ئەو ڕۆژەی ئەبو سەباح ڕێکلامی فیلمی (القلب له واحد)ی خستە سەر شانی
ئەو ڕۆژەی ئەبو سەباح ڕێکلامی فیلمی (القلب له واحد)ی خستە سەر شانی
February 25, 2025

هەندێ دەستڕەنگین و بەهرەدار لەم شارەدا هەن، هەرگیز لە بیر ناکرێن، بەتایبەت لە ڕۆژگارێکدا کە گەرمەی قاتوقڕی، شەڕ و ململانێی سەختی ژیان بوو، ڕەنگە بەلای زۆرینەوە نامۆ بووبێ تێکەڵ بوون لەگەڵ ئەم بەهرانە و چوونە ناو دنیایەکی تری کۆمەڵگا، یەکێ لەو بەهرەدارانە لە سبەینێیەکی ساردی ناو خانووێکی قوڕ، لە زستانی ساڵی (١٩٣٥) لە گوندی (وەرێ)ی دەڤەری دڵڕفێنی (بێتواتە)، چاوی بەو هەموو هەڵکشان و داکشانەی ئەوێ ڕۆژێ هەڵهێناوە و ناویان لێ نا (محیەدین)ی کوڕی کاک (تاهیر) و نەوەی مام (کەریم)، بەڵام ئەو کە هەراش بوو، جۆرێک لە هێزی کارکردن و باوەڕبەخۆبوونی تیا دەبینرا، چونکە هەمیشە ویستوویەتی بەدەست و بازووی خۆی، خۆی بژیێنێ، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە ساڵی ١٩٥٧ لەگەڵ (خانێ)ی خوشکی و هاوسەری (خانێ) و (تۆفیق)ی برای لە گوندی (وەرێ) بچنە بەغدا.
دوای دامەزرانی زاواکەیان لە بەغدا، (تۆفیق)ی براشی لە (حانوت)ێک کاری کردووە و خۆشی بووەتە نانەوا، (خانێ)ی خوشکی لە خۆیان دانابڕێ و هەموو پێکەوە لەو خانووە دەژین، کە زاواکەیان وەری گرتبوو، بەڵام ئەمە تەنها دوای ساڵێک بوو لە بەرپابوونی شۆڕشی چواردەی گەلاوێژی (١٩٥٨) و ئەو كاتە دەگەڕێتەوە هەولێر و لە سینەمای (حەمرا) لە گەڕەکی خانەقا دەستبەکار دەبێ و هەر زووش سەوداسەری بەهرەی وێنەگرتن دەبێت، ئەوێ ڕۆژێش (کەمالەکەڕ) یەکێ بووە لە وێنەگرە دیارەکانی هەولێرێ لە پاڵ براکەی مامۆستا (جەمال داود)، ئەوە وا لە (ئەبو سەباح) دەکات زوو بە زوو سەردانی ستۆدیۆکەی (کەمال) بکات و ئەویش بایەخی پێ بدات و فێرە وێنەگرتنی بکات و کامێرای بداتە دەست و ببێتە (وێنەگری گەڕۆک)، هەر ئەو ساڵانەش بوو، ئەوەندە کەوتە بەر کاریگەری خۆشویستنی هونەرمەندی لبنانی (سەباح)ی گۆرانیبێژ، خەڵکی هەولێریش ئەوەندە خۆشیان دەویست، گەیشتە ئەوەی نازناوی (ئەبو سەباح)ی بەسەردا ساغ بکەنەوە، هەر ئەم عەشقەش بوو بۆ (سەباح) ساڵی (١٩٧٢) كاتێ ئەو خانمە هونەرمەندە هاتە عێراق و بەشداریی فیستیڤاڵی (بەهار)ی لە مووسڵ کرد، سەرەڕای نەبوونی و دەستکورتیی خۆی، بەڵام (ئەبو سەباح) دەچێتە مووسڵ و بەدیداری (سەباح) شاد دەبێ و بە جلی کوردییەوە لەسەر شانۆ وێنەی لەگەڵ دەگرێ و هەر ئەم تێڕوانینە جوانەشی دەبێتە هۆکاری ئەوەی بۆ بژێویی ژیانی ڕۆژانەی، هەموو ڕۆژێ تەختەی ڕێکلامی سینەما لەسەر شانی خۆی هەڵگرێ، وەکو خۆشی لە دیدارێکی ڕۆژنامەنووسیی من، کە لە کاتی خۆیدا لە ڕۆژنامەی (هاوکاری) بەر لە (٤١) ساڵ بڵاوم کردووەتەوە گوتی “یەکەم جار فیلمی (القلب الواحد)م لە خۆشیی ژنە هونەرمەند (سەباح) خستە سەرشان، چونکە ئەو پاڵەوانی فیلمەکە بوو”، بێجگە لەمەش ئەو عاشقێکی پاکی دەنگی هونەرمەند (حەسەن زیرەک) بووە و چەند جارێک بە نهێنی چووەتە ئێران بۆ دیدەنی و چەندین دانیشتنیان پێکەوە هەیە و (حەسەن زیرەک) لە هەندێ لە دانیشتنەکاندا ناوی (ئەبو سەباح) دێنێ.
(ئەبو سەباح) لە ساڵی (١٩٧٤) لەگەڵ دەستپێکردنەوەی شۆڕش دەچێتە دەرەوە و دوای نسکۆش ئاوارەی ئێران دەبێ و لە ساڵی (١٩٧٦) لە شاری (شیراز) لە ڕۆژنامەیەک بەناوی (خەبەر نیگان) وەک وێنەگر دادەمەزرێ و ئەو وێنانەی ئەو دەیگرت لەو ڕۆژنامەیە بڵاو دەکرایەوە، یەکێ لەو وێنانەش گرتنی وێنەی ژنە هونەرمەندی شۆخ (گوگوش) بووە و لەم ڕۆژنامەیە بڵاو کراوەتەوە.
نووسەر و ڕۆژنامەنووس (ڕەوەند کەریم) دەگێڕێتەوە: لە ساڵانی ١٩٧٧ تا ١٩٨٢، من منداڵ بووم قوتابیی قۆناغی سەرەتایی بووم ماڵمان لە گەڕەکی (خانەقا) لە حەساری (یوسف عارەب) بووین، هەشت ماڵ بوو، یەکێ لەو ماڵانە ماڵی (ئەبو سەباح) بوو و خانووەکەی ئەوان لە نهۆمی دووەمی حەسارەکە بوو، ئێمە دایکمان نەمابوو، بۆیە (دادە سوعاد) و (ئەبو سەباح) بۆ ئێمە بووبوونە دایک و باوک، وێنەگرێکی فۆتۆگرافی بێ هاوتا بوو، هونەردۆست بوو، لەوانەش خۆشتر وەرزشدۆستیش بوو و هاندەرێکی سەرسەختی تیپی تۆپی پێی هەڵبژاردەی عێراق بوو، ئێوارانیش کە سەعات دەگەیشتە هەشت ڕادیۆ و مسەجەلێکی جۆری (ئایوا)ی هەبوو، هەموومان لە ماڵی ئەوان کۆ دەبووینەوە و هەموو جارێکیش کۆمەڵە میوانێکی هەبوو گوێمان لە هەواڵەکانی (مۆنتی کارلۆ) و (دەنگی ئەمریکا) دەگرت، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی ماڵەکانی حەسارێ تەلەڤزیۆنیان هەبوو، بەڵام لەبەرئەوەی (ئەبو سەباح) پیاوێکی خۆشەویست بوو و هەمیشە حەزی دەکرد میوانی هەبێ. یەکێک لەو دیمەنە جوانانەی (ئەبو سەباح) و (دادە سوعاد)م لەبیر ناچێتەوە، ئەو ڕۆژەی یاریی هەڵبژاردەی عێراق هەبووایە (ئەبو سەباح) ئاگای لە هیچ نەدەما، جارێکیان یاریی هەبوو، (دادە سوعاد)یش ئیشارەتی بۆ من کرد دەیگوت: سەیرکە بزانە چ گەمەیەک لەگەڵ (ئەبو سەباح) دەکەم.. پێی دەگوت: محیەدین هەندەک بڕۆ ئەولای ڕێیەکەت هەموو گرتییە، ئەویش نەختێک لە جێگاکەی خۆی دەجووڵا، ئەوەندەی پێ دەگۆت تا لە بەردەمی تەلەڤزیۆنەکەی لادەدا، ئینجا توڕە دەبوو و دەیگوت: کچێ سوعاد ئەتو لۆ وازم لێ ناینی.
خانووەکەی ماڵی (ئەبو سەباح) بریتی بوو لە دوو ژوور، ژووری یەکەم دیوارەکانی هەر چوارلای وێنەی هونەرمەند (حەسەن زیرەک) و خانمە هونەرمەندی لبنانی (سەباح) و زۆرانبازی عێراقی (عەدنان قەیسی) بوو.
خۆشم ساڵانێکی زۆر لەگەڵ (ئەبو سەباح) چ لە ژیانی فەرمانبەرێتی و چ لە بواری ڕۆژنامەنووسی پێكەوە بووین، چونکە هەمیشە لەگەڵ من بۆ کارە ڕۆژنامەنووسییەکان دەردەچوو و وێنەی زۆرینەی ڕیپۆرتاژەکانی من بەدەست و کامێرای ئەو بوون، بەڕادەیەک ئەوەندە حەزی لە هونەر بوو، لە شانۆگەرییەکان و دراماکان ڕۆڵی دەبینی، لەو یادەوەرییە خۆشانەی من لەگەڵ (ئەبو سەباح) ساڵی (١٩٨١) کاتێ لە قەڵاتی هەولێرێ ئەو دیدارە هونەرییەمان بۆ هونەرمەندی گەل مامۆستا (تایەر تۆفیق) بەدەست و کامێرای (جەبار غەریب) و دەرهێنانی هونەرمەند (ناسر حەسەن) تۆمار کرد، (ئەبو سەباح) یەکێ بوو لەو کارەکتەرانەی لە دیوەخانی چڕینی مەقامی (ساقیا) و بەستەی (چ بکەم جەرگم سووتاوە)ی هونەرمەند (تایەر تۆفیق) دانیشتووە و ڕۆڵی قاوەچیی دیوەخانەکە دەبینێ.
لە کات و سەردەمی خۆشیدا چەند جارێک دیداری ڕۆژنامەنووسیم لەگەڵ ئەم پیاوە خۆشمەشرەبە کردووە، کە ئەمڕۆ لە هەندێ سایت بووەتە بابەت، ئێستاش لای من (ئەبو سەباح) هەر ئەو پیاوەیە تەنها بەوە تووڕە دەبوو ئەگەر جوێنیان بە ژنە هونەرمەندی لبنانی (سەباح) بدابایە، بە دڵنیایییەوەش ئەم جوێنانە هەر بۆ خۆشەویستیی (ئەبو سەباح) بوو و تووڕەبوونەکەشی چەند چرکەیەک بوو و هێور دەبووەوە، تووڕەکردنیشی هەر لەلای هونەرمەندەکانیشەوە بوو، بەڵام مخابن لە ڕۆژی (٢٠٠١/٨/٢١) ماڵئاواییی لە کامێرا و لە خانەقا و لە سینەمای (حەمرا) و لە هەموو خۆشەویستەکانی خۆی لە هەولێرێ کرد، بەڵام تا ئەو چرکەیەش (ئەبو سەباح) سیمبولی شارە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved