نیپاڵییەك لە هەولێر چێشتخانەیەك دەكاتەوە
نیپاڵییەك لە هەولێر چێشتخانەیەك دەكاتەوە
February 24, 2025

نزیکەی ١٢ ساڵە دیراج سونار، چێشتخانەیەکی خواردنی نیپاڵی لە شاری هەولێر کردووەتەوە و ڕۆژانە خەڵکی ئاسیایی و بیانییەكانی نیشتەجێی هەولێر و بەشێك لە خەڵكی هەولێریش سەردانی دەکەن، تام و چێژی خواردنی کولتووریی نیپاڵی تاقی دەکەنەوە.
سونار، پیاوێکی نیپاڵیە و زیاتر لە ١٥ ساڵە لە شاری کاتماندۆی وڵاتەکەیەوە ڕووی لە هەولێر كردووە و نزیکەی ١٢ ساڵیشە چێشتخانەی (نیپاڵیی ئانیشا)ی لە عەنکاوە کردووەتەوە.
لە چێشتخانەکەی ئەو پیاوە نیپاڵیەدا، چەندین خواردن و خواردنەوەی نایابی نیپاڵی وەک مۆمۆ (هەویری بە سەوزەوات)، کولی لیرا (نیسک و برنجی کوڵاو بەهەڵم)، تارکاری (گۆشتی کوڵاو بە بەهارات)، مانگۆ لاسی (خواردنەوەی تێکەڵی مانگۆ و ماست) و دال بەهات (شۆربای دانەوێڵەی کوڵاو بە بەهارات)، پێشکێش بە میوانان دەکرێت و جێی ڕەزامەندییانە.
سۆنار بە (گڵکەند)ی ڕاگەیاند، لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرماوسۆڵە، نیسک لەسەر شێوازی نیپاڵی ئامادە دەکات، کە تامی گۆشت و چەندین جۆری بەهاراتی وڵاتەکەی تێ دەکات و بۆن و بەرامەکەی تەواوی چێشتخانەکە و دەوروبەری پڕ دەکات.
ئەو پیاوە نیپاڵییە پێی وایە خواردن هەر تەنیا خوو و هۆگریێکی ڕۆژانە نییە، بەڵکو تام و شوێن و ئەو کەسانەی لەگەڵیان نانەکە دەخۆین، دەبنە یادگاری. ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، چێشتخانەی ئانیشا کەشێکی نیپاڵیی لە هەولێر، دروست کردووە. باسی ئەوەشی کرد، هاووڵاتیانی کورد بەهۆی تام و چێژی خواردنەکان و ڕەخساندنی کەشێکی وا کە هەست بکەن لە نیپاڵن، حەز بەخواردنی نیپاڵی دەکەن و کاتێکی خۆش لە چێشتخانەی ئانیشا بەسەر دەبەن. نەوا گەنجێکی خەڵکی هەولێرە و زوو زوو لەگەڵ هاوڕێکانی سەردانی چێشتخانەی ئانیشا دەکەن و زیاتر خواردنی مۆمۆ (هەویری بەسەوزەوات)، دەخۆن. ئەو شانازی بە کرانەوە و سەرکەوتنی چێشتخانەیەکی نیپاڵی لە هەولێر دەکات و دەڵێت ئەو چێشتخانەیە ڕۆحی پێکەوەژیان و قبوڵکردنی دابونەریتە جیاوازەکان، لە هەولێر، نیشان دەدات.
تاریقیش گەنجێکی عەرەبە و بە سەردان هاتووەتە هەولێر، گەشتەكەی بە دەرفەت زانیوە بۆ تاقیكردنەوەی خواردنێكی ئاسیایی و سەردانی چێشتخانەی ئانیشای کردووە، پێی وایە شوێنەكە سادە و گەرموگوڕە، بەشێوەیەکی جوان پێشوازی لە میوان دەکەن و کارمەندەکان بەردەوام بەزەردەخەنەوە وەڵامی دەدەنەوە و خزمەتیان دەکەن.
ئەو گەنجە عەرەبە لە چێشتخانەی ئانیشا زیاتر حەزی لە خواردنی دال بەهات (شۆربای دانەوێڵەی کوڵاو بە بەهارات) بووە. دەشڵێ هەر جارێک سەردانی هەولێر بكاتەوە، ڕوو لەو چێشتخانەیە دەکات.
بەم شێوەیە خواردنگە نیپاڵییەكەی عەنكاوە جگە لەوەی بووەتە هۆی ئاشنایەتیی خەڵكی هەولێر و میوانەكانی بە خواردنی ئەو وڵاتە ئاسیاییە كە لە جیهاندا ناوبانگێكی گەورەی هەیە و لە زۆربەی شارەكانی ئەوروپاشدا خواردنگەی نیپاڵی هەن، خواردنگەكە بووەتە شوێنی بەیەکگەیشتنی هاووڵاتیانی نیپاڵیش کە لە هەولێر دەژین و کار دەکەن.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved