ڕاستە لە شەستەکان هەولێر و هەولێرییەکان، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە خەڵکێکی خۆپارێز بوون، بەڵام لە ڕووی پۆشینی جلوبەرگ بەتایبەت لەلای کچانەوە، بەدەگمەن کچێکی لەچەک بەسەرت لە قوتابخانە یان لە شەقام و فەرمانگە دەبینی، خێزانەکان دەچوونە سینەما بۆ بینینی فیلم، لە ڕادیۆ گوێیان دەدایە گۆرانییەکانی (فەرید ئەتڕەش) و (عەبدولحەلیم حافز) و شەوانەش (ئوم کەلسوم)، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە هەندێ نەریتی کۆمەڵایەتی لایاننەدەدا.
پەیوەندیی دڵداری و پیاسەی کوڕ و کچێک بەدزییەوە هەر زۆر کەم بوو، چونکە شارەکە گچکە بوو و هەموو خانەوادە شارستانەکان یەکتریان دەناسی، ڕەنگە ئەگەر پێ بزانرایە کارەساتی ئابڕووچوونی بەدواوە بوایە، هەتا لە نێوانی خزمایەتیشدا ئەوە کارێکی ئاسان نەبوو، ئەو کاتانەی کە خانەوادەیەک دەیانویست ژن بۆ کوڕەکەیان بێنن یان یەکێ بێتە داخوازیی کچەکەیان و لە دەرەوەی خانەوادە بێت، هانایان بۆ ئەو ژنانە دەبرد، کە پێیان دەگوتن (بەربووک) تا بچنە ئەو کۆڵان و گەڕەکەی ماڵی کچەکە یان هی کوڕەکەی لێیە، ئەمەش بەرامبەر دیارییەک، ئەم بەربووکە بەهۆی ناسیاوێکی یان هەندێ جار ئەو بەربووکانە (دەڵاڵی زێڕ) بوون و بەم گەڕەک و کۆڵانانە دەسوڕانەوە و ناسیاویان لێ هەبوو، لە ماڵێک لایدەدا و دوای مامەڵە و مامەڵەکاری، دەچووە ناو سۆراغی ئەو کارەی بۆی هاتبوو، کە هەموو شتێکی بۆ ساغ دەبووەوە بەخراپ و بە چاک، ئینجا بە ڕاست و دروستی دەگەڕایەوە لای ئەو خانەوادەیە و هەمووی بۆ دەگێڕانەوە، دەمایەوە سەر ئەوەی ماڵی ئەو کچە کەنگێ دەچنە (حەمامی ژنان) هەتا ماڵی کوڕەش بچن لە نزیکەوە کچەکە بینن، بەتایبەت لە ڕووی لەشولارەوە، بۆ کوڕەکەش پیاوان بە دوای هەڵسوکەوت و ڕەفتار و کاروکاسبی ئەودا دەگەڕان تا دڵنیابان ئەو کوڕە هی بەخێوکردنی ماڵ و ژنە.
ئەم نەریتە جوانە کۆمەڵایەتییەی هەولێرییان گەیشتە ئەوەی نووسەر و هونەرمەندان بیر لەوە بکەنەوە لە دوو توێی شانۆگەری و درامای تەلەڤزیۆنی نمایشی بکەن، لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا ئەو مەرامە هاتە دی و لەسەر شانۆی هۆڵی (گەل) شانۆگەریی (مەسەلەی شارێک) لە ئامادەکردن و دەرهێنانی هونەرمەند (سەباح عەبدولڕەحمان) پێشکێش کرا. ناوەڕۆکەکەی ئەو نەریتە بوو کە لە سەرەوە باسم لێوە کردووە، ئەو ئەکتەرانەی ڕۆڵی (مەنیج بەربووک) و (سەبریە قیتێ) و (فاتم)یان دەدیت ئەوانە ژنە ڕاستەقینەکان نەبوون، بەڵکو هونەرمەندان (سوبحی کۆیی) و (جەلال بەیار) و (سەلام کۆیی) بوون، زۆر سەرکەوتووانە لە یەکێ لە کۆڵانەکان وا چووبوونە ناو دەورەکانیان، هیچ ژنە ئەکتەرێک نەیدەتوانی ئەم ڕۆڵە ببینێ، هەرچەندە ئەوکات کچ و ژنە هونەرمەند لەسەر شانۆ زۆر دەگمەن بوو، لە هەمووشیان هاروهاجتر (سەبریە قیتێ) بوو، کە هونەرمەند (جەلال بەیار) ڕۆڵەکەی دەدی، ڕۆڵی ژنێکی شەڕانگێز و هاری لە کۆڵانێ دەدی، گەیشتبووە ئەوەی بەختی کچەکەشی ڕەش کردبوو، کە ماڵێک دەیانویست بچنە داخوازی و (مەنیج بەربووک)یان دەنارد، کە ڕۆڵەکەی هونەرمەندی جوانەمەرگ (سوبحی کۆیی) دەیدی، لە گەڕانەوەیدا (بەربووک) دەیگوت: وەڵاهی کچێکی باڵابەرزی جوان و بەحەیا و نامووس، بەڵام (سەبریە قیتێ)ی دایکی ژنە هاری گەڕەکی (عارەبان)ـە.
ناچار ماڵی داخوازیکار پەشیمان دەبوونەوە، ئەوەندەی ئەو کچە لەبەر دایکی دەپاڕایەوە حەقی لە کەس نەبێ و واز لەو شەڕانگێزی و هارییەی بهێنێ، هیچ سوودێکی نەبوو.
ئەمەش دیاردەیەکی تری ئەم نەریتە بوو، کە زۆرجار لە گەڕەکەکانی هەولێرێ (ژنە بەربووکەکە) ڕووبەڕووی دەبووەوە، لە هەمان کاتیشدا ڕاستگۆییی (ژنە بەربووکەکەی) پێشان دەدا، کە چەند بۆ کاری نێردەیییەکەی دڵسۆز بووە و بە ئەمانەتەوە چاکی و خراپییەکانی گەیاندووەتەوە.