کیژە نەمساوییەکە پیاوه سپییه‌كه‌ی دێوانە كرد
رۆژگارێك به پرچ و ڕیشه درێژ و ماشوبرنجییه‌كه‌ی، به چاویلكه‌یه‌كی ڕه‌ش و جلێكی سپییەوە، دەتگوت سیمبولی ئاشتیی هه‌ولێرێیە، به پیاده شه‌قامه‌كانی شاری ته‌ی ده‌كرد، به كه‌م دوویی و ڕووخسار و جله جیاوازه‌كانی سه‌رنجی خەڵكی ڕادەكێشا.
ئەو پیاوە سپییە بە دكتۆر مێوان ناوی دەركردبوو، ناوی خۆی زیاد قادر كه‌ریم بوو، هەندێك كەس به كاكه زیاد لادێییش ناویان دەبرد، ساڵی 1957 له گوندی (قه‌ڕاتگه)ی ده‌ڤه‌ره‌ی به‌ڕانه‌تی له‌دایك بوو بوو، دواتر ماڵیان گواستبووەوە گه‌ڕه‌كی سه‌یداوه‌ی هەولێرێ.
ئه‌بوبه‌كر قادر برا بچوكی دكتۆر مێوان بۆ (گڵكەند)، چیڕۆكی ژیانی براكه‌ی ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێت، كاكه زیاد لادێیی منداڵێكی زیره‌ك و بزێو بووه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كوڕی گه‌وره‌ی خێزانه‌كه‌یان بووه، لای دایك و باوكی زۆر به‌ناز بوو، له ته‌مه‌نی لاویه‌تی ده‌ست به‌خوێندنه‌وه‌ی كتێب و ڕۆژنامه ده‌كات، هه‌میشه هانی كه‌سه نزیكه‌كانی داوه گرینگی به‌خوێندنه‌وه بده‌ن، ده‌شڵێت، زیاتر كتێبی ئه‌ده‌بی و ڕۆمانی ده‌خوێندنه‌وه. هەروەها باس له سه‌ره‌تای چوونه قوتابخانه‌ی براكەی ده‌كا و ده‌ڵێ به‌هۆی نه‌داری خێزانه‌كه‌یان، دایك و باوكی نه‌یانتوانییوه بیخه‌نه به‌ر خوێندن، بۆیه ده‌ینێرن بۆ قوتابخانه‌ی (خانه‌ی نه‌جه‌وانانی هه‌ولێر) كه تایبه‌ته به‌منداڵه كه‌مده‌رامه‌ت و بێ سه‌رپه‌رشتیارەکان، له‌وێ قۆناغی سه‌ره‌تایی ته‌واو ده‌كات، قۆناغی ئاماده‌ییش له هه‌ولێری كوڕان ته‌واو ده‌كات.
ئه‌گه‌رچی دكتۆر مێوان كۆنمره‌ی پۆلی شه‌شی ئاماده‌یی زۆر به‌رز نابێت، به‌ڵام بڕیار ده‌دات بۆ درێژه‌دان به خوێندنی زانكۆ، ڕووبكاته یه‌كێك له وڵاته ئه‌وروپییه‌كان، بۆ دابینكردنی پاره‌ی پێویست، باوكی كاكه‌زیاد نیوه‌ی خانووه‌كه‌ی گه‌ڕه‌كی سه‌یداوه، له‌گه‌ڵ مانگاكه‌یان كه سه‌رچاوه‌ی داهاتی ئه‌و خێزانه بووه ده‌فرۆشێت، بەم شێوەیە ساڵی 1977 كاكه‌زیاد بە ڤیزایەكی گەشتیاری ده‌چێته ئوردن و له‌وێشه‌وه ده‌چێت بۆ ڤییه‌نای پایته‌ختی نه‌مسا و له‌وێ ده‌گیرسێته‌وه.
ئه‌بوبه‌كر، له گێڕانه‌وه‌ی سه‌ربوورده‌ی براكه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت، دوای ئه‌وه‌ی په‌یمانگای زمانی ئه‌ڵمانی له‌و وڵاته ته‌واو ده‌كات، جارێكی تر تاقیكردنه‌وه‌ی پۆلی شه‌شی ئاماده‌یی ده‌كات و له زانكۆی پزیشكیی ڤیه‌ننا وه‌رده‌گیرێت، له ساڵی یه‌كه‌می خوێندنی له زانكۆ، كاكه زیاد ڕۆژانه له‌دوای ده‌وام بۆ پەیداكردنی بژێوی و خەرجیی زانكۆ، له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی ئه‌و شاره ڕۆژنامه ده‌فرۆشێت.
وه‌ك ئەو ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، خانه‌واده‌ی كاكه‌زیاد له ماوه‌ی ئه‌و ساڵه‌دا هیچ زانیارییه‌كیان له‌باره‌ی كوڕه‌كه‌یانەوە نه‌بووه، به‌ڵام له ساڵی دووه‌می خوێندنی له زانكۆ له‌لایه‌ن هاوڕێیه‌كی خۆی هه‌واڵی ئه‌وه‌یان بۆ دێت كه كوڕه‌كه‌یان له وڵاتی نه‌مسا باری ده‌روونیی شێواوه، سه‌ر شه‌قام و وێستگه‌كانی شه‌مه‌نده‌فه‌ر ده‌بێته شوێنی ژیانی، دواتر هاوڕێیه‌كی خۆی به‌هه‌ر ڕێگه‌یه‌ك بێت ده‌یبات بۆ باڵیۆزخانه‌ی عێراق له نه‌مسا، بۆ ئه‌وه‌ی چیی تر ئه‌و كوڕه هه‌ولێرییه له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان نه‌مێنێته‌وه، ئه‌وانیش دوای ته‌واوكردنی مامه‌ڵه یاسایییه‌كانی ڕه‌وانه‌ی به‌غدای ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام له‌لایه‌ن ئه‌منی فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا سه‌رجه‌م به‌ڵگه‌نامه‌كانی وڵاتی نه‌مسای لێ وه‌رده‌گیرێت و ڕه‌وانه‌ی هه‌ولێر ده‌كرێته‌وه.
له‌باره‌ی هۆكاری ده‌روون شێواوی كاكه‌زیاد، براكه‌ی ده‌ڵێت، چه‌ند چیرۆكێكی جیاواز باس ده‌كرێت، به‌ڵام له هه‌مووان ڕاستر كه خۆشی چه‌ندین جار بۆی باسكردوون، كاكه‌زیاد عاشقی كچێكی نەمسایی ده‌بێت به‌ناوی (ئوشی)، كە له زانكۆ هاوپۆلی ده‌بێت.
ئوشی و دكتۆر مێوان په‌یوه‌ندییه‌كی خۆشه‌ویستی قوڵ له نێوانیاندا دروست ده‌بێت، به‌ڵام وەك ئەبوبەكر قادر لە زاری براكەیەوە دەیگێڕێتەوە، دوای ماوه‌یه‌ك هاوپۆلێكی دكتۆر مێوان كە كوڕە كوردێكی خەڵكی سلێمانی بووە، كچه نه‌مساییه‌كه قایل دەكات ببێتە هاوڕێی و لە دكتۆر مێوانی دەستێنێ.
كاتێك دكتۆر مێوان دەزانێ خۆشەویستەكەی وازی لێ هێناوە، تووشی پەژارە و خەمێكی گەورە دەبێت، ڕۆژێك زللەیەك له ئوشی ده‌دات، پۆلیسی ڤیەننا لەسەر ئەوە ده‌ستگیری دەكەن، خەمی لەدەستدانی كیژە نەمسایی و دەستگیركردنەكەی دەبنە بارێكی قورس بەسەر دەروونی دكتۆر مێوانەوە و دواتریش دۆخەكەی ئاڵۆزتر دەبێت تا دەگات بە شێوانی دەروونی.
سه‌ختیی ژیان یه‌خه‌ی دوكتۆر مێوان به‌رنادات، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ هه‌ولێر ساڵ له دوای ساڵ بارودۆخی ده‌روونیی خراپتر ده‌بێت و له ڕووی جه‌سته‌ییشه‌وه هیچ توانایه‌كی نامێنێت، به‌ڵام له خوێندنه‌وه‌ی كتێب به‌رده‌وام ده‌بێت، زیاتر كتێبی ئه‌ڵمانی و ئینگلیزی دەخوێندەوە.
دوكتۆر مێوان، له هه‌رچوار وه‌رزه‌كه‌ی ساڵ به قه‌مسه‌ڵه و كڵاو و پانتۆڵ و پوتێكی سپییه‌وه ده‌رده‌كه‌وت، ئه‌بوبه‌كر ده‌ڵێت، براكەی سه‌رسام بوو به‌ڕێكخراوی (UN) نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، جلی سپی و شینه‌كانی وه‌ك ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستی بۆ ئه‌و ڕێكخراوه ده‌پۆشی، هه‌میشه پۆشته و خاوێن بوو، دڵخۆش ده‌بوو كه‌سێك داوای لێ بكات كه فێری زمانی ئینگلیزی یان ئه‌ڵمانی بكات، شیعری ده‌نووسی و چه‌ند شیعرێكی بیانیشی وەرگێڕاوەتە سه‌ر زمانی كوردی، گۆرانیی ده‌گوت و ده‌نگێكی خۆشی هه‌بوو، به‌ڵام له ماڵه‌وه‌ش گۆشه‌گیر بوو، ژوورێكی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بوو، هه‌میشه خۆی خواردنی بۆ خۆی ئاماده ده‌كرد و به‌ته‌نهاش نانی ده‌خوارد، پێی وابوو خواردنی ماڵه‌وه پیسه.
له‌باره‌ی دواساته‌كانی ژیانی دوكتۆر مێوانەوە، براكه‌ی ده‌ڵێت، له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له ژیانی خۆی زۆر بێزار ده‌بێت، نه‌خۆشیی شه‌كره‌ی هه‌بووه، به‌ڵام به‌رده‌وام شیرینیی زۆری ده‌خوارد، به‌رزیی ڕێژه‌ی شه‌كره‌كه‌ی گورچیله‌كانی لاواز ده‌كات، ده‌رمانی به‌كار نه‌ده‌هێنا، ئامۆژگاریی كه‌سی به‌لاوه گرینگ نه‌بوو، تا نۆره (جه‌ڵده)ی دڵ لێی ده‌دات و دوای سێ ڕۆژ مانه‌وه‌ی له نه‌خۆشخانه، دوكتۆر مێوان له 31ی 8ی 2018 كۆچی دوایی ده‌كات و چیی تر پیاوه سپیپۆشه له شه‌قامه‌كانی هه‌ولێر نه‌بینرایه‌وه.