یەکەم کافتریای پشیلە كرایەوە
یەکەم کافتریای پشیلە كرایەوە
February 24, 2025

لەگەڵ ئەو گۆڕانە كۆمەڵایەتی و پێشڤەچوون و ئاوەدانییەی كوردستانی گرتووەتەوە، دیاردەی نوێ و بازاڕی جیاوازیش پەیدا دەبن، دوای ئەوەی دەیان قاوەخانە شارەكەیان تەنی، دواجار قاوەخانەیەكی تایبەت بە پشیلەش لە هەولێر كرایەوە. ئێستا پشیلەكانی هەولێر دەتوانن بەیاوەری خاوەنەكانیان سەردانی قاوەخانەیەكی تایبەت بەخۆیان بكەن، لەوەش زیاتر خەڵكیش دەتوانن سەردانی ئەو قاوەخانە تایبەتە بكەن و لەوێ ئاشنایەتی لەگەڵ ئەو پشیلانەدا پەیدا بكەن و كاتی پشووی خۆیان پێكەوە بەسەربەرن.
ئایە عەبدولناسر (٣٠ ساڵ) و ویسام مونیب (٢٦ ساڵ)، دوو ئەندازیاری سوورین، بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی وڵاتەکەیانەوە پەنایان بۆ هەولێر هێناوە، توانیویانە ئارەزوو و خولیای تەمەنیان بەدی بهێنن و پرۆژەیەكی سەركەوتوو لە هەولێر بكەنەوە.
ئایە و ویسام لە ساڵی ٢٠٢٢ لە هەولێر کافتریایەکیان بەناوی (Furry Cat Cafe) کردووەتەوە کە لە دوو بەش پێک دێت، بەشێکیان بۆ پشیلە و بەشێکیش بۆ خاوەنی پشیلەکان. ئەو کافتریایە تاکە کافتریایە لە کوردستان و عێراق، کە تێیدا بەشێک تایبەت کرابێ بە پشوودان و خزمەتکردنی پشیلەکان.
ئایە بە زەردەخەنەیەکەوە، لێدوانی بۆ (گڵکەند) دا و ئاماژەی بەوە کرد، لە منداڵییەوە هاوڕێیەتیی پشیلە دەکات، ”پشیلە لە هەموو قۆناغەکانی ژیانمدا هەبووە و دۆستی دڵسۆزی یەکتر بووین“.
ئایە لە کۆلێژی ئەندازیاری، بەشی دیزاینی ژوورەوەی خوێندووە و ئەو پسپۆڕییەش ڕێگای خۆش کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ ویسام مونیب بیر لە دروستکردنی کافتریایەک بۆ پشیلە بکاتەوە، وەک خۆی دەڵێ، کردنەوەی ئەو کافتریایە پەیامێکی وشیارکردنەوەشە بۆ کۆمەڵگە تاوەکو بە چاوێکی بە سۆزتر لە ئاژەڵەکان بڕوانن.
ویسام مونیب کافتریاکە بەڕێوە دەبات، کە تێیدا جگە لە هاوبەشەکەی، چوار کرێکاری تر هاوکاریی دەکەن و خزمەتی پشیلەکان و خاوەنی پشیلەکان دەکەن. نرخی چوونە ژوورەوە بۆ کافتریاکە ٦٥٠٠ دینارە و خزمەتگوزارییەکانیش بۆ پشیلەکان، پاک و خاوێنی و خواردنی تایبەت لەخۆ دەگرن، سەرەڕای دەرمان و پێکوتە، خاوەنی پشیلەکانیش لە شوێنێکی جیا و سەربەخۆ، دەتوانن بەئاسوودەیی داوای خواردنەوە و شیرینییەکان بکەن. ئایە باسی لەوە کرد، ماوەیەکی زۆر خەریکی پلان و بەرنامەدانان بوون، ”دەبوایە هەموو وردەکارییەکان لەبەرچاو بگرین، لە دیزاینی ناوەوە بۆ پشوودانی پشیلە و خاوەنەکانیان، بۆ دابینكردنی بنەماکانی سەلامەتی و خاوێنی، بەردەوامیش هەوڵی پێشخستنی کافتریاكە دەدەین“.
