بەر لە چوار ساڵ کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر لە سەروبەندی داخستندا بوو، جووتیارانی ناوچەكەش نەیاندەزانی چۆن بەرهەمی تەماتەیان لە بازاڕەكان ساغ بكەنەوە و زیانی گەورەیان پێ دەگەیشت، بەڵام بە بڕیارێكی سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی کوردستان كارگەكە خرایەوە گەڕ، ئێستا ڕۆژانە زیاتر لە 70 تۆن دۆشاوی تەماتە بەرهەم دێنێ، نەك هەر لە بازاڕەکانی ناوەخۆدا، بەڵكو هەناردەی دەرەوەی وڵاتیش دەكرێت.
لە جیهانی كشتوكاڵدا، تەماتە بە بەرهەمی سەرەكی دادەندرێت بۆ وەدەستخستنی قازانج، کەشوهەوای هەرێمی کوردستانیش لەبارترینە بۆ بەرهەمهێنانی، بۆیە بە پیشەسازیکردنی بەرهەمی تەماتەی جووتیارانی كوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگەی كارگەی هەریرەوە، قازانجێكی گەورەی ئابووری لێ كەوتەوە.
ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا دوو کارگەی دۆشاوی تەماتە هەن. یەكیان لە سنووری شارەزوور و ئەوی تر لە هەریرە، دۆشاوی تەماتە بە کوالێتییەکی بەرز و بەپێی ستانداردە جیهانییەکان بەرهەم دەهێنن. ئەو دوو کارگەیە هەلی کاریان بۆ دەیان گەنج و دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان ڕەخساندووە.
لەمبارەیەوە شوان حەمید بەڕێوەبەری کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر بۆ (گڵکەند) ڕای گەیاند «ئێمە ڕۆژانە بەرهەمی جووتیاران لە ناوەخۆی کوردستان و شارەکانی دیکەی عێراقیش وەردەگرین. کارگەکە هەلی کاری بۆ زیاتر لە 90 گەنجی هەریر و دەوروبەری ڕەخساندووە. زیاتر لە 2000 کەس بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەم کارگەیە سوودمەندن”.
ئێستا کارگەکە ڕۆژانە زیاتر لە 70 تۆن دۆشاوی تەماتە بەرهەم دەهێنێت و ڕەوانەی شارەکانی کوردستان، عێراق و دەرەوەی وڵاتیش دەکرێت. شوان حەمید ئاماژەی بەوە دەكات كە بەرهەمەکە ئۆرگانیک و خۆماڵییە، تەنها لە تەماتە دروست دەکرێ و هیچ ماددەیەکی دیکەی لەگەڵ تێکەڵ ناکرێت. خۆشحاڵیشە كە خەڵکی كوردستان لە بەرهەمەکە ڕازیین.
بەگوتەی بەڕێوەبەری کارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر، لە دەرەوەی كوردستان خواستێکی زۆر لەسەر دۆشاوی تەماتەی کارگەكە هەیە، پێش چەند ساڵێک یەکەم کاروانی بەرهەمی دۆشاوەکەیان هەناردەی ئەمەریکا كرد. پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا و ئێستا بازاڕیان لە ئەمریكا زۆر باشە. لە وڵاتانی ئەورووپا و کەنداوی عەرەبیش بەگشتی خواستی زۆر لەسەر بەرهەمەکە هەیە. تا ئێستا سەرووی 300 تۆن دۆشاوی تەماتە ڕەوانەی دەرەوەی كوردستان كراوە.
لەبارەی كوالێتی دۆشاوی تەماتەكەی هەریریشەوە، سومەییە سەدیق کارمەندی بەشی تاقیگەی کارگەكە ئاماژە بە پشکنینە بەردەوامەکان دەدات کە تایبەتن بە بەرهەمی دۆشاوەكان و ڕۆژانە بە چەند فیلتەرێکدا تێپەڕ دەبن، تا بەپێی ستانداردی زانستی و جیهانی بخرێنە بازاڕەوە.
کارگەی ئاوی تەماتەی هەریر یەکێکە لە گەورەترین کارگەکانی قوتووبەندی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئامێرەکانی گۆڕدران و دووبارە كارگەكە خرایەوە کار، وەزارەتی کشتوکاڵ یاداشتی لێک تێگەیشتنی لەگەڵ کارگەکەدا کردووە تا بەرهەمی نێوەخۆییی جووتیاران بکڕێتەوە. لەو کارگەیەدا دوو ساڵی ڕابردوو ڕۆژانە 100 تاوەکو 150 تۆن تەماتە لە جووتیاران وەرگیراوە و دۆشاوی تەماتەی لێ بەرهەم هێندراوە.