هونەرەكی دیكە هەیە بەناوی مەنەلۆج، كە وشەكی لاتینییە (monolog)، مۆنۆ بە واتای تاك، تاكە كەس، لۆگیش واتە گفتوگۆ، واتە كەسێك بەتەنێ بە شێوەی تەنز گۆرانی دەرێ و ڕەخنەی دەگری، كە شێوازەكی گۆرانی گۆتنی تەنزئامێزە و باسی كێشە و دیاردە و دەردە كۆمەرایەتییەكان دەكا و زەقی دەكاتەوە و چارەسەریشی لۆ دادەنێ.
ئەو شێوازە هونەرییە یەكەم جار لە شاری هەولێرێ لە سەرەتای حەفتاكان لەسەر دەستی هونەرمەند سابیر عەبدولڕەحمانی سەریهەردا، ئەو یەكەم كەس بووە لە كوردستانێ دەستی بە مەنەلۆجی كردیە و هەتا سەرەتای هەشتایەكان بەردەوام بووە، سابیر ماوەكی ژیانی لە دەشتی هەولێرێ بردتە سەری و لە خۆشی و ناخۆشییەكانی خەركی ئاگادار بووە، لۆیێ هەرچی كێشە و گرفتی كۆمەرایەتی بووە، لە شێوەی مەنەلۆج گۆتیتی و چارەسەری لۆ دانایە، هەر لە هەوێداری هەتا شوفێری و گرانجانی دوكاندار و كەمی مووچە و نەخیندنی قوتابییان، لە ماوەی ئەو دە دوازدە سارەی ئیشی كردیە (10)مەنەلۆجی تۆمار كردیە، ئەوانیش بە ناوەكانی (كاكی شوفێر، دەردی كۆمەڵ، بازاڕی فرتوفێڵ، هەوێداری، داخوازی، ئەی قوتابی، بابە مەمدەن بەو پیرە، ئامانە وەی ئامانە و بووك و خەسوو).
پاشان ئەو بەرهەمانەی لە تەلەفزیۆنی كەركوكێ تۆمار كردیە و دەنگدانەوەكی زۆری هەبوو، تۆماركردنەكە جۆرەك لە تەمسیلیشی لەگەر بووە، هەتا خەركی بەجوانی لە مەنەلۆجەكان تێبگەن، شیعری ئەو مەنەلۆجانە ئی عەزیزی مەلای ڕەش، شێخ عەبدووڵلا شێخ عەبدولكەریم ئۆمەراوەیی و خۆی بوون، ئاوازەكانیش ئی ڕزگار خۆشناو، محەمەد قەدری و بەهائەددین هەولێری بوون.
كاتی خۆی ئەو بەرهەمانە بە ڕەش و سپی لە تەلەفزیۆنی تۆمار كرابوون، سابیر لە پاش ڕاپەڕینی1991 هەندەك لەو بەرهەمانەی دووبارە لۆ تەلەفزیۆنەكانی كوردستانێ بەڕەنگاوڕەنگی تۆمار كردەوە و پەخشیش كران، لە پاش سابیر عەبدولڕەحمانی چەند كەسەكی دی ویستیان مەنەلۆجی برێن، بەران هیچیان نەگەیشتنە ئاستی وی و نەیانتانی وەكی وی جوان بیرێن و پەنجە لەسەر دەردە كۆمەرایەتییەكان دابنێن و چارەسەریان لۆ بدۆزنەوە.