ئەو دوو ئەندازیارە، توانیویانە نزیکەی ٣٠ پشیلەی جۆراوجۆری وەک پشیلەی شیرازی، بەریتانی، سکۆتلەندی، سڤینکسی فیرعەونی و پشیلەی ناوەخۆی کوردستان پەیدا بکەن و کافتریاکەیان کردووەتە مۆزەخانەیەکی زیندووی جوانترین پشیلەکان.
ویسام مونیب جەختی لە گرتنەبەری ڕێکار و ڕێنوێنیی پزیشکی و خاوێنی لە کافتریاکەیان کردەوە و ڕای گەیاند “ڕۆژانە کافتریا دەرمانڕشێن دەکەین، چاودێریی تەندروستیی پشیلەکان دەکەین و پێکوتەی تایبەتیان دەدەینێ“.
جگە لە هاووڵاتیانی کوردستان، ڕۆژانە خەڵکێکی زۆری بیانی کە لە هەولێر دەژین، بەخۆیان و پشیلەکانیانەوە سەردانی کافتریاکەی ئایە و ویسام دەکەن، هەم خۆیان و هەم پشیلەکانیان کاتێکی خۆش بەسەر دەبەن.
سەلامەتیی پشیلەکان لە کارە لە پێشینەکانی کرێکارانی کافتریاکەیە. ئەو کرێکارانە ئەزموونیان لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بەمرۆڤەکان و چاودێریکردنی پشیلەکان هەیە. لەوێ یاسا و بنەمایەکی گرینگ و کۆنکریتی هەیە، کە هیچ بەهانەیەک بۆ هەڵگرتنی پشیلەکان بەبێ ویستی خۆیان یاخود بێزارکردن و ترساندنیان، قبووڵ ناکرێ.
ئەو کافتریایە، تەنیا شوێنێک نییە بۆ کات بەسەربردن، بەڵکو سەکۆیەکی مرۆڤایەتییە بۆ نیشاندانی سۆز بۆ ئاژەڵەکان.
ئەوان پشیلە سەرگەردان و بێ خاوەنەکانی شەقام لە خۆیان دەگرن، شوێنێکی تایبەتیشیان هەیە بۆ ئەو کەسانەی نایانەوێ چیی تر پشیلە بەخێو بکەن و پشیلەکانیان بە دیاری دەدەنە خەڵکی تر.
ئایە و ویسام هەر بە بەڕێوەبردنی کافتریاکەیان نەوەستاون، بەڵکو بەهاوکاریی قوتابخانەکان، خولی تایبەت بۆ منداڵان دەکەنەوە تاوەکو لەسەر خۆشەویستیی ئاژەڵ ڕایان بهێنن و نەوەیەکی هاوڕێ و دۆستی ئاژەڵ پەروەردە بکەن.
ئایە عەبدولناسر ئارەزوو و خولیای گەورەتری بۆ ئایندە هەیە، ئەو لەگەڵ هاوبەشەکەی هەوڵی کردنەوەی لقی نوێی کافتریاکەیان لە شارەکانی تری هەرێمی کوردستان و عێراق دەدەن، ئەو بە هیواوە دەڕوانێت و دەڵێت: ”دەمانەوێ ببینە سەرچاوەی ئومێد بۆ ئاژەڵدۆستان“.
هاوکاری و هەمانگیی لەگەڵ ڕێکخراو و کۆمەڵەکانی تایبەت بەچاودێریی ئاژەڵان، یەکێکی ترە لە پلانەکانی ئایە عەبدولناسر و ویسام مونیب. ئایە گوتی: ”پلانمان هەیە خولی تایبەت لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ پشیلە بۆ میوانەکانمان بکەینەوە و ئاژەڵدۆستی زیاتر کێش بکەین“.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved