ڕێگەیەكی ستراتیژیی نوێ بۆ پەرەپێدانی هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی، كە بڕیارە ئەمساڵ تەواو بێت، بە یەك جار چەندین كێشەی هاتوچۆ لە سنوورەكە چارەسەر دەكات، ڕێگەی بارهەڵگر ئاسانتر و هیی ڕێبوار و گەشتیارانیش سەلامەتتر و كورتتر دەكاتەوە.
چاوەڕێ دەكرێ بەم زووانە تەواوكردنی جووتسایدە نوێیە نۆ كیلۆمەتر و نیویەكەی ماوەران بۆ میراوەی شەقڵاوە، لەگەڵ چاككردن و پەرەپێدانی هەردوو تونێڵی ماوەران و شەقڵاوە، گۆڕانێكی گەورە لە ڕەوتی هاتوچۆ و گەشتیاری لە سنووری پارێزگای هەولێر بێنێتە دی.
جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە لە كۆتاییی ساڵی ڕابردووەوە لەلایەن كۆمپانیای (نۆڕس ڵایت)ەوە دەستی پێ كردووە، بەگوێرەی لێدوانی ئەندازیار مالیك محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆژەكانی ڕێگەوبان لە كۆمپانیاكە بۆ (گڵكەند)، پلان ئەوەیە پڕۆژەكە بەر لە وادەی دیاریكراوی خۆی تەواو بكرێ، بەجۆرێك كە لە كۆتاییی ئەمساڵدا جووتسایدە نوێیەكە بە ڕووی گەشتیاران و ڕێبواراندا بكرێتەوە.
لێكۆڵینەوەكانی هاتوچۆی سنوورەكە دەریان خستووە 70%ی ئەو ئۆتۆمۆبێلانەی لە وەرزی گەشتوگوزاردا ڕوو لە شەقڵاوە دەكەن، لەوێ نامێننەوە، بەڵكو بە شەقڵاوەدا تێ دەپەڕن بەرەو سنوورە گەشتیارییەكانی دەشتی هەریر و ڕواندز، یان چیای كۆڕەك، چۆمان و حاجی ئۆمەران.
بەگوێرەی قسەی ئەندازیارەكەی كۆمپانیای جێبەجێكار، تەنها 30٪ی ئۆتۆمۆبێلەكان لە شەقڵاوە دەمێننەوە و دواتر دەگەڕێنەوە سنوورەكانی خۆیان، بەم شێوەیە لە داهاتوودا گوشاری زیادەی سەر شەقڵاوە نامێنێ، چیی دیکە سنوورەكە تووشی خنكانی هاتوچۆ نابێت، وەك ئەوەی زۆربەی جار لە ڕۆژانی هەینیدا هەزاران ئۆتۆمۆبێل بۆ چەند كاتژمێرێك لە ڕێگەی قەرەباڵغی شەقڵاوەدا گیر دەبن.
ئەندازیار مالیك دەڵێ بەتەواوبوونی ئەو جووتسایدە نوێیە، 70٪ی ئەو ئۆتۆمۆبێلانەی ئێستە ڕۆژانە بەشەقڵاوەدا تێ دەپەڕن، ناچنە شەقڵاوە، بەڵكو یەكسەر بە دەستەچەپ لە ڕێگەی تونێڵەوە لادەدەن و بە خێرایی بەرەو ئەو ناوچانە تێ دەپەڕن كە مەبەستیانە. ئاماژەش بەوە دەدات كە ئەو دوو تونێڵە نوێیە ئاستی خزمەتگوزاریی هاتوچۆ لە ناوچەكە زۆر بەرز دەكەنەوە، ڕێگەكان كورت دەكەنەوە، شۆفێر و ڕێبوار ڕووبەڕووی ناڕەحەتی نابنەوە لە سەركەوتن و دابەزینی لۆفە.
لەبارەی وردەكاریی پڕۆژەكەشەوە، ئاماژە بەوە دەكات كە ڕێگە نوێیەكە نۆ كیلۆمەتر و نیوە، هەروەها تونێڵی یەكەم كە تونێڵی ماوەرانە درێژییەكەی نزیكەی ٩٥٠ مەترە و كاتی خۆی كە دروست كراوە كێشەی هەبووە، بەتایبەتی لە هەردوو دەروازەكەی، ئەمەش بەهۆی تایبەتمەندیی خۆڵی ناوچەكەوە بووە كە جیاوازە لەگەڵ خۆڵی ناوچەكانی تری كوردستان و بەهۆی ئاوەوە خۆڵەكە هەڵدەئاوسێ و یەكدی ناگرێ، كاتی خۆی بۆ چارەسەركردنی بەچیمەنتۆ ڕووپۆش كرا، بەڵام بەهۆی هەڵاوسانی خۆڵەكەوە داڕمایەوە، ئێستا ئەوان لە پڕۆژە نوێیەكەدا بۆ چارەسەركردنی یەكجارەكی، تونێڵەكەیان بەدرێژاییی 300 مەتر درێژ كردووەتەوە، بۆ ئەوەی ئەگەر لە داهاتوودا هەر داڕمانێكی تریش خۆڵەكەی گرتەوە، بتوانن بەئاسانی تونێڵەكەی لێ بپارێزن و كێشەی هاتوچۆ لە سنوورەكە دروست نەبێت.
گوتیشی تونێڵی دووەم كە میراوەیە، ئێستە هاتوچۆی لەسەرە، بەڵام كاتی خۆی بە چەند كەموكورتییەكەوە جێبەجێ كراوە و كێشەی هەیە، لەوانەش كێشەی ڕووناكی و كارەبا، هەروەها كێشەی ئاڵوگۆڕی هەوا و دەرچەكان، لە ڕێگەی ئەم پڕۆژە نوێیەوە ئەم تونێڵەش نۆژەن دەكرێتەوە و كێشەكانی چارەسەر دەكەن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە درێژەی پڕۆژە ستراتیژییەکانی پەرەپێدانی تۆڕی ڕێگاوبان، ئەم پڕۆژە نوێیەی لە سنووری شەقڵاوە دەست پێ کردووە، کە لە ناوچەی پیشەسازییەوە تا تونێڵی میراوە درێژ دەبێتەوە. بودجەی پڕۆژەكە زیاتر لە 90 ملیار دینارە، بەشێکە لە پلانی گشتگیری کابینەی نۆیەم بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی گواستنەوە.
خەتاب قادر دەروێش بەڕێوەبەری ڕێگەوبانی هەولێر لە لێدوانێکی بۆ (گڵکەند) ئاماژەی بەوە کرد کە پڕۆژەکە گرینگییەکی ستراتیژیی هەیە، چونکە ڕێگەی سەرەکیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. هەروەها ڕۆڵێکی بەرچاویش لە گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری و بازرگانیی ناوچەکەدا دەبینێت.
دەشڵێ پڕۆژەکە دوو ئەندەرپاسی نوێ بۆ ڕێکخستنی هاتوچۆ لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ زیادکردن و ڕێکخستنەوەی ئاوبەرەکان، هەروەها سنووری خێراییی لێخوڕینیش لە 80 کیلۆمەترەوە بۆ 100 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بەرز دەکرێتەوە، کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی کاتی گەشت و باشترکردنی کاراییی گواستنەوە.
بەڕێوەبەری ڕێگەوبانی هەولێر ئەوەشی ئاشكرا كرد كە لە داهاتوودا پلانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی فراوانکردن و بەجووتسایدكردنی پێچەکانی چیای سپیلکیش هەیە، بەڵام جارێ وادەی جێبەجێکردنەکەی دیار نییە.