شێركۆ كه‌ریم ئه‌ستێره و گۆڵكارى یانه‌ى وه‌رزشیی هه‌ولێر چوار وه‌رزه به‌رگری له درێسى یانه‌ى هه‌ولێر ده‌كا و چه‌ندین یانه‌ى گه‌وره‌ى له پێناو ناوی هه‌ولێر ڕه‌ت كردووەته‌وه، لە دیدارێكی (گڵكەند)دا دەڵێ یانەكەی له هه‌ڵبژارده‌ى عێراق خۆشتر ده‌وێ و نیازی وایه كاروانى وه‌رزشیشی هەر لێرە به كۆتا بێنێت، بەڵام بەپێویستیشی دەزانێ كێشەكانی یانەكە چارەسەر بكرێن.
شێركۆ كه‌ریم ساڵى 1996 له پارێزگاى كه‌ركووك له‌دایك بووه، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ئه‌م وه‌رزه چه‌ندین گرێبه‌ستى له یانه گه‌وره‌كانى عێراق بۆ هاتبوو، به‌ڵام له پێناو ناوى هه‌ولێر هه‌موویانی ڕەت كردووەتەوە.
ئه‌م هێرشبه‌ره له‌م وه‌رزەدا له‌گه‌ڵ یانه‌ى هه‌ولێر حه‌فت گۆڵى تۆمار كردووه و پێنج گۆڵیشى دروست كردووه، ئێستا له‌لایه‌ن كاستى ڕاهێنه‌رانى هه‌ڵبژارده‌ى عێراق چاودێری ده‌كرێت بۆ دووباره گه‌ڕاندنه‌وه‌ى بۆ ڕیزى هه‌ڵبژارده‌ى عێراق.
شێركۆ كە كاریگه‌رییه‌كی ته‌واوى له‌سه‌ر یانه‌ى هه‌ولێر و هانده‌رانى وه‌رزشی ئه‌و شاره هه‌یه، باسى بارودۆخ و چاره‌نووسى وه‌رزشیى خۆى ده‌كات و ده‌ڵێ خولى ئه‌ستێره‌كانى عێراق خولێكى به‌هێزه و پڕ ڕكابه‌رییه، ده‌بێ له‌م خوله پشوودرێژ بن، ئێستا لەگەڵ هاوڕێیه‌كانى هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ گه‌یشتن به خانه‌كانى پێشه‌وه.
له هەمان كاتدا ئاماژە بەوە دەكات كە ئه‌گه‌ر بته‌وێ كێبەڕكێ بكه‌ى، ده‌بێت تیپێكى تۆكمه‌ت هه‌بێت و هه‌ر كه‌موكورتییه‌ك له هێڵه‌كان هەبن، گرفت دروست ده‌بێت. دەشڵێ ئێستا تیپه‌كه‌یان زۆر باشه، به‌ڵام هه‌ندێك كێشەیان هه‌یه ده‌بێ چاره‌سه‌ر بكرێن بۆ قۆناغی دووه‌م.
له باره‌ى ئەزموونی ئێستای كە له‌سه‌ر ده‌ستى ڕاهێنه‌رێكى كورد مه‌شق ده‌كات، شێركۆ باسی ڕاهێنه‌ر سه‌میر بابۆ دەكا و دەڵێ «ئێمه ڕاهێنه‌رێكى چاوكراوەی وه‌ك سه‌میر بابۆمان هەبێت، سە‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ڕاهێنه‌رى هیچ یانه‌یه‌كی گه‌وره‌ى جیهانى نه‌بووه، به‌ڵام زۆر بەتوانایە و ئەگەر پشتیوانی بكرێ، هەولێر دەگەیەنێتەوە لووتكە. ئاماژە بەوەش دەكات كە لە پێناو گەیشتنی هەولێر بەلووتكە، گوێ به‌وه نادات كێ گۆڵ ده‌كات كێ ده‌بێته ئه‌ستێره‌ى یارییه‌كان، ته‌نیا هه‌وڵ دەدات هه‌ولێر براوه بێت.
له باره‌ى هانده‌رانی یانەكەشیەوە حه‌ز ده‌كات هانده‌رانى هه‌ولێر به یه‌ك ده‌ست ببینێت، هه‌موو هه‌ولێر یه‌كپارچه درێسى هه‌ولێر له‌به‌ر بكەن و پێكەوە پشتیوانیی یانەكە بن.