دوکانی پیرباڵ قەساب
دوکانی پیرباڵ قەساب

پیشەوەر: پیرباڵ عومەر سەعید قەساب
ئامادەکردنى: سەباح پیرباڵ قەساب
شوێن: نزیک دەرگاى بازاڕى گەورە، دەرگاى کۆترى سەلام، ئێستا بووەتە بەهارات فرۆشى.
خەیاڵى وێنەکە: ساڵى ١٩٦٨

پیرباڵ قەساب ساڵى ١٩١٢ لە قەڵاى هەولێر، لە گەڕەکى تۆپخانە لەدایک بووە. باوکى ئاسنگەر بووە، لە نزیک دەرگاى قەڵا لەناو بازاڕى قەیسەریى دارتاشەکان، بەڵام هەر لە تەمەنى لاوێتیدا خووى داوەتە پیشەى قەسابى لەگەڵ هاوڕێیەکانى وەک ئەحمەد ئاغاى قەساب، کاکۆ قەساب، ئیکرەم ئەبوشوارب، مستەفا قەساب و تۆپاڵ جەلال (لەگەڵ ڕێزم بۆى ڕۆحیان شاد بەم ناوە ناسرابوو چونکە قاچێکى شەل بوو، تۆپاڵ بە تورکى واتە شەل)، هەروەها تەڵعەت قەساب، عەبدولڕەحمان قەساب، ئيسماعیل قەساب، موحسین قۆجە قەساب و عەبدولواحید قەساب و زۆرانى تر.
ناوبراو یەکەم جار بەهاوبەشى لەگەڵ چەند هاوڕێیەکى دوكانى قەسابییان کردووەتەوە لە ناو بازاڕى قەسابەکان، پاشان دوکانى تایبەت بەخۆى لەم شوێنە داناوە و ناسراوە بە پیرباڵ قەساب. پیاوێکى کاسب و قسەخۆش و ڕووخۆش بووە، لاى هاوڕێکانى خۆشەویست بوو و ڕێزى لێ گیراوە، پاشان لە دەرگاى بازاڕى بەرامبەر کۆترى سەلام دوکانى سێسووچەکە، دوکانى قەسابى کردووەتەوە، یەکەم جار دوکانەکەى ڕووى لە دوکانى عەلى زێڕنگر بووە، پاشان چووەتە دیوەکەى تر بەرامبەر قادر حاجى تۆفیق ئاسنگەر و سەید سەعید ئاسنگەر، لەم شوێنەدا گۆشتى فرۆشتووەتە دوکاندارەکانى دەوروبەرى خۆی و خەڵکانى تر، پاشان دوکانەکەى فرۆشتووە و لە تەیراوە بووەتە جیرانى خوالێخۆشبوو هادى قەساب و لەوێش بەردەوام بووە لە قەسابى، تاکو لە ساڵى ٢٠٠١ کۆچى دواییى کردووە، سێ کچ و چوار کوڕى لە دواى خۆى بەجێ هێشتووە (سوعاد، سەباح، نەبیهە، ئەسلى، فەرهاد، زیاد، خەسرۆ).
هەرچەندە پیشەى قەسابى پیشەیەکى توندە، بەڵام لە هەمان کاتدا پیشەیەکە لە کۆنەوە لەناو زۆربەى کۆمەڵگاکاندا باو بووە و هەبوونى ئەم پیشەیە پێویست بووە بۆ دابینکردنى خۆراکى گۆشت بۆ مرۆڤەکان و لە کاتەکانى خێر و سەدەقەدا زەروور بووە و کارامەییى لە پیشەکەيدا پێوە دیار بووە، ئەمەش لە چۆنیەتیى کوشتنەوە و سەربڕینى ئاژەڵەکان و شێوازى پارچەکردنیان، چونکە هەر بەشێک لە ئاژەڵ تامێکى جیاواز و سوودێکى تایبەتى هەبووە.
لەوانە دەبێت بزانرێت چۆن پیستەکەى کەوڵ دەکرێت بۆ ئەوەى دواتر بەکەڵک بێت بۆ پیشەسازیى پێست و چۆنیەتیى پارچەکردنى بەشەکانى ترى ئاژەڵ و جیاکردنەوەى گۆشت و سەروپێ و هورگ و مومبار، بۆ ئەوەى تێکەڵ و پێکەڵ نەبێت و هەر بەشێک تام و چێژى تایبەتى و بەکارهێنانى تایبەتى خۆى هەیە، زۆر جاریش لە کاتى بۆنە جۆراوجۆرەکاندا بەدواى قەسابى لێهاتوو گەڕاون بۆ ئەوەى بەشێوەیەکى ڕێکوپێک ئاژەڵەکەیان بۆ سەرببڕێت.
بەبیرم دێت مەیدانى ئاژەڵفرۆشەکان لە نزیک منارەى چۆلى بوو، مەڕدارەکان بۆ فرۆشتنى ئاژەڵەکانیان لەم شوێنە ئاڵوگۆڕ و کڕین و فرۆشتنیان دەکرد، قەسابەکانیش کە ئاژەڵیان دەکڕى هەریەکە و نیشانێکى تایبەت بەخۆیان لەسەر لەشى ئاژەڵەکان دەنووسى و پاشان دەیانبرد بۆ ئەو خانانەى کە لە نزیک قەسابخانەى شار بوو کە دەکەوتە سەر ڕێگاى مووسڵ، ئینجا بەیانى زوو بەر لە مەلا بانگدان شوانى قەسابەکان ئاژەڵەکانیان ڕاپێچ دەکرد بەرەو قەسابخانە و سەرى ئاژەڵەکان دەبڕدران و کەوڵ دەکران و پێستەکان بە جیا دادەنران و سەروپێیەکان بەجیا و ڕیخەڵۆکیش بەجیا کە هەریەکە و بازرگانێکى تایبەتى هەبوو و سوودیان لەم پارچانە دەبینى و بزەوتى بازرگانیى پێوە دەکرا، هەبوو پێستەى چاک و خۆش دەکرد (وەک مام سەرخۆش) کە دوکان و خانەکەى لە ناو بازاڕ بوو بەرامبەر کەبابخانەى یاسین، ئەم پێستانەى ئامادە دەکرد بۆ چەندین جۆرى پیشەى وەک دروستکردنى دەف و دەهۆڵ و پێڵاو و هەمبانە و هەندێکیش دەنێردرا بۆ شارى مووسڵ و بەغدا و ئێران بۆ پیشەسازیى جۆراوجۆرى تر، سەروپێیەکانیش بۆ چێشتخانەکانى سەروپێى بازاڕەکان، هەروەها لە ماڵەکانیش سەروپێ دروست دەکرا، کەلەشى ئاژەڵەکانیش ئامادە دەکران و بە پیکاپى تایبەت هەریەکە و دەبردران بۆ خاوەنەکانیان و لە دوکانەکانى قەسابى پارچە دەکران و ئامادە دەکران بۆ فرۆشتن.
بێجگە لەم قەسابخانەیە کە سەربڕخانەیەکى نوێ بوو، شارەوانى و فەرمانگەى تەندروستى تا ڕادەیەک سەرپەرشتیى دەکرد، قەسابخانەیەکى کۆنتر هەبوو کە دەکەوتە شوێنى ئێستاى پشتەوەى بازاڕى نیشتمان و ئەو کات پێى دەوترا بن لەیلوگان لەسەر گردەکەى نزیک گۆڕستانى چراخ و بەرامبەر دیوارى پشتەوەى قەبرستانى شێخەڵڵا، ئەم قەسابخانەیە لە چاو قەسابخانە نوێیەکە بچووکتر و سادەتر بوو، بەبیرم دێت لە ساڵانى ١٩٦٠-١٩٦٢ لەم قەسابخانەیە کەلەشى ئاژەڵ دواى ئامادەکردنیان بەسەر پشتى کەر دەگواسترایەوە بۆ ناو بازاڕ و دوکانەکانى قەسابى، نەورۆز قەساب یەکێک بوو لەو کرێکارانەى کە کەلەشى ئاژەڵى بۆ دوکانى قەسابى باوکم دەهێنا و ئەم کرێکارانە پێیان دەوترا سەلاخ، واتە ئەم سەلاخانە ئاژەڵەکانیان سەردەبڕى و پاکیان دەکردەوە پاشان کەلەشەکانیان بۆ قەسابەکان دەهێنایە دوکانەکانى قەسابى.
لە نێوان ئەم دوو گۆڕستانەدا بەستێک هەبوو کە ئاوى ناوچەکانى بنەسڵاوە و سەیداوەى پێدا تێپەڕ دەبوو، ئەم بەستە لە هەردوو دیوى پردەکەى سەیداوە گۆمە ئاوى تیادا کۆ دەبووەوە و ماڵى گامێشەوانەکان لەوێ بوون، وەک ماڵى عەبدوڵڵا عارەب و محەمەد حەسەن و ئەحمەد عەببۆش، ئەمانە گامێشیان بەخێو دەکرد و دەیانفرۆشتن بەقەسابەکان، بەبیرم دێت قەسابەکانى وەک باوکم و ئەکرەم ئەبوشوارب و ئەوانی تر گامێشیان لێیان دەکڕى و هەر لەوێ لە دەو بەستەکە سەریان دەبڕى پاشان لە نێو خۆیاندا بەشیان دەکرد و دەیانبرد بۆبازاڕ بۆ فرۆشتن، ڕێڕەوى ئەم بەستە بەردەوام دەبوو تا دەگەیشتە بن پردەکەى تەعجیل و دەڕۆیشت تاکو پردەکەى کە ئێستا پێى دەوترێ فلکەى بەتەماى خواى و نزیک ماڵ و خانەکەى عەبدولڕەحمان قەساب و بەناوچەى نزیک منارەى موزەفەرییە تێپەڕ دەبوو دواتر دەگەیشتە زەوییەکانى گوندى ڕەشکین کە بیستانەکانى چاندنى سڵق و خاس و چەوەندەر و سڵقەسۆر و تەماتە و خەیار و کەرەوز و تەڕەتوولە و زۆر جۆرى ترى سەوزەوات لەم شوێنانە سوودیان لەم ئاوە وەردەگرت.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved