ئەگەر بچینە ناو مێژووی رادیۆی كوردیی بەغدا، دەبێ ئاماژە بە ساڵی 1939 بكەین، كە راگەیاندنی كوردی چووەتە قۆناغێكی ترەوە، ئەویش لە ڕێگەی راگەیاندنی بیستراوەوە، كە لەم ساڵەدا رادیۆی بەغدا بەشی كوردی كردووەتەوە، سەرەتاكەشی بە دە خولەك تا پازدە خولەك بەرنامەكانی دەست پێ كردووە، ئەم بەشە وردە وردە بەرەو پێشەوە چووە، تا لە ساڵی 1973 فراوان كرا و ڕۆژانە نزیكەی شازدە كاتژمێر بە كوردی پەخشی دەكرد.
یەكەم بەڕێوەبەر و بێژەری ئەو رادیۆیەش كامیل كاكەمین بووە، لە دەستپێكی پەخشەكە گوتوویەتی “ئێرە بەغدایە”.
ئەمەش وای كرد كە هەریەك لە (ئیبراهیم ئەحمەد، محەمەد ئەمین زەكی بەگ، تۆفیق وەهبی، عەبدولقادر قەزاز، كەریم زانستی، عەبدولحەمید ئەتروشی و جەمال بابان) و قوتابییانی زانكۆی بەغدا و رۆشنبیر و هونەرمەندانی ئەو كاتە یارمەتیدەری بەڕێوەبردنی ڕادیۆكە بن.
ساڵانێکیش نە هەموو ماڵێک لە هەولێرێ تەلەڤزیۆنی هەبوو، نە هەموو ماڵێکیش خوێندەوار بوون، ڕۆژنامە بخوێننەوە، ئەوەی هەبوو گوێگرتن بوو لە ڕادیۆی کوردی بەغدا، کە کاریگەری بەرنامەکانی لای هەموو گوێگرێکی کورد تام و چێژی خۆی هەبوو، بەتایبەت لە گوێگرتن لە بەرنامەکانی (ڕۆژێ لە ڕۆژان)ی مامۆستا (کەمال ڕەئووف محەمەد) و (تۆ و ئێزگە)ی کاک (عەبدوڵڵا عەباس)، بەڵام لەو هەموو داهێنانەدا گوێگرتن بوو لە دەنگی ئەو کچانەی لەم ڕادیۆیە گوێبیستی دەبوی شانازیی ژنی کوردمان پێ دەکردن لە پێشدا (نیهایەت جەلال) و (شیرین عەباس) و (خالیدە ئیبراهیم).
ئەمانە پێشەنگی دەنگی ئافرەتی کورد بوون لەم ڕادیۆیە، لە سەرووی هەمووشیانەوە دەنگی ئەو کیژە هەولێرییە (خالیدە خدر ئیبراهیم)، کە لە هەولێرەوە لە ساڵی ١٩٧٣ چووەتە ڕادیۆی کوردی لە بەغدا، سەرەتا وەکو پێشکێشکاری بەرنامە، بەڵام لە دواییدا لەبەر لێهاتووییی خۆی بوو بەبێژەری هەواڵ، ئینجا بوو بەئامادەکاری بەرنامە و پێشکێشکاری بەرنامەی تەلەڤزیۆنی لەو بەرنامە کوردییانەی لە بەغدا تۆمار دەکرا و دەناردرایە تەلەڤزیۆنی کەرکووک و پەخش دەکرا.
ئەو کاتانەی لە (ڕادیۆی کوردی بەغدا) کارم دەکرد، زۆرجار پێکەوە دەبووین، لەبیرمە جارێكی گوتی شانازی بەوە دەکات وەک کچە هەولێرییەک هاتووەتە ناو دونیای ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن، چونکە ئەو کچانەی کە لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی عێراقی کار دەکەن بە دەگمەن خەڵکی (بەغدا)ن، زۆربەیان لە شارەکانی خوارووی عێراق هاتوون و شانازی بە شارەکانی خۆیان دەکەن، کە هاتوونەتە ناو ئەو دامەزراوە گرینگەی کە هەموو خەڵک دەیانبینی و گوێیان لە دەنگیان دەبێ، بۆ منیش وەکو کیژە هەولێرییەک شانازی بەو شارەی خۆم (هەولێرێ) نەکەم، کە من یەکێک بم لەناو ئەو مێژووە و خەڵکی ئەم شارە شانازیم پێوە نەکات.
ئەو کیژە بێژەرە بەتوانایەی هەولێرێ لە ساڵی ١٩٥٠ لەدایک بووە، قۆناغی سەرەتاییی لە بەغدا و خوێندنی ناوەندی و دواناوەندیی لە هەولێر تەواو کردووە، دەرچووی بەشی زمانی کوردی لە کۆلێژی ئادابی بەغدایە، لەمیانی کارەکانیدا لە ڕادیۆی کوردی بەغدا بێجگە لە خوێندنەوەی هەواڵەکان، چەند بەرنامەیەکی پێشکێش کردووە، لەمانە: (چوار لاپەڕە) و (چاوپێکەوتن)، بەڵام ئەم بێژەرە ساڵی ١٩٨٧ بەیەکجاری ڕادیۆی کوردی بەغدای جێ هێشتووە و لە ساڵی ١٩٩٥ لە بەشی زانستیی سیاسی زانکۆی (چادرچی) وەرگیراوە، لەژیاندا ماوە و خاوەنی دوو کچ و دوو کوڕە، ئێستا پەناهەندەیە و لە وڵاتی (سویسرا) دەژی.