لە قەزای تەقتەق ١٣٠٠ حەوزی بەخێوكردنی ماسی هەیە، كە بووەتە سەرچاوەیەكی سەرەكیی دابینكردنی ماسی بۆ هەرێمی كوردستان، هەروەها هەناردەی چەند شارێكی عێراقیشی دەكەن، بەم هۆیەوە نزیكەی ٩٠٪ی دانیشتوانی سنوورەكە بژێوییان لەسەر بەرهەمی ماسییە.
شەقامەکانی تەقتەق پڕن لە شوێنی ماسی برژاندن و بەحەوزی بچووكی ماسییەوە دەورە دراون، بۆنی ماسیبرژاندن ناو بازاڕی پڕ كردووە، خەڵك لە ناوچەكانی دیكەی كوردستانیشەوە دەچن بۆ خواردنی ماسیی تەقتەق.
ئەو ناوچەیەی هەولێر بەهۆی ئەوەی کەوتووەتە سەر زێی بچووک و كەشێكی لەباری هەیە بۆ بەخێوكردنی ماسی، زۆرینەی خەڵكی سنوورەكە خەریکی بەخێوکردنی ماسین و ساڵانە بەرهەمێکی زۆر ڕەوانەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و شارەکانی عێراقیش دەکەن.
ئارام سمایل گەنجێكی تەمەن 35 ساڵە و لە گوندی موخەرەس سەر بەقەزای تەقتەق قسە بۆ (گڵكەند) دەكات و دەڵێ ماسیی سنوورەكەی ئەوان پاكژترە، چونكە دەكەوێتە سەر زێی بچووك و ئاوەكەی خاوێنە، بۆیە تام و بۆنیشی خۆشترە لە ماسیی ئەو حەوزانەی نزیكی زێ و ڕووبارەكان نین.
ئارام دەشڵێ گوندەكەیان نزیكەی 120 ماڵە، لەو ژمارەیە 115 ماڵ ماسی بەخێو دەكەن، ئیدی خەڵكی سنوورەكە كار و پیشەیان ماسی بەخێوكردنە و بەردەوامیش حەوزی ماسی لە زیادبووندایە.
ئاماژەش بەوە دەدات كە گرفتی سەرەكیی ئەوان نەخۆشیی ماسییە كە بەم هۆیەوە هەندێ جار ماسییەكان لەناودەچن و دەمرن، دەشڵێ دەرمان و خۆراكی ماسی گرانە، لەم بارەوە زۆر جار ڕووبەڕووی زەحمەتی دەبنەوە.
لای خۆیەوە دڵشاد عەلی محەمەد لێپرسراوی هۆبەی سامانی ئاژەڵ و ماسی لە بەشی كشتوكاڵی قەزای تەقتەق باس لەوە دەكات كە سنووری تەقتەق و گوندەکانی دەوروبەری بووەتە گەورەترین ناوەندی بەخێوکردن و بەرهەمهێنانی ماسی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراقیش.
دەشڵێ بەپێی دوایین ئاماری 2024، لە ماوەی شەش مانگ بەدواداچووندا، بۆیان دەركەوتووە نزیکەی 1300 حەوزی ماسی هەن، هەریەكە بەڕووبەری جیاواز، کە بچووکترین حەوز زیاتر لە دۆنمێک زەوییە و هەر دۆنمێکیش ساڵانە دوو تۆن و نیو بۆ سێ تۆن بەرهەمی گۆشتی ماسی دەدات.
دڵشاد عەلی ئاماژەی بەوەش دا كە لەمێژە خەڵكی سنوورەكە ماسی بەرهەم دەهێنن بەوەش بووەتە ناوەندێكی بەرهەمهێنانی ماسی لە هەرێمی كوردستان و نزیكەی ٪30ی پێداویستیی ناوەخۆ پڕ دەكاتەوە و بژێویی خەڵكی ناوچەكەش دابین دەكات، جگە لەوەش هەلی كاری زۆری ڕەخساندووە، چ وەك بەخێوكەری ماسی یان ماسی گواستنەوە، فرۆشتن و دوكانی برژاندنی ماسی.
ئەوەشی نەشاردەوە کە کۆمەڵێک گرفت لە بەردەم خاوەن پڕۆژەکانی ماسی هەن، وەک گرانی ئالیک و پێداویستییەکانی حەوز و نەخۆشییەکانی ماسی بەتایبەتی نەخۆشیی کەڕوو کە ساڵانە لە وەرزی بەهار تووشی حەوزەکانیان دەبێت و تا ئێستا وەکو پێویست چارەسەری بۆ نەدۆزراوەتەوە.
ئەو بەرپرسەی حكوومەت باس لەوەش دەكات كە بەهۆی ئەوەی ماسیی تەقتەق تا شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەڕوات، خواستی زۆری لەسەرە و تا بەسڕاش ڕۆیشتووە، بەڵام هەندێک جار ڕێگرییان بۆ دروست دەبێ لە کاتی بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانیان لە بازگەکانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، جا یان ڕێگرییان لێ دەكەن یان داوای بەرتیل و پارەیان لێ دەكەن.
دڵشاد عەلی ئەوەشی ئاشكرا كرد كە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا 50 تا 60 تۆن ماسی لە سنوورەكە بەرهەم دێت.
شەماڵ عەبدولڕەزاق گەنجێكی دیكەی سنوورەكەیە و نۆ ساڵە شوێنی ماسی برژاندنی هەیە لە گوندی سەرکەڵەکی تەقتەق و پێی وایە ماسیی تەقتەق لە حەوزەکانی سەر زێی بچووک بەخێو دەکرێن، بۆیە تامیان لە ماسیی ناوچەكانی دیكە خۆشترە.
ئاماژە بەوەش دەدات كە جگە لە خەڵکی تەقتەق، خەڵکی تریش لە کۆیە سەردانی دەکەن و زۆربەی کڕیارەکانی گەشتیارانن، كە لە شارەكانەوە دێن، بەتایبەت لە هەولێرەوە دێن بۆ ماسی خواردن.