سه‌رده‌مانێک مه‌سیحییه‌كی عه‌نكاوه بووەتە حه‌كیمی دەردی هه‌ولێرییان، ئه‌گه‌رچی ده‌رچووی هیچ به‌شێكی پزیشكی نه‌بووە، به‌ڵام ئه‌زموونی زۆری له چاره‌سه‌ر‌كردنی نه‌خۆش و بریندار، ناوبانگێكی گەورەی پێ داوە و سنووری هەولێریشی بڕیوە.
حه‌نا شه‌معوون، ناسراو به مام حه‌نای ته‌بیب، كە موسڵمانه‌كانی هه‌ولێر به عه‌نۆ دیان بانگیان كردووه، خەڵكی گوندی عه‌نكاوه بووە و ساڵی 1887 له‌دایك بووه، ساڵی 1963ش هەر لە عەنكاوە كۆچی دواییی كردووه، ئه‌و پیاوه له گیا و درەخت ده‌رمانی كورده‌واریی دروست كردووه و برینی مرۆڤ و ئاژه‌ڵی پێ تیمار كردووه.
خاره محەمه‌د حه‌سه‌ن، ته‌مه‌ن هه‌شتا و نۆ ساڵ، خه‌ڵكی گوندی داره‌تووی شاری هه‌ولێره، ئه‌و كه له نزیكه‌وه چه‌ند جارێك عەنۆ دیانی بینیوه، باس له‌وه ده‌كات كه ئەو ته‌بیبە له پیشه‌كه‌ی خۆی شاره‌زا و به‌توانا بووه، ناوبانگێكی گەورەی دەركردووە، له گونده‌كانی ده‌شتی هه‌ولێرێوە بگرە تا ده‌گاته شه‌قڵاوه، هه‌ر كه‌سێك بریندار بوایه، ده‌چوون به‌دوای عەنۆ دیاندا تا بریندارەكه تیمار بكات.
خاره محەمه‌د حه‌سه‌ن، له‌باره‌ی پیشه‌كه‌ی مام حه‌نا بۆ (گڵكه‌ند) ده‌ڵێت، «له ساره‌كانی چل و په‌نجایه‌كان عه‌نۆ دیان له هه‌ولێرێ به‌ناوبانگ بوو، ده‌ستی ته‌بیبی هه‌بوو، هه‌ینێ دختۆر و شت نه‌بوون، كه‌سه‌ك به‌تفه‌نگی یان به خه‌نجه‌ری برینداربا، ده‌یانگۆت بڕۆنه دوو عه‌نۆ دیانی با بێ عیلاجی بكاتن، عیلاجه‌كانی به ده‌رمانی كورده‌واری ده‌كرد.»
خاره محه‌مه‌د، ده‌شڵێت «مام عه‌نۆ به‌س عیلاجی ئینسانی نه‌ده‌كرد، عه‌یوان و وراغیش برینداربان یان سه‌ی هار په‌لاماری دابان، ده‌هات عیلاجی ده‌كردن، له بیرمه ئه‌من پارچه‌ره بووم جاره‌كی هاته داره‌تووی، وراغه‌ك بریندار ببوو، سێ چار ڕۆژان له كنه مه ما‌وه هه‌تا عیلاجی كرد و به‌سه‌ر پێی خۆی كه‌ته‌وه، سه‌یاره و مه‌یاره‌ش نه‌بوو، لۆیه هه‌تا عیلاجه‌كه‌ی ته‌واو نه‌كردبا نه‌ده‌چۆوه عه‌نكاوه‌ی.»
ئه‌و ساڵانه له وه‌رزی به‌هاردا ئه‌و جۆره گیایانه‌ی كۆ كردووەته‌وه كه له دروستكردنی ده‌رمان سوودی لێ بینیون، جگه له تیماری برین، چاره‌سه‌ری جۆره‌ها نه‌خۆشیی تریشی كردووه.
بنه‌ماڵه‌ی حه‌نا شه‌معوون له عه‌نكاوه به‌حه‌كیم ناسراون، نه‌وزاد پۆڵس، یه‌كێكه له كوڕه‌زاكانی مام حه‌نا، باس له شاره‌زاییی باپیری له بواری پزیشكی ده‌كات و ده‌ڵێت، «ئەو شه‌ماشه بووه له كه‌نیسه‌ی، یەعنی له‌وێ خیندیتی و خزمەتی كەنیسەی كردیە، به‌س ده‌یزانی به زمانی سریانی بنووسی و بخینی، كوردی و عه‌ره‌بی هیچ نه‌ده‌زانی، ئه‌ویش ئیشه‌كەی له باپیری خۆی فێر بوو بوو، هه‌موو نه‌خۆشه‌ك عیلاجی ده‌كرد، لۆیه‌ش به عائیله‌ی مه ده‌رێن حه‌كیم.»
مام عه‌نۆ، جگه له كاری پزیشكی هیچ كارێكی تری نه‌كردووه، له‌و سه‌رده‌مه‌ی كه ئه‌و تیایدا ژیاوه پاره كه‌م بووه، مامه‌ڵه‌كردن زیاتر به گۆڕینه‌وه‌ی خواردن و كه‌لوپه‌ل بووه، بۆیه خه‌ڵكی له به‌رامبه‌ر ماندووبوونی مام عه‌نۆ، دانه‌وێڵه و ئاژه‌ڵیان داوه‌تێ.