لە کۆڵانى تەنگەبەردا شان مەدە لە شانم، لەو کۆڵانە تەنگەبەرانەی سیمایەکى دیاری گەڕەكە كۆنەكانی هەولێر بوون، ئەوانە لەخۆڕا دروست نەبوون و بەمانای ئەوە نایەن كە هیچ ڕێکخستنێک بۆ دروستکردنى خانووبەرە نەبووە، یاخود شارەوانى گوێى پێ نەداون، بەڵکو هەبوونى ئەو خانووانە لە تەک یەکتریدا دەگەڕێتەوە بۆ باری کۆمەڵایەتیی ئەوسا، کاتێک خەڵك ویستوویانە لە یەكتری نێزیك بن و بۆ چارەسەرى کێشەکانیان زوو بگەنە فریای یەكتری و ئاگادارى ورد و درشتی یەکتری بوون، خەڵكی كۆڵانێك وەكو یەك خێزان دەژیان، تا ئەم دوایییەش کاتێک خێزانێک دەچووە شوێنێک ماڵى بەهاوسێیەکەى دەسپارد، ئەویش وەک ماڵى خۆى چاودێریى دەکرد، چ جاى لەو کۆڵانە تەنگەبەرانە.
هەروەها کوڕەکان کاتێ زەماوەندیان کردووە، باوک و دایکیان نەیانویستووە لێیان دوور بكەونەوە، بۆیە لە تەک خۆیاندا خانوویان بۆیان دروست کردوون، لەگەڵ ڕۆژگاردا ئەو برا و کوڕانە ڕۆیشتوون و چوونەتە شوێنى دیکە.
ئەو کۆڵانە تەنگەبەرانەى دەرچوونیان نییە و داخراون، زۆر جاران بوونەتە جێی بیرکردنەوە و پرسیار، بەڵام لە كۆتاییدا ئەویش هەر دەگەڕایەوە بۆ بارە کۆمەڵایەتییەکە، ئەوەی دەچووە ئەو كۆڵانانە بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵ بووە یان بۆ سەردانیكردنی یەكێك لەو ماڵانەی كۆڵانەكان بووە، واتە ئەو كۆڵانانە بۆ پێدا تێپەڕین و پیاسەكردن نەبوون.
كۆڵانی تەنگەبەر لە گەڕەکە کۆنەکانى وەک خانەقا هەبوون، لەوێ سێ کۆڵانى تەنگەبەر هەن، لە گەڕەکى تەعجیلیش کۆڵانێک هەیە، لە گەڕەکى سەیداوەش دوو کۆڵان هەبوون، هەروەها لە گەڕەکى سێتاقان ئەوبەر و ئەوبەر دوو کۆڵانی تەنگەبەر هەبوون.
لە شارەكانی دەوروبەری هەولێریش هەبوون، لە شارى کۆیە چەند گەڕەکێکی وەک بایزاخا و قەڵات کۆڵانى تەنگەبەریان تیایە، لە کاولۆکانى ڕەواندزێش کۆڵانێکی تەنگەبەر هەبوو، لە شارۆچکەى شەقڵاوەش لە گوندە کۆنەکە، چەندین کۆڵانى تەنگەبەر هەن، لە شارۆچکەى تەقتەقیش کۆڵانێکى تەنگەبەر لە گەڕەکە کۆنەکە هەیە، لە مەخمووریش چوار کۆڵانی تەنگەبەر هەن.
لە زۆربەى شارە کۆنەکانى جیهانیشدا ئەو جۆرە کۆڵانانە بەدى دەکرێن، ئێستا زۆربەى ئەو کۆڵانە تەنگەبەرانە بوونەتە جێگەى سەرنجى گەشتیاران، كە بەخۆشییەوە دەڕواننە ئەو کۆڵانانە، بەشێکیان کورتن و درێژ نین، کەچى بەشێکى دیکەیان زۆر درێژن، لە تەک ئەمەدا بەشێک لەو کۆڵانانە دەرچوونیان نییە، واتە کۆتاییی ڕێگەیە، ئەو کۆڵانانە چ لە کوردستان یان لە شارە کۆنەکانى دیکەى جیهان تەنیا جێگەى دوو کەسى تیادا دەبێتەوە یەک هاتوو و ئەوى دیکە چوون، یاخود کۆڵان هەبووە تەنیا جێگەى یەک کەسى تیادا بووەتەوە تا هاتوچۆى تیادا بکات.
ئێستا بەشێک لەو کۆڵانانە نەماون، بەهۆى بوونى هۆیەکانى هاتوچۆ و ڕاگرتنى ئۆتۆمۆبێل لە کۆڵانەکان، پێشتر هیچ کام لە هۆیەکانى هاتوچۆ نەبوون، بۆیە ئاسایی بووە ئەو کۆڵانانە هەبن، باسیش لەوە دەکرێ لە هەشتایەکانى سەدەى ڕابردوودا بەشێک لەوانەى لە دەست پیاوانى ڕژێمى بەعس ڕایان کردبوو، کاتێک چوونەتە نێو ئەو کۆڵانە تەنگەبەرانە خۆیان ون كردووە و سەرباز نەیانتوانیوە بیاندۆزنەوە.