هەڵوێستی ڕۆشنبیران
هەڵوێستی ڕۆشنبیران

هەر فەرتەنەیەک ڕوو دەدات لە کوردستان، خەڵک بێ ئەوەی بزانن مەسەلە چییە جوێن بە حزبەکان دەدەن، پاشان، هەزار و یەک قسە بە ڕۆشنبیران دەڵێن، گوایە هەڵوێستیان نییە. هەندێ نموونەی فەرتەنە: مووچە، گەندەڵی، لافاو، کەم ئاوی، کێماسیی خزمەتگوزاری، لیستەکە درێژە و نابڕێتەوە.
ئەرێ ئیشی ڕۆشنبیر ئەوەیە بەگژ دەسەڵاتدا بچێت و ملی لەبەر ملی بنێ؟ نا، ئەوە ئیشی پەرلەمان و یاسایە. ئەرێ سیفەتی ڕۆشنبیر ئەوەیە ببێتە بندیواری حزبێک یان لایەنێک؟ نا، ڕۆشنبیر دەبێ سەربەخۆ بێت، لایەنگیرییەکەی تەنێ لە هۆڵی دەنگدانە، ئەویش نهێنییە.
ئەرێ ئیشی ڕۆشنبیر ئەوەیە دەستت بگرێت و ببێتە فریادڕەست؟ نەخێر. ئەدی ڕۆشنبیر چ بکات، هەڵوێستی چ بێت لە کاتی پشێوی و ستەمدا؟
لەم گەڕەلاوژەی سۆشیال میدیادا، لەم ڕک بەڕکانێ و بێ سەروبەرییەدا، ڕۆشنبیر هەرچی بڵێ، یەکسەر دەیخەنە پاڵ حزبێک یان لایەنێک، یانیش دەیکەن بە ناپاک و سەت ناو و ناتۆرەی پێوە دەنێن.
هەر کوێ بێتە دەنگ، دەڵێن ئەوە پارتییە یان یەکێتییە یان ئیسلامییە. ڕۆشنبیر هەرچی بڵێ پیاوخراپ دەبێ و بەجۆرێک بەسەریدا دەشکێتەوە. ئەدی چی بکات؟ ئەدی ئیشی ڕۆشنبیر ئەوە نییە ڕای گشتی دروست بکات؟ با. بەڵام با ئەم پرسیارەش بکەین: چما خەڵك بەگوێی ڕۆشنبیران دەکەن؟ ئەرێ خەڵک پڕۆژەی ڕۆشنبیران دەخوێننەوە، یان تەنیا گوێ لە تیکتۆكچییان دەگرن؟
با هەتا ئێوارێ ڕۆشنبیر بنووسێ و پڕۆژەی هەبێ، فلسی سووتای ناهێنێت، ئەگەر خەڵک وشیار نەبێت، بەس کای لە مێشکیدا بێت. ئەمن باسی ڕۆشنبیری ڕاستەقینە دەکەم، ئەوەی پێشتر پێناسەم کرد. بەڵێ ڕۆشنبیری ڕاستەقینە هەیە و پڕۆژەی زۆر باشیشیان پێیە، بەس کێ بە ڕبەی وان شت دەپێوێت؟
یەک لەبارە خۆم، زۆر جار، چ بە نامە، چ ڕووبەڕوو، ئەوەیان بە چاو دادایمە: ئەرێ ئەتو هەڵوێستت چییە؟ ئەمنیش دەڵێم، هەڵوێستی من وا لەنێو کتێبەکانمە، وا لەنێو وتارەکانمە، بەس کە ئەنگۆ نەخوێننەوە ئەمن چ بکەم. کە دەسەڵات فشەی پێ بێ، ئەمن چ بکەم؟ خۆ نایەم لەسەر جادەی بە موکەبیرە هاوار بکەم.
لەبەر هەندێ، پێش ئەوەی جوێن بدەی و بێ هەڵوێست پێشانم بدەی، ئیش لەسەر وشیاریت بکە، چاوت بکەوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved