لە بەهاراندا ڕیزە دار تووەکەی بەردەم (مەحەتەی قیتار)ی هەولێر، جێی خڕبوونەوەی منداڵانی گەڕەک بوو، بەسەر دارەکاندا هەڵدەگەڕان، بەدەم لێكردنەوە و خواردنی تووەوە، بەدەست و دەمی سوورهەڵگەڕاوەوە لە دیمەنی سیحراویی هاتنی قیتارەکەیان دەڕوانی، كە بەر لە دەركەوتنی لمووزە درێژەكەی لە قۆرتایییەکی تەنیشت یاریگەی فرەنسۆ هەریریی ئێستاكە، دووکەڵە ڕەشەكەی بەرەو ئاسمان بەرز دەبووەوە، ئینجا فیتە بەرزەكەی لێ دەدا.
ئەو فیتەیە بۆ ئاگادارکردنەوەی شار بوو لە نزیكبوونەوەی قیتارەكە و دواتریش بۆ ئەوە بوو کرێکارەکانی ناو وێستگەكە دەست بەئامادەباشی بكەن بۆ وەستانی قیتارەکە.
شەمەندەفەرە سەوزەكەی هەولێر، لە ساڵانی بیستەکاندا لەلایەن دوو کۆمپانیای بەریتانی و هیندی دروست کرابوو. لە ساڵی ١٩٤٣-١٩٤٤دا دەست بەدروستكردنی وێستگە و هێڵە ئاسنینەکەشی کرا، دواتر ساڵی ١٩٤٩ شەمەندەفەرەكە بۆ یەکەم جار گەیشتە هەولێر.
ئەم شەمەندەفەرە لە سێ بەشی سەرەکی پێک هاتبوو؛ بەشی پێشەوە، كە بریتی بوو لە قەمەرەیەكی بچووک، بۆ شۆفێر و یاریدەدەرەکەی، شۆفێرەکە لە شوێنی خۆی دادەنیشت شەمەندەفەرەكەی لێ دەخوڕی و یاریدەدەرەکەشی بەپێوە دەوەستا و چاودێریی بەردەم شەمەندەفەرەكەی دەکرد.
بەشی دووەمیش بریتی بوو لە دوو فارگۆن، لە دوو ژووری گەورە پێک دەهات، هەر ژوورەی (٦٠) کەسی دەگرت، ژووری یەکەم شوێنی سەرنشینە تایبەتەکان بوو، کورسییەکانی ئیسفەنج بوون و پانکەشی تێدا بوو، گەشتیاری ئاساییی لێی دادەنیشتن و نرخی پلیتی بۆ هەر کەسێک بۆ کەرکووک درهەمێک و پازدە فلس بوو، بۆ بەغداش دوو درهەم بوو. ژووری دووەم کورسییەکەی تەختە دارێکی ڕەق بوو، بەزۆری سەربازەکان لە کاتی گەڕانەوەیان لە سەربازی، لەوێ دادەنیشتن کە نرخەکەی هەرزانتر بوو.
هەرچی بەشی سێیەم و کۆتاییی شەمەندەفەرەكە بوو، چەند فارگۆنێکی دوورودرێژی لە شێوەی عارەبانە بوو، پڕ بوون لە کەلوپەل. زۆرجار کەلوپەلەکان داپۆشرا بوون، ئەو منداڵانەی بەسەر دار تووەكانەوە لێیان دەڕوانی، پێشتر لە گەورەكانیان بیستبوو كە زوو زوو چەک و کەرەستەی سەربازی لە ڕێگەی ئەو شەمەندەفەرەوە دەگوازرێنەوە.
شەمەندەفەرەكە كاتژمێر یەكی نیوەڕۆ لە ڕێگەی پردێوە بەرەو کەرکووک بەڕێ دەکەوت، لەوێش لە وێستگەیەک ڕادەوەستا و پاشان بەرەو بەغدا، ڕێگەكە هەشت كاتژمێری دەخایاند، بەهەمان شێوە ڕۆژی دواتر كاتژمێر ١٠ی بەیانی دەگەیشتەوە هەولێر.
وێستگەی ئەو شوێنەی کە شەمەندەفەری لێ دەوەستا دەکەوێتە پشت زانکۆی کوردستانی ئێستا و بەندینخانەی (مەحەتە)ی جاران. فەرمانگەیەک بوو ژمارەیەکی زۆر فەرمانبەر و کرێکاری هەبوو، بەشێکیان بەدرێژاییی هێڵە ئاسنینەكە چاودێرییان دەكرد و ڕێڕەوی شەمەندەفەریان چاك دەكرد، پێیان دەگوترا کرێکاری مقەسچی.
نەجات مەحموود یەكێك لە کرێکارەكانی وێستگەی شەمەندەفەری هەولێر، كە ئێستا خانەنشینە، بۆ (گڵکەند)ی گێڕایەوە “ساری ٧٩ بە عەمەلە لە دایرەی عامەی سیكەت حەدید لە محەتەی هەولێرێ تەعین بووم، تەقریبەن ٢٠٠ كەس دەبووین لەوێندەرێ ئیشمان دەكرد، هەندەك مهەندیس و مۆزەف بوون، هەندەكیشمان عەمەلە بووین، قسمی کارەبا و چاککردنەوە و مەقەس و گومرگ و ئیدارەی لێ بوو”.
مام نەجات باس لەوە دەكات كە لە سەردەمی ئەودا بەڕێوەبەری وێستگەكە ناوی ئەبو یوسف بووە و یەكێك لە شۆفێرەكانی شەمەندەفەرەكەش كەسێكی مەسیحی بووە بەناوی مەنسوور کە خەڵکی بەغدا بوو، بەڵام ماڵی هێنابووە ناو خانووەکانی ئەوسای (مەحەتە).
هەروەها دەڵێ کرێکارەکان ڕۆژانە سەرپەرشتی و چاودێریی ئەو شەمەندەفەرەیان دەکرد کە بەیانیان دەگەیشتە هەولێر، جگە لە سەرنشینەکان كە ڕێبوار بوون، کەلوپەلێکی زۆریشی دەهێنا کە لە کەرەستەی سەربازی و بەنزین و چیمەنتۆ و شمەكی دیكە پێك دەهات. هەر لەناو وێستگەدا بەنزینخانەیەک هەبوو، لەوێدا بەنزینەکەیان بەتاڵ دەکرد و کەلوپەلەکانیان دەهێنایە خوارەوە. بۆ نیوەڕۆ جارێکی دیکە هەندێ کەلوپەلی دیکە بار دەکران و شەمەندەفەرەكە لە ڕێگەی کەرکووکەوە بەرەو بەغدا بەڕێ دەكەوتەوە.
ئەو کرێکارە دێرینەی وێستگەی شەندەفەر باس لەوەش دەكات كە “قیتارەکە بە گاز و ئاو ئیشی دەکرد. وەكی دەگەیشتە محەتەی، چەند عەمەلەك گاز و ئاویان تێ دەكرد، هەتا لۆ سەفەری گەڕانەوە حازر بیت، ئەوجە عەمەلەك بە پەمۆ ئاگرەكی لە كن مەکینەکەی دەکردەوە کە دەکەتە لای پێشەوەی قیتارەكە، هەتا مەكینەكە بەئیش دەکەت”.
مام نەجات باسی لەو گەڕەكەش كرد كە لە نزیک محەتەی جاران بۆ فەرمانبەران و کرێکارانی وێستگەی شەمەندەفەر دروست كرا، دەڵێ بەبێ جیاوازی هەریەک لە كرێكار و فەرمانبەرەكان خانوویەکی ٣٠٠ مەترییان بە بەرد بۆ دروست کرا، خانووەکان دیواری حەوشەیان نەبوو، بەڵكو بە داروبار و سەوزایی تانۆكیان بۆ دروست کرابوو، دواتر ئەو خانووانە بوون بە گەڕەکی مەحەتە كە نزیکەی ٢٠٠ خانوو دەبوون.
هەروەها لە بەرامبەر شوێنی نووسینگەی ئێستای كەناڵی کوردستان تیڤی سەکۆیەک هەبوو، هەموو بەیانییەک لەوێ کەلوپەلەکانی فارگۆنەکان دادەبەزێندران و بەهەمان شێوە دواتر لە هەمان شوێن کەلوپەلی دیكە لەناو بارهەڵگرەکانەوە دەگوازرانەوە ناو فارگۆنەکان بۆ ئەوەی ڕەوانەی كەركووك و بەغدا و شارەكانی تر بكرێن.
لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکاندا نیوەڕۆیەک شەمەندەفەرەكە بەیەکجاری هەولێری جێ هێشت و نەگەڕایەوە. تەنیا فارگۆنەکان لە شوێنی وێستگەکە مابوون و بووبوون بە شوێنی یاریی منداڵان.