مانگانە هەزار كەس لە هەولێرەوە بە ئۆتۆمۆبێلی خۆیان گەشتی دەرەوەی وڵات دەكەن
مانگانە هەزار كەس لە هەولێرەوە بە ئۆتۆمۆبێلی خۆیان گەشتی دەرەوەی وڵات دەكەن

ژماره‌یه‌ك ئۆتۆمۆبێل له‌ناو گۆڕه‌پانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گومرگی هه‌ولێر ڕاگیراون، خاوه‌نەکانیان دەیانەوێ مۆڵەتی تایبەت بۆ گه‌شتكردن بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، وەربگرن.
لە بەدواداچوونێکی (گڵکەند)دا دەرکەوت، تەنیا لە هەولێر لە ساڵی ٢٠٢٤دا زیاتر لە ١١ هەزار و ٨٠٠ کەس، مۆڵەتی گەشتکردنیان بە ئۆتۆمۆبێلی تایبەت بۆ دەرەوەی وڵات وەرگرتووە، بەو واتایەی مانگانە نزیکەی هەزار کەس.
لێخوڕینی ئۆتۆمۆبێل بە ڕێگە دووره‌كاندا و چێژوه‌رگرتن له‌ دیمه‌نه‌ سروشتییه‌كان دەشێ یه‌كێك له‌ ئه‌زموون و یادگارییە شیرینەكانی ژیانی‌ مرۆڤ بێت، لە جیهاندا جۆرە گەشتێك هەیە بە ناوی (road trip) واتە گەڕان بە ڕێگادا، لە كۆتایی سییەكان و سەرەتای چلەكانی سەدەی رابردوودا لە ئەمەریكا وەك دیاردەیەكی نوێی خۆشگوزەرانی سەری هەڵدا و جیهانی گرتەوە.
ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو جۆرە گەشتكردنە لە كوردستاندا لە پەرەسەندن دایە، هه‌ندێك له‌ گه‌شتیاران پێیان وایه‌ خۆشترین جۆری گەشت و گەڕان ئەوەیە به ‌ئۆتۆمۆبێلی خۆت بە نێوان وڵاتانی دراوسێدا بگەڕێی.
یه‌كێك لەو‌ گه‌شتیارانەی نۆرەیان گرتبوو بە ناوی سەمەد قاسم لە لێدوانێكی بۆ (گڵكه‌ند) گوتی ئه‌و كه‌سه‌ی به‌ئۆتۆمۆبێلی خۆی گه‌شت ده‌كات ده‌توانێت كاتی گه‌شته‌كه‌ دیاری بكات، به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌هۆی خشته‌ی كۆمپانیاكانی گواستنه‌وه‌ سنووردار بكرێت.
دەشڵێ گه‌شتیار كە ئۆتۆمۆبێلی خۆی پێ بوو، به‌پێی قه‌ره‌باڵغیی هاتوچۆ ده‌توانێت ڕێڕه‌وی خۆی بگۆڕێت، ده‌توانێ بڕیار بدات كه‌ی پشووی بدات، به‌بێ ئه‌وه‌ی پابه‌ند بێت به‌ كاته‌ دیاریكراوه‌كانه‌وه‌.
سەمەد باس لەوەش دەكات كە پێشتر بە ئۆتۆمۆبێلی خۆی سەردانی توركیا و ئێرانی كردووە، دەڵێ لە هەموو كەس زیاتر جوانییەكانی سروشتی ئەو وڵاتانەی بینیوە و شارەزای كولتووری شارنشین و گوندنشینەكانیان بووە، هەروەها بە ئارەزووی خۆی ڕێگەی گەڕان و شوێنی حەسانەوەی دیاری كردووە.
كاروان ڕواندزی گه‌شتیارێكی دیكه‌یه‌ كە پێشتر چه‌ند جارێك سه‌ردانی وڵاتی توركیای كردووه‌، پێی وایه‌ گه‌شتكردن به ‌ئۆتۆمۆبێل چێژبه‌خشتره‌ و بڕوا به‌خۆبوون زیاتر ده‌كات، به‌تایبه‌ت ئه‌و كاتانه‌ی ده‌ته‌وێ له‌ ڕێگه‌ی (جی پی ئێس)ه‌وه‌ شوێنی دڵخوازی خۆت بدۆزیته‌وه‌.
هەروەها هه‌ستێكی خۆشی هەیە‌ كاتێك كوردانی باكور له‌ ڕێگه‌ی ئۆتۆمۆبێله‌كانیانه‌وه‌ ده‌زانن كه‌ له‌ باشووره‌وه‌ چوون و له‌ سیمایاندا دڵخۆشییه‌كی زۆر به‌دی ده‌كەن.
گه‌نجێكی شه‌قڵاوه‌ش به‌ناوی سه‌نگه‌ر ناسر كاتێك فیزای شنگنی وه‌رگرتووه‌ به ‌ئۆتۆمۆبێلی خۆی له‌ هه‌ولێره‌وه‌ گه‌شتی بۆ نۆ وڵاتی ئه‌وروپی كردووه‌، لەبارەی ئەزموونەكەیەوە ده‌ڵێ لە ڕێگەی ئەوروپا 17 هه‌زار كیلۆمه‌تری بڕیوە، ئەم گەشتەی بووەتە پڕخۆشیترین و پڕیادگاریترین‌ ڕۆژەكانی ژیانی.
ئەوەش ناشارێتەوە كە زۆر ماندوو بووە، به‌ڵام زۆر شتی نوێش لەم گەشتەیدا فێر بووە، شوێنی وای بینیوە كە ئه‌گه‌ر به‌ فڕۆكه‌ گه‌شتەكەی كردبا، هەرگیز نەیدەدیتن.
به‌پێی ڕێنمایییه‌ گومرگییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ر گه‌شتیارێك بیه‌وێ به ‌ئۆتۆمۆبێلی خۆی گه‌شت بكات، پێویسته‌ ئۆتۆمۆبێله‌كه‌ به‌ناوی خۆی بێت یان وه‌كاله‌ی بۆ كرابێت و مۆڵه‌تی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌بێت، له‌ هه‌مان كاتدا حجز ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئۆتۆمۆبێله‌كه‌ی، هه‌روه‌ها پێویسته‌ گه‌شتیار له‌ كاتی پشكنینی ئۆتۆمۆبێله‌كه‌ی پاسپۆرته‌كه‌یشی له‌گه‌ڵ خۆی ببات، جگه‌ له‌مه‌ش به‌ڵگەنامه‌یشی پێ پڕ ده‌كرێته‌وه‌.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved