”قەمبور دزی“
”قەمبور دزی“

فیلمەکان چارەکە سەعاتێک یان زیاتر، بەدەم فیکە و هاتوهاواری بینەرانەوە، دەبڕان

جاران، سینەماکانی هەولێر پەنایان وەبەر کورتکردنەوەی کات و ماوەی فیلمەکان دەبرد، فیلم هەبوو بەتایبەت هیندییەکان، پتر لە نیو سەعات تا چل دەقەیان لێ دەبڕی یان دەپەڕاند. فیلمی تریش کەمتر. هەوڵیش دەدرا پتر ئەو دیمەنانە لاببردرێن کە دیالۆگی زۆریان تێدایە. بەڵام ئەو کارانە، دەبوایە بەجۆرێک لە مۆنتاژی سەرەتایی، بە ئامێرێک، لەلایەن ئیشپێکەری مەکینەکەی سینەماوە بکرێ و دیمەنەکان لە شریتە سلیلۆسەکەی فیلمەکە بقرتێنرێ و دەربهێنرێ.
بەڵام لە سینەما حەمرای جاران ئەو کارە نەدەکرا، کرێکارەکەی سەر ئامێری پەخشی فیلمەکە کەی حەزی لێ با و بیویستبا، لە شوێنێک پەردەی شاشەکەی تاریک دەکرد و فیلمەکەی چارەکە سەعاتێک یان زیاتر، بەدەم فیکە و هاتوهاواری بینەرانەوە، تێ دەپەڕاند.
بینەران یەک بەدەنگی خۆیان هاواریان دەکرد، قەمبور دزی قەمبور دزی، وەک ئاماژەیەک بۆ خاوەن سینەماکە، کە مرۆڤێکی خاوەن پێداویستی تایبەت بوو. لە خانەوادەیەکی دیاری هەولێر بوو بە ناوی سەید مستەفا.


ئەو ساڵانێکی زۆر سینەما حەمرای بەڕێوە دەبرد و بووبوو بەئایکۆن و ڕەمزێکی دیار لە شاری هەولێر.
جا ڕۆژ و جار نەبوو لەو سینەما حەمرایە، لە کاتی پێشاندانی فیلم، دیمەنەکانی ناو فیلم، نەپەڕێنڕێ و خەڵک هاوار نەکات قەمبور دزی و فیکە لێ نەدەن.
هەرچەندە، کارەکە بە ئەمری ئەو بوو کە بە کرێکاری مەکینەی گوتووە، کاتەکە کەم کەوە. بەڵام لە بنەڕەتدا گوناهی ئەو نەبوو کە کرێکارەکە بەو شێوەیە، کارەکەی ئەنجام دەدا. مەبەستیش لە دزین ئەوە بوو کە فیلمەکە بەتەواوی پێشان نادەن.
ئەو دیاردە و حاڵەتە لەو سینەمایە بەردەوام بوو، تا ئەو بەڕێزە خوا لێی خۆش بێت سەید مستەفا، سینەماکەی بەڕێوە برد، کە لە ناوەڕاستی شەستەکان تا ساڵی 1983 بەردەوام بوو، دواتر سینەماکان، بەشێوەیەک دیمەنە زیادەکانی فیلمەکانیان بە تەسەوڕی خۆیان بۆ کورتکردنەوە، بەمۆنتاژێکی سەرەتا دەردەهێنا، کەس لە کاتی نمایشی فیلمەکان، هەستی پێ نەدەکرد و ناچار نەبوون فیکە لێ بدەن و هاوار بکەن.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved