچوون و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی بەکر کەریم (ڕەئیس بەکر) و پیرۆت مەرگەیی دەكەن، بەهۆی ئەوەی پەیوەندییان بەشۆڕشی کوردییەوە كردووە بەسەرۆکایەتیی مەلا مستەفا بارزانی.
بەڕێوەبەرایەتیی تاپۆی هەولێر بەنووسراوێک، ئەنجوومەنی سەربازیی عورفیی ئاگادار کردووەتەوە، کە ڕەئیس بەکر و پیرۆت مەرگەیی هیچ موڵکێکیان لە هەولێر بەناو نییە. قایمقامیەتی کۆیەش بە نووسراوێک ئەنجوومەنەکەی ئاگادار کردووەتەوە، کە ڕەئیس بەکر هیچ موڵکێکی لە کۆیە بەناو نییە، تەنیا ٦١ پشکی لە ١٦٠ پشکی خانووی باوکی کۆچکردووی، لە گەڕەکی بەفری قەندی کۆیە، بە میرات بۆ ماوەتەوە.
قایمقامیەتی کۆیە دەستی بەسەر ماڵ و موڵک (کەلوپەلی ماڵ)ی نەگوازراوەی ڕەئیس بەکردا گرتووە و، بە لیستێک ئەنجوومەنی سەربازیی عورفیی ئاگادار کردووەتەوە، کە کەلوپەلەکان بریتین لە:
دوو تەختەی نووستن، سەماوەرێکی گەورە، سێ ترمزی چای، جانتایەکی پێستی، سێ مافوور، سێ دۆشەک، عەلاقەیەکی جل، چادرێک، مێزێکی ئاسن، سێ مێزی دار، سێ کورسی، کورسییەکی حەیزەران، کورسییەکی ئاسن، دوو فەردە جۆ، دوو ئەسپی جیاواز، ٦٨ سەرمەڕ، ٦٥ سەربزن.
ڕەئیس بەکر (بەکر عەبدولکەریم عەبدولواحید حەوێزی)، لە ساڵی ١٩١٤ لە کۆیە لەدایک بووە. لە ساڵی ١٩٣٦ قوتابخانەی سەربازی بە پلەی مولازمی دوو تەواو کردووە و دوای دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، لەگەڵ هەرسێ ئەفسەری تری ناسراو (مستەفا خۆشناو، محەمەد قودسی و عیزەت عەبدولعەزیز)، پەیوەندیی بەکۆمارەوە کردووە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved