خەیاتەکانی خەتێ
خەیاتەکانی خەتێ

لە کۆتاییی هەشتاکان و نۆهەتەکانی سەدەی ڕابردوودا، ساڵانە دوو سێ جار لەگەڵ باوکم دەچووینە دوکانەکانی بن ئوتێل مێرگەسۆر لە پشت باغی شاری ناوەندی هەولێرێ. مام نوورەدین خەیاتی خەتێ دوای بەخێرهێنان، بە فوتەکەی درێژی و کەمەر و دەلینگی دەپێوام و شەرواڵێکی لەو قوماشەی خۆم هەڵم دەبژارد، بۆ دروست دەکردم.
مام نوورەدین خەڵکی گوندی خەتێی دۆڵی خۆشناوەتی بوو، وەکو زۆربەی خەڵکی گوندەکەی، بەرگدوور (خەیات)ێکی کارامە بوو و هەموو جۆرە جلوبەرگێکی کوردیی پیاوانەی دەدووری.
لەمێژە لە گوندی خەتێی دەڤەری خۆشناوەتی، پیشەی خەیاتی یان بەرگدووری پیشەی هەرە باوە، ئەوان لە هەولێر و ناوچەكانی دی جلوبەرگی كوردی بۆ خەڵك دەدوورن و لە ئەنجامیشدا سیمایەكی کوردانەتر بە شەقامەکانی كوردستان دەبەخشن.
سەعدوڵڵا خەتێیی کە ئەویش هەر خەیاتە بە (گڵکەند)ی ڕاگەیاند لە نێوان هەر 10 پیاوێكدا لە گوندەکەیان، دوو یان سێیان خەیاتن یان پێشتر خەیات بوون، کە زۆربەیان ئەو پیشەیان لە باب و باپیریان بۆ ماوەتەوە.

سەعدوڵڵا خەتێی لەکاتی کارکردندا

خەتێ سەر بە ناحیەی بالیسانی قەزای شەقڵاوەیە لە پارێزگای هەولێر، بەدووریی نزیکەي ٧٥ کیلۆمەتر کەوتووەتە ڕۆژهەڵاتی پارێزگاوە. خەڵکی ئەو گوندە جگە لە خەیاتی، بە مەلایەتی و چاندنی تووتنیش بەناوبانگن.
خەیاتەکانی خەتێ، هەموو جۆرە شەرواڵ و قاتێکی کوردیی وەک مرادخانی، ڕانکوچۆغەڵ، کراسی و مەرەز (کر) دەدوورن. ئەوان لەگەڵ هاوپیشەکانیان، لەو سەردەمەی خەڵک زیاتر ڕووی لە جلوبەرگی ڕۆژئاوایی کردووە، بەردەوام سیمای کوردانە بەشەقام و شارەکان دەبەخشن.
سەعدوڵڵا خەتێیی ئاماژەی بەوەش کرد، کە ناوبانگی چەند خەیاتێکی خەڵکی گوندەکەیان لە هەولێر دەرچووە و گەیشتووەتە ناوچەکانی دیکەی کوردستان، لەوانەش عەبدولڕەحمان برایم، نوورەدین برایم، مام عەلی خەیات، حاجی جەمیل و مەلا حوسێن خەتێیی کە ئێستا وازی لە پیشەکەی هێناوە و خەریکی بازرگانیی قوماشە.

دیمەنێکی گوندی خەتێ

 


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved